بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، پێشنیازمان کردووە دوای ئەوەی کامێرای تیژڕەویی کەوتنەکار، تاسە لە هەندێک شوێن هەڵدەگرین و لە هەندێک شوێنی پێویستیش زیادی دەکەین.
عەمید ئاسۆ محەمەد بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، "هەندێک یوتێرن و تاسە هەن کە دەبنە هۆی رووداوی هاتووچۆ و قەرەباڵخی، بۆیە بە پێویستمان زانی پلانێکی نوێ بۆ شەقامەکانی هێڵی خێرا و گەڕەکەکان دابنێین، بۆ سەلامەتی گیانی شۆفێران و هاووڵاتییان."
بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، لە زۆربەی شەقام و گەڕەکەکانی سلێمانی هەندێک تاسە دانراون کە شوێنەکانیان هەڵەیە، هەندێک شوێنیش هەن پێویستیان بە تاسەیە و دروستیان دەکەن.
لەبارەی کامێرای تیژڕەوییەوە ، عەمید ئاسۆ محەممەد گوتی، لە رێگە خێراکان وەکو شەقامی پێشمەرگە و رێگەی تاسڵوجە بۆ سلێمانی، کامێرای تۆمارکردنی خێرایی دادەنێین کە ئێستا لەژێر چاودێریدان و ماوەیەکی دیکە دەکەونە کار، ئەو کات پێویست بە تاسە ناکات و لادەدرێن.
بە وتەی بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی، کۆمەڵێک رێکار هەن، ئەوان جێبەجێیان دەکەن و دواتر کار لەسەر ئەم بابەتە دەکرێت.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 23 کامێرای جێگیری تۆمارکردنی تیژڕەویی لەناو شاری سلێمانی کەوتوونەتەکار.
