ئه‌پیكور په‌یامێك ئاراسته‌ى حكومه‌تى عێراق ده‌كات

عیراق

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8434 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان دەکات بۆ گەیشت بەڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا.


کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) ڕاگەیه‌ندراوێکی لەبارەی گفتوگۆکانی کۆمپانیاکانی نەوت کە لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن، لەگەڵ حکومەتی عێراقی‌و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوەو ده‌ڵێت:"کۆمپانیاکانی بواری نەوت‌و ئەندامی کۆمەڵەی ئەپیکور بەشدارییان لەکۆبونەوەی 20ی ئه‌م مانگه‌ى نێوان حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیاوە کرد، بەڵام بەداخەوە لەکۆبونەوەکە نەگەیشتینە ڕێککەوتن".
 
ئەپیکور لەڕاگەیه‌ندراوەکەیدا لەبارەی مەرجەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت باس لەوەدەکات، "کۆمپانیاکانی ئەندامی کۆمەڵەی ئەپیکور ئامادەن دەستبەجێ هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا دەستپێبکەنەوە، هەرکاتێک ڕێککەوتنێک بکرێت کە دڵنیایی لەپێدانی پارەی کۆمپانیاکان بدات، لەسەر بنەمای مەرجەکانی گرێبەستە بەرکارەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، هەروەها تەواوی ئەو بڕە قەرزەشی ماوە بەکۆمپانیاکان بدرێنەوە".

له‌و ڕاگەیه‌ندراوەدا کۆمەڵەكه‌ ده‌ڵێت:"ئەپیکور پێویستی حکومەت بۆ دڵنیاییدان لەجێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق دوپاتدەکاتەوە، بەڵام تێبینی ئەوەشمان کردوە گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم کە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت لەلایەن دادگەکانی عێراقەوە بەیاسایی‌و ڕەوا دانیانپێدانراوە؛ هەربۆیە، هەر ڕێککەوتنێک بۆ پێدانی پارەی کۆمپانیاکان دەبێت شێوازی کاری ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتی بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق‌و گرێبەستە بەرکارەکانی کۆمپانیاکانی نەوت لەخۆبگرێت".
 
ئاشکرایکردوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، چەندین پێشنیازیان بەحکومەتی فیدراڵی‌و هەرێمی کوردستان داوەو "پێشنیازو ڕاسپاردەکان بریتیبون لەپێشنیازی شێوازی کارکردنی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی کە لەسەر بنەمای یاسای بودجەی عێراقی‌و گرێبەستی کۆمپانیاکانە، بەڵام تائێستا ئەو پێشنیازە پەسندنەکراوە".
 
سەبارەت بەپێشنیازی ئەپیکور بۆ دڵنیایی لەپێدانی پارەی هەناردەکردنی نەوت لەداهاتودا، ئەو کۆمەڵەیە ڕایگەیاندوە، "هەردوو حکومەتی فیدراڵ‌و هەرێم ئامادەیی خۆیان بۆ ڕەچاوکردنی بژاردەکان نیشانداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هیچ گفتوگۆیەکی بنەڕەتی لەبارەی ئەو دڵنیاییانە لەپێدانی پارە نەکراوەو هیچ بەرەوپێشچونێکیش لەوبارەیەوە نەبوە".

ئەپیکور باسى له‌وه‌شكردوه‌، "حکومەتی عێراق بەردەوام جەخت لەگرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەکاتەوە، بەڵام هەوڵ‌و هاوئاهەنگییەکان بەو ئاراستەیە، سنوردارو بێئەنجامبون، بۆیه‌ داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان ده‌كه‌ین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش".

مایڵز کاگینز وتەبێژی کۆمەڵەی ئەپیکور لەوبارەوە ڕاشیگەیاندوە، "کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور، چەندینجار پێشنیازیان بۆ ئەو کێشەیە خستوەتەڕوو لەسەر بنەمای یاسایی بودجەی عێراق‌و هاوتەریب لەگەل گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی نەوت؛ بەڵام لەنەبونی بەرەوپێشچونی ئەو پرسە، نیگەران‌و بەداخین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئێمە لەهەوڵەکانمان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بەردەوامدەبین".