شارپرێس:
سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سەربازیی ڕوسیا، پشڕاستیکردهوە کە سوپای کۆریای باکور بەشداریی شەڕەکەیانی لەگەڵ ئۆکرانیا کردوە، هاوکات ستایشی ڕۆڵەکەیان دەکاتو بەقارەمان ناویان دەبات.
سوپاسالاری ڕوسیا بۆ یەکەمجار ڕایگەیاند، سوپای کۆریای باکور هاوشانی سوپای ڕوسیا لەکورسک شەڕیان کردوە.
ڤالێری جیراسیمۆڤ سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سەربازیی ڕوسیا ستایشی بەشداریی سەربازانی کۆریای باکوری لەکورسک کردو وتی:"کۆریای باکور پیشەییانە، خۆڕاگرانە، بوێرانەو قارەمانانە شانبەشانى سەربازانی ڕوسیا شەڕیان کردوە".
هاوکات بەگوێرەی سوپای کیێڤ، کۆریای باکور نزیکەی 14 هەزار سەربازی بۆ ڕوسیا ناردوە، بەهۆی نەبونی ئۆتۆمبێلی زرێپۆشو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو شارەزانەبونی سەربازەکان سوپای کۆریای باکور، زیانێکی زۆریان بەرکەوتوە.
وتیشی، "کۆریای باکور سیستەمی موشەکی، تۆپخانە، موشەکی بالیستیکی بۆ ڕوسیا دابینکردوە".
شەممە 26ی نیسانی 2025، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا، پیرۆزبایی لەهێزە سەربازییەکانی ڕوسیا کرد بەبۆنەی ئەو سەرکەوتنەی بەسەر هێزەکانی ئۆکرانیا لەکۆرسک بەدەستیانهێناوە.
جهختیكردهوه، ئەو سەرکەوتنە وادەکات پێشڕەوییەکانی هێزی ڕوسیا بەردەوامبێتو کۆتایی بەسیستەمی نوێی نازیی بێنن.
سەرۆکی ڕوسیا لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا وتی:"یارییەکانی ئۆکرانیا بەتەواوی کۆتاییانهات، لایەنی ئۆکرانی گورزی گەورەیان بەرکەوتوە، لەگەڵ ئەوەی هێزەکانیان ڕاهێنراونو بەچەکو جبەخانەی ئەوروپی پڕکرابون بۆ جەنگ، بەڵام لەهەموو بەرەکان شکستانهێناوە".
