له‌باره‌ى ڕۆژى نزاى نیشتمانى سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتواى هه‌رێم هاته‌ده‌نگ‌و ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات

کوردستان

17 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 13969 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتواى هه‌رێم له‌باره‌ى ئه‌و پرسیارانه‌ى ئاراسته‌یان كراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ڕۆژى نزاى نیشتمانى له‌هه‌رێمى كوردستان هاته‌ده‌نگ‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەگەر مەبەست پڕۆژەی بەناو ئایینی ئیبراهیمی بێت کە غەرب برەوی پێدەدات، ئەوا نەک حەرامە، بەڵکو کوفرەو موجیبی غەزەبی پەروەردگارە"، ده‌شڵێت:"دروست نییە لەخاکی ئیسلامدا برەو بەئەهلی شیرک‌و عەقیدەی موشریکان‌و کافران بدرێت".


دوێنێ مه‌لا ئیدریس ژاڵه‌یى به‌رپرسى لقى گه‌رمیانى یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلامى له‌نوسراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست شارپرێس كه‌وتوه‌ ده‌ڵێت:"لەگەڵ برایانم لەلقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی، داواى ڕونكردنه‌وه‌كه‌مان كردوه‌ سەبارەت بەمەراسیمی ڕۆژی نزای نیشتمانیه‌ لەهەولێری پایتەخت‌و ئەو دەنگۆیانەی کە گوایە ئەم بۆنەیه پەیوەندیی هەیە بەوەی کە  ناسراوە بەئاینی ئیبراهیمی، بەنوسراوی فەرمی لەسەرۆکایەتی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان داوای ڕونکردنەوەمان کردوه‌".

له‌وه‌ڵامیشدا پ.د شێخ حه‌سه‌ن موفتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەگەر مەبەست پڕۆژەی بەناو ئایینی ئیبراهیمی بێت کە غەرب برەوی پێدەدات، ئەوا نەک حەرامە، بەڵکو کوفرەو موجیبی غەزەبی پەروەردگارە، هەرکەسێکیش جگە لەئیسلام بەدوای ئایینێکی تردا بگەڕێت، ئەوا لێی وەرناگیرێت‌و لەڕەنجبێبەران‌و خەسارەتمەندان، هەر نزایەک بێ هودەیەو نەتیجەی خۆڵبارینە".

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتواى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "دروست نییە لەخاکی ئیسلامدا برەو بەئەهلی شیرک‌و عەقیدەی موشریکان‌و کافران بدرێت، وێناکردنی هەر بیروباوەڕێک وەک بیروباوەڕی ئیسلام یان ئسلام‌و غەیری ئیسلام وەک یەک وێنابکرێن ئەوا کوفرە، نەتەیجەی هەر تەنازولێک بۆ گاورو جولەکە سەرگەردانی خەجاڵەتی دونیاو قیامەتی بەدوادادێت".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "ئەگەر مەبەستیش تەنها نزاکردنێک بێت پێکەوە ئەوا ڕەنگە مەجالێکی تیادابێت، چونکە تۆ لەڕوی شەرعەوە ناتوانێت بەکەس بڵێیت نزا مەکە، ئەمە بەمەرجێک نزاکاران تێکڕایان لەئەهلی تەوحیدو یەکتاپەرستی بن، ئەگەرنا هەر نزایەک بێهودەیەو نەتیجەی خۆڵبارینە وەک مامۆستای پێرەمێردیش فەرمویەتی: خۆڵبارین لەئەسڵدا بەردبارینەو خودا بەلەبەر خاتری حەزرەتی پێغەمبەر د.خ غەزەبەکەی سوکكردوەو کردویەتی بەخۆڵ".

 ڕۆژى 23ی نیسانی 2025، بەئامادەبونی مه‌سعود بارزانی‌و سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆکی حکومەتی هەرێم‌و ژمارەیەکی زۆر لەبەرپرسانی باڵاو سەرکردەکانی عێراق‌و هەرێمی کوردستان‌و جیهان‌و پەرلەمانتارانی وڵاتانی دونیاو نوێنەرانی حکومەتەکان لەئەمریکا، ئەوروپاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەژێر دروشمی (بەرەو یەکبون لەباوەڕدا)، ڕۆژی نزای نیشتمانی لەکوردستان بەڕێوەچوو.