وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، لە گەڕی سێیەمی دانوستانەکانیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕازین.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تەلەفیزیۆنی فەرمیی ئێرانی وتوە: گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لە چاو گەڕەکانی پێشوو جددیتر بوو، ئێمەش قووڵ بووینەوە لە وردەکارییە تەکنیکییەکان .
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئەمڕۆ ڕازی بووین، بەڵام تا ئێستا ناكۆكی لهنێوان ههردوو لایهنی ئێرانی و ئهمهریكی ههیه.
لەبارەی دانوستانی داهاتوو، عراقچی، گوتی: شەممەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا بەڕێوە دەچێت، بەڵام عوممان ئەم جارە شوێنەکە دیاریی دەکات.
جەختی لەوەش کردەوە، "هەردوو لایەن ئیرادەی خۆیان بۆ پێشکەوتنی دانوستانەکان پیشان داوە، بەڵام هەندێک جار ئیرادە بەس نییە بۆ ڕێککەوتن، ڕەنگە ناکۆکییەکان ئەوەندە قووڵ بن کە نەتوانین ڕێکبکەوین".
عێراقچی، وتیشی: کاتێک ئێمە سەردەکەوین کە هەردوولا بە بەشێک لە ویستەکانیان بگەن و بگەنە ئاستێک لە ڕەزامەندی، بەڵام ئەمە شتێکی دژوارە و کاتی دەوێت، بەشێک لە ناکۆکییەکانی ئێمە زۆر قووڵن.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، کە هیوادارە بە خێرایی بەرەوپێشەوە بچن، ئەزموونی جاری پێشوومان یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی دانوستانەکان ئاسانتر بن، بە گشتی پێم وایە تا ئێرە باش هاتووین.
دەشڵێت: لە دانوستانەکانی گەڕی داهاتوو شارەزایانی ئاژانسی ئەتۆمیش بەشدار دەبن، هەروەها بابەتی دانوستانەکان تەنیا پرسی ئەتۆمییە و لەسەر هیچ بابەتێکی دیکە دانوستان ناکەین.
عەباس عێراقچی، وتیشی: پرسی ئەتۆمی مانای وایە لەسەر متمانە دروستکردن سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە بەرانبەر لادانی گەمارۆکاندا دانوستان دەکەین.
