سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی سوریا و رۆژئاوای كوردستان ئاشكرایدەكەن، ناردنی هێزێكی گەورەی سوپای سوریا بۆ بەرەكانی شەڕ دژی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە بەنداوی تشرین لە سنوری حەلەب دەستیپێكردووە.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەك ئامانجی هاتنی ئەم هێزانە بۆ كۆنترۆڵكردنی بەنداوی تشرینە كە لە بن دەستی هێزەكانی هەسەدەدایە.
سەرچاوەكان دەڵێن، ئەم هێزەی سوپای سوریا لە ناوچەكانی نزیك بەنداوی تشرین جێگیركراوە و خەریكی دروستكردنی بنكە و مۆڵگەی سەربازین وەك ئامادەكارییەك بۆ كۆنترۆڵكردنی بەنداوەكە.
ئەم جموجۆڵەش دوای ئەوە دێت سەرۆكایەتی سوریا هۆشداریی دایە هێزەكانی سوریای دیموكرات لە هەر پلانێك كە داوای فیدرالیزم بكات و جەختی لەوە كردەوە كە یەكێتی سوریا هێڵێكی سوورە.
ئەم رووداوەش لەكاردانەوەی كۆنگرەی یەكڕیزی كوردە كە رۆژی شەممە لە رۆژئاوای كوردستان بەسترا.
بەشێك لەسەرچاوەكانی دیكە باس لە دەستپێكردنی جوڵەی درۆنەكانی توركیا لە سنوری بەنداوی تشرین دەكەن دوای ماوەیەك لە ئاگربەستی نێوانیان.
تائێستا بەفەڕمی نە دیمەشق و نە هەسەدە رونكردنەوەیان لەسەر ئەم جموجۆڵانە نەداوە.