سه‌رۆك كۆمار یاساى به‌پارێزگابونى هه‌ڵه‌بجه‌ى واژۆكرد

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5405 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجەی واژۆكردو چاوەڕوانده‌كرێت هەفتەی داهاتوو لەڕۆژنامەی وەقائیعدا بڵاوبکرێتەوە.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ د.لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق واژۆى لەسەر یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە کرد.

دوای واژۆكردنى لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراقەوە، یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە دەنێردرێتە وەزارەتی دادو دواتریش لەڕۆژنامەی فەرمیی عێراق (وەقائیع)دا بڵاودەکرێتەوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ د.ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەپۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی فه‌یسبوک نوسیویه‌تى، "ڕۆژی دوشەممەی هەفتەی داهاتوو 5ى 5ى 2025 یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە لەڕۆژنامەی فەرمیی عێراق (وەقائیع) بڵاودەکرێتەوەو لەو ڕۆژەوە، هەڵەبجە بەفەرمی دەبێتە 19مین پارێزگای عێراق".

پڕۆژەیاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە ڕۆژی 14ى ئه‌م مانگه‌ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکرا، پێشتریش نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت ڕایگەیاندبوو، دوای بڵاوبونەوەی یاسای بەپاڕێزگاربونی هەڵەبجە لەڕۆژنامەی وەقائیع، لەگەڵ حکومەتی هەرێم‌و وەزارەتی ناوخۆو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕێکارە ئیدارییەکان دەگرنەبەر، بۆ ئەوەی هەموو ماف‌و شایستە دارایییه‌كانی تایبەت به‌قەرەبوکردنەوەو بەرزکردنەوەی موچەی کەسوکاری شەهیدان‌و پەرەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە بەدەستبهێنن.