شارپرێس:
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی نوێی بۆ تۆمارکردنی تاکسی دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوەو وهزارهتى ناوخۆى ههرێمیش زانیاریى زیاتر لهوبارهیهوه ئاشكرادهكات.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕاگهیهنراوێكى بڵاوكردوهتهوهو نوسیویهتى، "بهگوێرهى ڕێنمایی ژمارە 3ی ساڵی 2025، تۆمارکردنی تاکسی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێکردن، بەنوسراوی ژمارە 12هەزارو 871 لەهەنگاوێکی نوێدا وەزارەتی ناوخۆ بەئامانجی نوێکردنەوەی تاکسی لەسەرتاسەری هەرێمو بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ژینگەو باشترکردنی خزمەتگوزاری سەرنشینەکانو جێبەجێکردنی ستانداردی تەکنیکی نوێ، دەرگای تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دوای چەندین ساڵ وەستان، دەکاتەوە".
وەزارەتی ناوخۆ ڕاشیگەیاندوە، "بهگوێرهى ڕێنماییە نوێیەکە، تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانەی ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەییو تەکنیکییان تێدایە، هەروەها بەشێوەی یاساییو فەرمی هێندراونەتە هەرێم، مافی تۆمارکردنییان وەکو تاکسی دەبێت، لەوانە: ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە تەنها بەبەنزین کاردەکەن، ئەو ئۆتۆمبیلانەی لەبنەڕەتدا تەنها بەغازی شل (LPG) کاردەکەن، هەروەها ئۆتۆمبێلی هایبریدو ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی (EV)، ئاسانکاری تۆمارکردنیان وەکو تاکسی بێ ڕسومات بۆ کراوە وەکو هاندان بۆ ئۆتۆمبیلی کەمخەرجیو دۆستی ژینگە".
ئهوهش هاتوه، "بەگوێرەی ئەو ڕێنماییە هیچ ژمارەیەکی تاکسی لەسەر ئاستی کوردستان زیاد نابێت، بەڵکو ئەو تاکسیانەی هەن خاوەنەکانیان دەتوانن سود لەتابلۆکانیان وەربگرن بۆ تاکسی مۆدێل نوێ (کە ژمارە کاتی بن یان ئۆتۆمبیلی دوایین سێ مۆدێل تۆمارکراوبن)و تاکسییە کۆنەکانیش بکرێنەوە ئۆتۆمبێلی تایبەتو تابلۆی تایبەتیان بێ خەرجی دارایی پێدەدرێت".
لهبهشێكى دیكهى ڕاگهیهنراوهكهدا وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردوە، بەگوێرەی ڕێنماییە نوێیەکە، ڕەنگی تاکسی نوێ هەمان ڕەنگی تاکسی کوردستان بەکۆدی (4Q0) دەبێتو خاوەن تاکسی دەتوانێت لەکوردستان بەم کۆدە تاکسییەکهی بۆیە (صبوغ) بکات یان لەکۆمپانیایەوە بەم ڕەنگو کۆدە بەردەست بێت بۆ کڕین، تاکسییە کۆنەکانیش بەگوێرەی خواستی خاوەنەکەی بۆیە دەکرێنەوە بەهەر ڕەنگێکی پەسندکراو جگە لەڕەنگی تاکسی".
وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت:"پێویستە ئۆتۆمبیلەکان تازە هاوردەکراوبنو پێوەرەکانی سەلامەتی، تەکنیکیو ژینگەیی تێدابێت کە لەرێنمایی هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل ژمارە 7ی 2021، هەموارکراودا دیاریکراون، تەنها ئۆتۆمبێلەکانی سێ ساڵی مۆدێلی کۆتایی پەسندکراون بۆ گۆڕین بۆ تاکسی".
لەڕێنماییە نوێیەکەدا، بۆ ئۆتۆمبیلی هایبریدو تەواوکارەبایی، 74 جۆرو بۆ ئۆتۆمبێلی بەنزین، 89 جۆر وەکو پاشکۆ دیارکراون کە ڕێگهپێدراون بۆ تاکسی بگۆڕدرێن.
