هێنانی کرێکاری بیانی لەپێنج وڵاتەوە قەدەغە ده‌كرێت

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5047 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی حكومه‌تى عێراق بڕیاریدا هێنانی کرێکاری بیانی لەپێنج وڵاتەوە قەدەغەبکرێت.


له‌وباره‌یه‌وه‌ حەسەن خوام وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ڕایگەیاندوە، بڕیاردراوە هێنانی کرێکاری بیانی لەوڵاتانی (سوریا، ئیندۆنیزیا، پاکستان، بەنگلادیش‌و فلیپین) ڕابگیرێت.

وتوشیه‌تى، "به‌گوێره‌ى یاسا دەبێت 80%ی دەستی کار ناوخۆیی بێت‌و 20%ی کرێکارانی بیانی بن، بۆیە وەزارەتەکە بەردەوام چاودێریی دەکات‌و هەوڵ بۆ خستنەسەر کاری هاوڵاتییانی ناوخۆیی دەدات".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ساڵى ڕابردوش سەندیكای كرێكارانی كوردستان داوای جێبەجێكردنی مەرج‌و ڕێنماییەكانی تایبەت بەهێنانی كرێكاری بیانی دەكات بۆ ناوخۆی هەرێم‌و ئەوە دەخاتەڕوو كە بونی كرێكاری بیانی كاریگەریی كردوەتەسەر كەمیی هەلی كارو ڕێژەی وەرگرتنی كرێی كاركردنیان‌و تازەكردنەوەی مۆڵەتی مانەوەی كرێكاری بیانیش لەكوردستان بەبێ جێبەجێكردنی ئەو مەرجانە، زیان بەئابوریی كوردستان‌و توێژی كرێكاران دەگەیەنێت.

ساڵانى ڕابردوو لەهەرێمی كوردستان ئامارێك بڵاوكرایه‌وه‌و تێیدا ئاشكراكرابوو، 151 كۆمپانیای هێنانی كرێكاری بیانی له‌هه‌رێمى كوردستان هەیە.