شارپرێس:
کۆنفراسی (ژن، ژیان، ئازادی) بەبەشداریی حه‌وت حزب‌و لایەنی سیاسیى ڕۆژهەڵاتی کوردستان له‌شارى كۆڵن-ى ئه‌ڵمانیا دەستیپێکرد، ئەندامێكى مەجلیسی بەڕێوەبەری پژاک-یش ده‌ڵێت، "پێنج ساڵه پڕۆژه‌یه‌كمان به‌حزبه‌كانداوه"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "سەردەمی خۆ بەمیحوەر زانین‌و خۆ بەپێشەنگزانین‌و خۆ بەبڕیاردەری سەرەکی زانین لەڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکشکێنراوه‌و كۆتا ده‌رفه‌تى یه‌كگرتویى هاتوه‌ته پێش".
سیامەند موعینی ئەندامی مەجلیسی بەڕێوەبەری پارتى ژیانى ئازادى كوردستان (پژاك) له‌كۆنفرانسه‌كه‌دا ئاشكرایكرد، "وەک پژاک ئامانجی سەرەکیمان ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو دواتر ئازادی گەلانی تری دانیشتوی ئێران".
وتیشى، "ئێمە وەک پژاک لەساڵی 2017وه پرۆژەیەکی 10 خاڵیمان ئاراستەی هەموو حزبەکانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان کردوه‌و وه‌ڵاممان وه‌رنه‌گرتوه‌ته‌وه".
به‌وته‌ى موعینى، "لەم قۆناغە هەستیارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و جیهاندا، کۆتا دەرفەت بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و یەکگرتویی حزبەکان بۆ پرۆژەیەکی هاوبەش هاتوه‌ته پێش‌و نابێت نادیده بگیرێت".
جه‌ختیشیكرده‌وه، "وەک پژاک ئامادەین بۆ هەر هاوپەیمانییەک کە لەخزمەت گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بێت، بیرمان نه‌چێت، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، سەردەمی خۆ بەمیحوەر زانین‌و خۆ بەپێشەنگزانین‌و خۆ بەبڕیاردەری سەرەکی زانینی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکشکاندوه، مێژوش هیچکات نامان بورێت‌و گەل حەسابی نایەکگرتوییمان لێدەخوازێت".
