شارپرێس:
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى ڕێكخراوى مافى مرۆڤى ههنگاو ئاشكرایكردوه، دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستانو ئێران بەتۆمەتی لەبەرکردنی جلی خاکیی کوردی بەردەوامە، لەنوێترین پێشهاتیشدا گەنجێکی کورد بەچوار مانگ زیندانیکردن سزادراوه.
نەشمیل عابدی ئەندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاشكرایكردوه، "عەلی دانشی هاوڵاتیی کوردو خەڵکی شاری مەھاباد، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانهوه، بەهۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکیی کوردی، سزای چوار مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوه".
بهوتهى نهشمیل، "عەلی دانشی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەوشارە بەهۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردیی خاکیو جامانە لەڕێوڕەسمی زەماوەندێک، سزای چوار مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا، بەدانانی بارمتەی دوو ملیارو 500 ملیۆن تمەنو بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازادکراوە".
ئهوهش ئاشكراكراوه، "لەماوەی ڕابردودا 58 هاوڵاتیی دیکەی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دانیشتوی مەهاباد، بۆکان، پیرانشارو شنۆ بون، بەتۆمەتی لەبەرکردنی جلی کوردیی ڕهنگ خاكیهوه، سزای سێ مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا".
لەم ساڵانەی دواییدا جلی کوردی بەڕەنگی خاکی لەناو بەشێک لەگەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوەتە باو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەمجۆری جلوبەرگە لەلایەن بەشێکی زۆری لەهێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەپۆشرێت.
عەلی دانشی بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی 5ى ئهم مانگه لەلایەن هێزەئەمنییەکانی ئێرانو بەبەکارھێنانی توندوتیژییو لێدان دەستبەسەرکراوە.
