شارپرێس:
چوارچێوەی هەماهەنگی کە هێزە سیاسییە شیعە دەسەڵاتدارەکان کۆدەکاتەوە، لەبارەی هەڕەشەکانی پەکخستنی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق لەڕێگەی خۆپیشاندانی جەماوەرییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە، سهركردهیهكى چوارچێوهكهش دهڵێت، "هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێتو هێزە عێراقییەکان توانای مامەڵەکردنیان هەیە لەگەڵ هەر کارێکی نایاسایی کە هەوڵی ڕێگریکردن لەپرۆسەی هەڵبژاردنی دیموکراسیدا دەدات".
حەسەن ئەلساری سەرکردەی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی بەئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاند، "دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەهۆی خۆپیشاندانی جەماوەری یان بەشێوەیەکی تر لەسەر ئیرادەی حکومەتی عێراقە، حکومەت جدییە لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بەبێ هیچ دواکەوتنێک".
ئەلساری ڕونیشیکردەوە، "حکومەتی عێراق هەموو ئەو سیناریۆیانەی داناوە کە ڕەنگە پرۆسەی هەڵبژاردنو میکانیزمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵیان پەکبخات"، جەختیشیکردەوە، "هێزە عێراقییەکان توانای مامەڵەکردنیان هەیە لەگەڵ هەر کارێکی نایاسایی کە هەوڵی ڕێگریکردن لەپرۆسەی هەڵبژاردنی دیموکراسیدا دەدات".
ئەو سەرکردە دیارە لەچوارچێوەکەدا لەکۆتایی لێدوانەکەیدا وتویهتى، "هەڵبژاردنەکان بەهیچ بارودۆخێکو بیانویەک پەکناخرێن، بەبێ هیچ دواکەوتنێک لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێتو ئەم بابەتە یەکلایی بوەتەوە".
سەرەتای ئەم مانگە، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداریدا لە "مەترسییەکی گەورە" ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامنەدرێت.
