زانیارییه‌كى گرنگ.. هه‌رێم 112 ملیۆن دۆلارى نوستوى له‌توركیایه‌و عێراق ده‌توانێت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ بكات

کوردستان

27/09/2025‌ 8077 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواى زیاتر لەدوو ساڵ‌و نیو له‌ڕاگرتنى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم بۆ به‌نده‌رى جیهان به‌بڕیارێكى دادگاى ناوبژیوانى پاریس، له‌وكاته‌وه‌ تائێستا ملیۆنێك‌و 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى هه‌رێم له‌كۆگاكاندا ماوه‌ته‌وه‌و ئێستا عێراق ده‌توانێت بیفرۆشێت، سه‌رچاوه‌یه‌كیش بۆ شارپرێس وتى، "ئێستا هه‌رێم بڕى 112 ملیۆن دۆلارى نوستوى هه‌یه‌ له‌توركیا".


 لە25ی ئاداری ساڵی 2023وە، بەهۆی سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا، دادگاى ناوبژیوانى پاریس، هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ڕاگیراوە.

دادگاکە لە 23ى 3ى 2023دا بەپشتبەستن بەهەموارکردنەوەی ڕێککەوتنی نێوان عێراق‌و تورکیا لەساڵی 2010، دەرەنجامی سکاڵایه‌كى عێراقی دژ بەتورکیا لەبەرژەوەندیی عێراق یەکلاکردەوەو تورکیای تۆمەتبارکرد بەپێشێلکاری لەهەناردەو گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان جگە لەڕاگرتنی نەوت داوای قەرەبووکردنەوەی کرد لەلایەن تورکیاوە بۆ عێراق بەبڕی (1.4) ملیار دۆلار، لە27ى 3ى 2023 هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهان ڕاگیرا.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ستكه‌وتون، ئه‌وكاته‌ى دادگاكه‌ى پاریس بڕیاره‌كه‌ى ده‌ركرد، دوو ملیۆن‌و 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌كۆگاكانى به‌نده‌رى جه‌یهان ماوه‌ته‌وه‌و نه‌فرۆشراوه‌، له‌و بڕه‌ش ملیۆنێك‌و 600 هه‌زار به‌رمیلى، نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئابوریش بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، "ئه‌و ملیۆن‌و 600 هه‌زار به‌رمیله‌ى نه‌وتى هه‌رێم به‌نرخى ئه‌مڕۆ له‌بازاڕه‌كانى نه‌وتدا، به‌رامبه‌ره‌ به‌112 ملیۆن دۆلار به‌نرخى بانكى ناوه‌ندیش بگۆڕدرێته‌وه‌ به‌پاره‌ى عێراقى، بڕى پاره‌كه‌ 147 ملیارو 840 ملیۆن دیناره‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشى، "بۆیه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئێستا هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستیپێكردوه‌ته‌وه‌، هاوكات كۆمپانیاى سۆمۆ ده‌توانێت ئه‌و نه‌وته‌ش بفرۆشێت‌و داهاتێكى باشى ده‌ستبكه‌وێت‌و بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی عێراق".

ئەمەش لەکاتێکدایە، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لەدوای ڕێککەوتنی سێقۆڵی حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و کۆمپانیا نەوتییەکان دەستیپێکردەوە.