شارپرێس:
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ شەممە سودانی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەر یەک لە؛ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی ئەنجامدا.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە پەیوەندییەکاندا سودانی پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی سەرکردە و هێزە کوردییەکان دەربڕی کە بەشداربوون لە گەیشتن بە ڕێککەوتنەکەی ئەم دواییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی بەرهەم هێنراو لە هەرێم و ڕادەستکردنی داهاتەکەی بۆ خەزێنەی ناوەندی و پابەندبوونیان بە پاڵپشتیکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق لە هەموو شوێنێک و یەکخستنی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم، کە بووە هۆی ڕێککەوتنەکە بەپێی بڕگەکانی دەستور و یاسای بودجە.
هەروەها جەخت کرایە لە گرنگی پەیڕەوکردنی هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی، کە دەبێتە هۆی پتەوکردنی گەشەپێدانی نیشتیمانی و پێشخستنی بەرژەوەندیی گشتگیری نیشتمانی و بەرجەستەکردنی ئامانجە هاوبەشەکان لە بەدیهێنانی پێشکەوتنی هەمەلایەنەی ئابوری و پاراستنی سامان و دابەشکردنی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر هەموو ڕۆڵەکانی گەلی عێراقدا لە سەرتاسەری وڵات.
هەروەها جەخت کرایەوە لەسەر پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنان لە عێراق، بەو پێیەی بزوێنەری سەرەکییە بۆ دروستکردنی گەشەسەندنی هەمەلایەن لە وڵات و هێنانەدی گۆڕانکاریی چۆنایەتی لە ئابووری عێراقدا.
