شارپرێس:
ئەمڕۆ شەممە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە گەرەنتی گەیاندنی سەرجەم نەوتی خاو کە لە کێڵگەکانی هەرێم بەرهەم دەهێنرێت بە بڕی 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
وەزیری نەوت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "وەزارەتی نەوت نوێنەرایەتی بەغدا دەکات کە بەرهەمی نەوتی خاو وەردەگرێت بەپێی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بە نوێنەرایەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا هەناردە دەکرێت، کە زیاتر لە دوو ساڵە ناچالاک بووە".
عەبدولغەنی دەشڵێت "پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بە ڕێکخراوی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) سپێردراوە کە ئەرکی بەبازاڕکردنی نەوتە لە وەزارەتی نەوت و حکومەتی عێراق و لەئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیشدا بۆ ئەم ئەرکە ڕێگەپێدراوە".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، ڕونیکردەوە "ئەو ڕێککەوتنە کە لە ٢٥ی ئەم مانگە واژۆ کراوە، سێ بڕگەی سەرەکی لەخۆدەگرێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پابەندە بە دڵنیابوون لە ڕادەستکردنی سەرجەم نەوتی خاو کە لە ١٢ کێڵگەی نەوت بەرهەم دەهێنرێت".
ئ.ه
