شارپرێس:
ئەمڕۆ یەک شەممە کاروانێکی دیکەی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پێگەکانی لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە دەروازەی سنوری وەلیدەوە بەرەو بنکەی هاوپەیمانان لە قەسرەک لە دەوروبەری حەسەکە ڕۆشتووە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، کاروانەکە لە ٣٥ بارهەڵگر پێکهاتووە کە کەلوپەلی سەربازی و لۆجستییان بارکردووە.
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی فوڕات، دوێنێش هێزەکانی هاوپەیمانان هێزی پشتیوانی سەربازییان لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئەمریکییەوە بۆ بنکەکەیان لە فڕۆکەخانەی خەراب جیر لە دەوروبەری ڕمێلان لە باکوری حەسەکە گواستبووەوە، کە سەربازی ئەمریکی و چەک و کەرەستەی قورسی سەربازی لەخۆگرتبوو، لە هەمانکاتدا هەلیکۆپتەری جەنگی بە ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕابووەوە.
ئ.ه