شارپرێس:
ئیدارەی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشوازی کرد لە ڕاگەیاندنی پێکهێنانی شانەیەکی هاوبەش بە ئامانجی گەڕاندنەوەی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپەکانی هۆڵ و ڕۆژ لەڕۆژئاوای کوردستان.
ئیدارەی خۆسەر کە یەکێکە لەپێکهاتە سەرەکییەکانی ئەم شانەیە، جەختی لەوە کردەوە، لە مێژە داوای لە وڵاتانی پەیوەندیدار کردووە، هاووڵاتییانی خۆیان لەو دوو کەمپە بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی توندڕەوی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر سوریا و ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەڵامدانەوەی خاو بۆ ئەم بانگەوازانە وایکردووە بە تەنیا ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی بەڕێوەبردن و ئاسایشی ئەو دوو کەمپە ببنەوە.
هەروەها ئیدارەی خۆسەر جەختی لە سەر پێویستیی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و شەفاف بۆ چەکدارانی داعش لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کردو ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی ئەم دادگاییکردنە لە سەر خاکەکەی وەک هەنگاوێک بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هەزاران قوربانییەی کە بەهۆی تیرۆرەوە گیانیان لەدەستدا، ڕاگەیاند.
ئ.ه