وتەبێژی پەیەنەکە : ئێمە سوریایەکی دیموکراسی لامەرکەزیمان دەوێت

ڕاپۆرت

13/02/2025‌ 969 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس- کەنداڵ جودی، دژوار موسا

 بەرپرسێکی باڵای ڕۆژئاوای کوردستان،  ڕایدەگەیەنێت کە ئامادەکاری دەکەن بۆ بەستنی کۆنفڕانسی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و ڕایگەیاند: "سوریا پێویستی بە کۆماری دیموکراتی سوریا و سیستمێکی لامەرکەزی هەیە، جگە لەوەش کشانەوەی ئەنەکەسە لە هاوپەیمانی ئۆپوزسیۆنی سوریا بە ئەرێنی دەبینین".

سەما بێگداش، وتەبێژی بەرەی حیزبەکانی پەیەنەکە و هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی پەیەدە، لە چاوپێکەوتنێکی شارپرێسدا سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی و هەڵوێستیان سەبارەت بە کشانەوەی ئەنەکەسە لە هاوپەیمانی ئوپۆزسیۆن، هێرشەکان لە ڕۆژاڤا و چۆنیەتی بنیاتنانی ڕۆژئاوا قسەی کرد. 
 
 شارپرێس: پرسیاری سەرەتایی ئێمە ئەوەیە  کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ کوردانی ڕۆژاڤای کوردستان ئامادە دەکرێت، ئایا ئامادەکارییەکانی ئەم کۆنگرەیە بە کوێ گەیشتووە؟ 
 بێگداش: بڕیاری بەستنی کۆنفرانسی نەتەوەیی بۆ ڕۆژاڤای کوردستان لە ئەنجامی بڕیاری کۆبوونەوەی لۆزانە.  سەرەتا لە ڕێگەی کەنەکەوە ئامادەکاری بۆ بەستنی ئەم کۆنفرانسە کرا.  لە یەکەم کۆبوونەوەدا بڕیار درا هەموو لایەک لە ڕۆژئاوای کوردستان بەشداری ئەم کۆنفرانسە بکەن.   بەڵام دوای ئەو پڕۆسە نوێیەی کە لە سوریا دەستی پێکرد، به پێویستیمان بینی   تەنها کەنەکە ئامادەکاری بۆ ئەم کۆنفرانسە نەکات، بۆیە لیژنەکە فراوانتر بوو.  لەو چوارچێوەیەشدا دەستەی ئامادەکاری چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و لەو کۆبوونەوانەدا ئەوە پشتڕاستکرایەوە کە پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان و هەموو لایەک بچنە ناو لێژنەکەوە.  هەر بۆیە بڕیارماندا لیژنەیەکی نوێی تر دروست بکەین، بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەنەکەسە بکەن.  ئێمە وەک پەیەنەکە پێشنیارمان کرد بۆ  ئەنەکەسە، چونکە دەستپێشخەری کۆمەڵایەتی زۆر هەبوو بۆ پرسی یەکڕیزی کورد، وەک دەستپێشخەرییەکەی شێخ مورشید خەزنەوی.  لەو چوارچێوەیەدا، لە ٥ی یەکی ٢٠٢٥، جارێکی دیکە بڕیار درا کە لیژنەکە سەردانیان بکات بۆ ئەوەی بەشداری لیژنەی ئامادەکاری ئەم کۆنفرانسە بکەن.  بەداخەوە هەرچەندە ٧ جار پەیوەندیمان پێوەکردوون بۆ ئەوەی سەردانیان بکەین، بەڵام کاتێکیان دانەناوە.  بەڵام پێویستە ئەم کۆنفرانسە بەڕێوەبچێت.  بەڵام هەوڵەکانمان بۆ بەشداریکردنی هەموو لایەنە سیاسییەکان بەردەوام دەبێت.  

 شارپرێس: باشە هێشتا کاتی کۆنفڕانس یەکلایی نەکراوەتەوە؟
 بێگداش: بەڕاستی چاوەڕێی برایانی ئەنەکەسە دەکەین کە ئەم کۆنفرانسە ئەنجام بدەین.  بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە بڕیاری ئەوانە  بەشداری بکەن یان نا، ئەگەر بەشداری نەکەن ئێمە کۆنفرانسەکە ئەنجام دەدەین.  چونکە لە ڕۆژاڤا هێزی تری زۆر هەیە و ئەوانیش لەو کۆنفرانسەدا بەشدارن. 

 شارپرێس: ئایا تەنها لایەنەکانی ناو پەیەنەکە بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن، یان حیزبەکانی دەرەوەی پەیەنەکەش بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن؟ 
 بێگداش: بەڵێ ڕاستە، لیژنەکە ئامادەکراوە و نەک تەنها لایەنەکانی ناو پەیەنەکە بەشداری دەکەن، وەک حیزبەکانی کەنەکە، پارتی پێشکەوتنخواز بە دوو لقەکەی، ئەلوەحدە، هەروەها نوێنەری گەنجان، ژنان، نوێنەری ڕۆشنبیران، نووسەران و کەسایەتییە سەربەخۆکان بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن. 

 شارپرێس: حیزبە کوردییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لەم کۆنفرانسەدا بەشداری دەکەن؟  
 بێگداش: کۆنفرانس له چوارچێوەی ڕۆژئاوای کوردستانه ،   بەڵام هەرچەند کورد لە ٤ بەشدا پەرشوبڵاوە، بەڵام پشتیوانی پارچەکانی تری کوردستان هەمیشە گرنگە.

 شارپرێس: ئەنەکەسە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە لە ئۆپۆزسیۆنی سوریای پەیوەست بە تورکیا دەکشێنەوە، ئێوە وەک پەیەنەکە ئەم بڕیارە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ 
 بێگداش: هەموومان دەزانین ڕۆڵی هاوپەیمانی لەم ساڵانەدا و چی بووە، بەداخەوە هەمیشە ڕۆڵێکی ئەرێنی نەبووە.  لە لایەکی ترەوە ناوچە داگیرکراوەکان لەژێر داگیرکاریی ئەواندان.  هەر بۆیە زۆرجار بانگەوازی ئەنەکەسە  دەکرا لە هاوپەیمانی بکشێتەوە، چونکە تا ئێستا هاوپەیمانی دان بە دۆسیەی کورددا نانێت.  لە هەمان کاتدا لە ناوچە داگیرکراوەکان نووسینگەیەکی کوردی نییە و لەو ناوچانەش نووسینگەی ئەنەکەسە نییە.  بەگشتی کشانەوەیان هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام دەبێت هێڵی نیشتمانی خۆی بپارێزێت.  لەهەمانکاتدا پێویستە لە ڕۆژئاوای کوردستان پاڵپشتیبکەن ئەمانە دەستکەوتەکانی کوردن.  چونکە کورد هێشتا لە مەترسیدایە.  پێکهاتەی کوردی داوا لە پەیەنەکە و ئەنەکەسە دەکات یەکبگرن.  نابێت متمانەمان بە دوژمن هەبێت، چونکە سەد ساڵە دوژمن دەمانکوژێت و لەناومان دەبات.  بۆیە پێویستە باوەڕمان بە هێزی خۆمان هەبێت. 

 شارپرێس: هەڵوێستی ئێوە وەک پەیەنەکە لە دژی حکومەتی نوێی دیمەشق چییە؟ 
 بێگداش: ئێستا وەک حیزبەکانی ناو پەیەنەکە، ئێمەش بەشێکین لە ئیدارەی خۆسەر، بۆیە هەر چیەک لە ئیدارەی خۆسەرەوە بێت، ئێمە بەشێکین لەو هەڵوێستە.  مەبەستی ئیدارەی خۆسەر هەمیشە دروستکردنی دیالۆگ بووە و تەنانەت پێش ئەم حکومەتە نوێیەش ئیدارەی خۆسەر هەمیشە داوای گفتوگۆ و دیالۆگێکی نیشتمانی بۆ هەموو سوریا کردووە.  حکوومەتی نوێی دیمەشق دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگرێت کە کورد شۆڕشێکی کرد.  ئامانجی گەلی سوریا ئەوە نەبوو کە ئەسەد بڕوات، بۆ ئەوەی تەنها کەسێکی تر بێت، ئامانجی سەرەکی گەلی سوریا ئەوە بوو کە گۆڕانکاری ڕووبدات.  لەم چوارچێوەیەدا خۆبەڕێوەبەری چەندین جار هەوڵەکانی خۆی بۆ پرسی دانوستان و وتووێژ لەسەر چۆنیەتی بنیاتنانی سوریایەکی لامەرکەزی ڕوون کردووەتەوە.  بە گشتی هەڵوێستەکانی پەیەنەکە بەشێکن لە هەڵوێستی ئیدارەی خۆسەر و مەسەدە، چونکە مەسەدەش وەک چەترێکی سیاسی بۆ ئەم هەرێمەی خۆمان نوێنەرایەتی ئێمە دەکات.