شارپرێس:
کامەران مەلا عوسمان ئەندامی تیمی کوردستان ـ عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ڕایگەیاند، "کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بەدرێژایی مێژوی حوکمڕانیی کوردیی، خراپترین کابینە بوە"، دهشڵێت:"دەبێت هەمومان فشار بکەین کابینەی داهاتوو جیاوازبێت لەم کابینەیە".
کامەران مەلا عوسمان لەدیداری (ڕۆژنامەگەریی کوردیو پرسی نەتەوەیی) کە ناوەندی توێژینەوەی دەزگای میدیایی شارپرێسو پەیمانگای مافە نێودەوڵەتییەکان لەهەولێر سازیكرد بەهۆی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە ڕێکیانخستبوو، لەپانێڵیکی تایبەتدا ئاماژەی بەوەکرد، "بەراورد بەکابینەکانی پێشخۆی، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لەمامەڵەکردنی لەگەڵ ئازادی ڕادەربڕینو کاری ڕۆژنامەنوسی خراپترینو توندترین کابینە بوەو سڵی نەکردوهتەوە لەهیچ سزایەکی ڕۆژنامەنوسانو پێشێکلردنی مافەکانیان".
ئەندامەکەی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت هەمولایەکمان بەدەزگا میدیاییهکانو ڕێکخراوەکانو ڕۆشنبیرانو نوسەران فشاری جددی بکەین بۆ ئەوەی کابینەی دهیهم جیاوازبێت لەکابینەی نۆیەمو ئەو کەموکورتیو هەڵە گەورانەی کابینەی نۆیەم کردویەتی، کابینەی داهاتوو ڕێکی بکاتەوەو کۆتایی بەو پێشێلکارییانە بهێنێت".
ئەمڕۆ 21 نیسانو بەهۆی 127مین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە، ناوەندی توێژینەوەی شار لەدەزگای میدیایی شارپرێسو پەیمانگای مافە نێودەوڵەتیییەکان لەشاری هەولێر دیدارێکی تایبەتیان ئەنجامدا کە لەدوو پانێڵ پێکدەهاتو شەش پانێلیست لەهەردوو پانێڵەکەدا باسیان لەبابەتەکانی پەیوەست بەمیدیای کوردیو پرسی نەتەوەیی کرد.
