دەزگای میدیایی شارپرێس و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوە

کوردستان

20/04/2025‌ 216 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شاندێکی دەزگای میدیایی شارپرێس لە شاری هەولێر لەگەڵ شاندێکی سەندیکای  ڕۆژنامەنووسانی یەکێتی ئەوروپا(AEJ) کۆبوونەوە و باسیان لە دۆخی میدیا لە هەرێمی کوردستان کرد و پێشێلکاری و بەربەستەکانی بەردەم میدیای ئازاد و سەربەخۆیان تاوتوێکرد.

شاندی دەزگای میدیایی شارپرێس بەوردی باسیان لە ئاڵەنگاریەکانی بەردەم ئازادی ڕادەربڕینیان بۆ شاندی میوان کرد و دۆخی سزادراوانی بادینان و هێرشە ئەلیکترۆنیەکانی سەر دەزگاکانی دەرەوەی حزبە سیاسیەکانی هەرێم بەشێکی تری گفتوگۆکانی هەردوولابوو.

بڕیارە سبەینێ لە شاری هەولێر بەبۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە دەزگای میدیایی شارپرێس بە هەماهەنگی پەیمانگای مافە نێودەوڵەتیەکان دیدارێکی تایبەت بەڕێوە ببەن کە پێکدێت لە دوو پانێڵ و گفتوگۆیەکی کراوە لە بارەی میدیای کوردی و پرسی نەتەوەییەوە و شاندەکەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی یەکێتی ئەوروپاش ئامادەی دیدارەکە دەبن و ڕاو سەرنجی خۆیان دەخەنەڕوو.

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی یەکێتی ئەوروپا ماوەی ٦٣ ساڵە دامەزراوە و ١٥ لقی لە وڵاتانی دونیادا هەیە و بەنیازن نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە وەک پاڵپشتیەک بۆ ئازادی کاری میدیا و ئازادی ڕادەربڕین .