شارپرێس:
ئهمڕۆ وهفدى دەم پارتی بەرەو ئیمراڵی بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی لەگەڵ عهبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببنەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا وهفدهكهى دەم پارتی پێکهاتوە لەپەروین بوڵدانو پارێزەر فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پەروین بۆ جاری چوارەمە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەئیمراڵی دەکات.
ڕۆژی 10ى ئهم مانگه، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاو سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاک پارتی) پێشوازیی لەوهفدى پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد.
شاندی دەم پارتی لەسری سورەیا ئۆندەر بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاو پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکهاتوە.
تەوەری سەرەکیی کۆبونەوەکەش، پرۆسەی نوێی ئاشتییە لەتورکیاو باکوری کوردستان بوو، میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان، وهفدى دەم پارتی سەردانی دورگەی ئیمراڵی دەکەنەوەو بۆ چوارەمین جار چاویان بەعەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەوێتەوە.
میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەشکردوە، چاوەڕێدەکرێت ئۆجەلان جارێکی دیکە لەپەیامێکدا جەخت لەچەکدانان بکاتەوەو دوای ئەو پەیامەش، پەکەکە لەم مانگەدا کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی دەبەستێت.
ڕۆژى 27ی شوباتی 2025، وهفدى ئیمراڵی دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان لەبارەی ڕاگرتنی شەڕو دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لەتورکیاو باکوری کوردستان بەهەردوو زمانی کوردیو تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوەو ڕایگەیاند، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی داخرابوو، بەڵام ئێستا پێویستە زمانی ئاشتیو دیموکراسی پێشبخرێت.
ئۆجەلان لەپەیامەکەیدا، چەکدانانی پەکەکەو بەستینی کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوەی بەپێویستی ئەم قۆناغە نوێی باسکردبوو، ڕاشیگەیاند بوو کە بەرپرسیارێتی ئەم بڕیارە لەئەستۆ دەگرێتو گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.
