له‌هه‌رێمى كوردستان ڕۆژى نزاى نیشتمانى به‌ڕێوه‌ده‌چێت

کوردستان

21/04/2025‌ 2738 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێم ئاشكرایده‌كات، بەئامادەبونی بەرپرسانی باڵاو سەرکردەکانی عێراق‌و هەرێمی کوردستان‌و جیهان، ڕۆژی نزای نیشتمانی لەکوردستان بەڕێوەدەچێت.


له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرایكردوه‌، لەدەستپێشخەرییەکی ناوازەداو به‌ئاماده‌بونى بەرپرسانی باڵاو سەرکردەکانی عێراق‌و هەرێم‌و جیهان‌و پەرلەمانتارانی وڵاتانی دونیاو نوێنەرانی حکومەتەکان لەئەمریکاو ئەوروپاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، به‌دروشمی (بەرەو یەکبون لەباوەڕدا)، لەڕۆژانی 23 تا 25ی نیسانی 2025، بۆ یەکەمجار، لەهەرێمی کوردستان‌و لەشارى هەولێر، ڕۆژی نزای نیشتمانی بەڕێوەدەچێت.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌، "بەشداران لەگردبونەوەیەکی برایانەی هاوبەش‌و لەکەشێکی ڕوحانی پڕ لەنزاو پاڕانەوە بۆ خوای گەورە، لەهەولێر بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەو ئازادی ئایینی کۆدەبنەوەو نزا بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن کە پەناگەیەکی ئارامە بۆ گشت پێکهاتە ئایینی‌و نەتەوەییەکان‌و نمونەیەکی گەشی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەیە لەجیهاندا".