عێراق بیمەی تەندروستی دەداتە سەرجەم هاوڵاتییان

عیراق

21/04/2025‌ 2688 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی تەندروستی عێراق پڕۆژەی بیمەی تەندروستی لەكۆتایی ساڵی 2023 خستوەتە بواری جێبەجێكردنەوەو ماوەی 10 ساڵیشی دیاریكردوە بۆ ئەوەی سەرجەم هاوڵاتییانی عێراق لەخزمەتگوزارییەكانی بیمەی تەندروستیدا بەشداربن.


عەلی ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی بیمەی تەندروستی لەوەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، "لەساڵی 2023وە تائێستا زیاتر لەیەك ملیۆن هاوڵاتی عێراقی بیمەی تەندروستییان بۆكراوەو دەیانەوێت لەداهاتوشدا سەرجەم هاوڵاتییانی عێراق ببنە خاوەنی بیمەی تەندروستی".

دەشڵێت، "پاكێجەكانی خزمەتگوزاری بیمەی تەندروستی زۆربەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لەخۆدەگرێت، كە زیاتر لە 245 جۆری نەشتەری، 410 جۆر خزمەتگوزاری تاقیگەیی‌و تیشك، 420 كەرەستەی چارەسەریی‌و 20 جۆری خزمەتگوزاریی دەم‌و ددان دەگرێتەوە".

وتوشیه‌تى، "پرۆژەی بیمەی تەندروستی لەكۆتایی ساڵی 2023 خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوەو لەقۆناغی یەكەم‌و دوەمدا توانیویەتی 48 دامەزراوە لەبەغدا بەڕێكارەكانی بیمەی تەندروستییەوە لەخۆبگرێت".