سەرچاوە میسرییەكان بۆ كەناڵی ئەلعەرەبیی قەتەرییان ئاشكراكردووە، پێشنیارێكی نوێی قەتەر و میسر بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی ٧ ساڵە لە كەرتی غەززە لەئارادایە.
بەگوێرەی هەواڵێكی كەناڵەكە، پێشنیارەكە لە سەردانەكەی سەرۆك كۆماری میسر عەبدول فەتاح سیسی بۆ دۆحە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر داڕێژراوە و گەڵاڵە بووە.
پێشنیارەكە داوای ئاگربەست و كۆتایی هێنان بە شەڕ بۆ ماوەی حەوت ساڵ و كشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە لە بەرامبەر ڕاگەیاندنی چەكداماڵینی حەماسدا و كۆتایهێنان بەحكومی حەماس دەكات.
پێشنیارەكە كۆتایی بە حوكمڕانی حەماس بەسەر كەرتی غەززە دەهێنێت، لیژنەیەكی نێودەوڵەتی و هێزەكانی سەر بە دەسەڵاتی مەحمود عەباس كەرتەكە بەڕێوە دەبەن لەڕووی كارگێڕییەوە.
پێشنیارەكەی میسر و قەتەر گەرەنتی ئاگربەست و ئاوەدانكردنەوەی غەززە دەكات بەبێ ئاوارەكردنی فەلەستینییەكان لە غەززە و مانەوەیان لەشوێنەكانی خۆیان.
شاندێكی ئیسرائیلی سەردانی قاهیرە دەكات بۆ تاوتوێكردنی ئەو پێشنیازە، و پێشكەشی شاندی حەماس بە سەرۆكایەتی خەلیل حەیەش دەكرێت.