ترەمپ هۆشداریی توند دەداتە سودانی و پارتی و یەکێتی

کوردستان

22/02/2025‌ 2902 جار خوێندراوه‌ته‌وه


نەوتی هەرێمی کوردستان لەژێر فشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەست بە هەناردەکردنەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان دەکات، ئەمە قسەی هەشت سەرچاوەیە کە بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز قسەیانکردوە و چەندین وردەکارییان لەبارەی هەڕەشەی واشنتۆن لە بەغداد ئاشکراکردوە.

ئەو هەشت سەرچاوەیە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان وتوە، ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ پەیامێکی هۆشداریی داوەتە بەغدا،کە ئەگەر بە زوویی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێنەکاتەوە، ئەوا هاوشێوەی ئێران سزا بەسەر بەغدا دەسەپێنێت.

ئەمریکا بۆ بەلایەوە گرنگە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە؟

ڕۆیتەرز دەڵێت، ترەمپ بڕیاریداوە سیاسەتی ئەوپەڕی فشار بۆ سفرکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بەکاربهێنێت، لەو چوارچێوەیەشدا دەیەوێت نەوتی هەرێم هەناردەبکرێتەوە بۆئەوەی دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی ئێران، شۆک لە بازارەکانی نەوت دروست نەبێت و نرخەکەی بەرز نەبێتەوە.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی دەڵێت: تەنها بۆ ئاسایشی هەرێمی گرنگ نییە ڕێگە بە هاوبەشە کوردەکانمان بدرێت نەوتی خۆیان هەناردە بکەن، بەڵکو هاوکارە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دابەزینی نرخی غازیش بكات.

هاوکات ئەمریکا داوایکردوە، عێراق ڕێگریی بکات لەو نەوتە قاچاغەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەچێتە ئێران و پاشان لە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشرێتەوە، چونکە واشنتۆن پێیوایە، ئەو نەوتە بە هەرزانیی دەست ئێران دەکەوێت و ئەویش بە گرانیی دەیفرۆشێتەوە.

گفتوگۆكانی هەفتەی ڕابردوو كە لەشاری هەولێر لەنێوان شاندی عێراق و هەرێم بەڕێوەچووەو دوو رۆژی خایاند، شكستی هێناوە لە گەیشتن بە رێککەوتن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەسەر ئەو پرسە رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی ویستویەتی هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە بێ ئەوەی هیچ پابەندیەك بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشان بدات،  سەبارەت بە پارەدان و رونكردنەوەی میکانیزمی پارەدان.

بەڵام فەرهاد عەلادین راوێژکارى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق وتویەتی، هیچ راستییەک لەو راپۆرتانەدا نییە کە میدیاکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەگەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێنەکاتەوە، ئەمریکا سزای عێراق دەدات.

دەشڵێت "لە هەموو ئەو پەیوەندییانەی کە لەم دواییانەدا لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا رویانداوە، هیچ هەڕەشەیەک نەبوە بۆ سەپاندنی سزاکان یان هەر جۆرە فشارێک بۆ سەر عێراق".