شارپرێس- كەنداڵ جودی، دژوار موسا:
دەوڵەتی تورك تا ئێستا ١٧ ڕۆژنامەنووسی بە بۆردومانی ئاسمانی لە ڕۆژاڤای كوردستان كردۆتە ئامانج و شەهید بوون و دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون.
بەوتەی سەندیكای رۆژنامەوانانی ئازاد "لە ڕۆژئاوای كوردستان كە زیاتر لە هەزار و 700 میدیاكار و ڕۆژنامەنووسی لێیە، ئەمڕۆ بەهۆی هێرشەكانی دەوڵەتی توركەوە ژیانیان لە مەترسیدایە".
دەوڵەتی تورك كە درێژە بە هێرشەكانی دژ بە كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان دەدات، ڕۆژنامەنووسانی كوردیش دەكاتە ئامانج و هەوڵ دەدات دەنگی ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژئاوای كوردستان بێدەنگ بكات بۆ ئەوەی كار و ڕاستییەكانی دەوڵەتی تورك بۆ جیهان ئاشكرا نەكەن.
بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا دەوڵەتی توركیا هێرشەكانی بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان زیاتر كردووە و ڕاستەوخۆ ناوەند و ئۆتۆمبێلەكانیان دەكاتە ئامانج.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ڕۆژئاوای كوردستان تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە، دلیار جزیری هاوسەرۆكی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی ئازاد كە رێكخراوێكی سەربەخۆیە و كاری ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕێكدەخات و دەپارێزێت، بۆ شارپرێس ڕایگەیاند كە تەنها ئەمساڵ ٨ ڕۆژنامەنووس لە هێرشە جۆراوجۆرەكاندا گیانیان لەدەستداوە.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی كە بەهۆی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا و ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش گیانیان لەدەستداوە لە ڕۆژئاوای كوردستان، رایگەیاند "لە ساڵی 2013 تا 2025، 31 ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژاڤای كوردستان گیانیان لەدەستداوە، كە 17یان بەهۆی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا بووە".
جزیری ئاماژەی بەوەدا كە لە ساڵی ٢٠١٧ دەوڵەتی توركیا بە فڕۆكەی جەنگی ناوەندی ڕادیۆی ڕۆژاڤای لە دەڤەری دێرك بۆردومان كرد و زۆربەی ستافی ڕادیۆ و ڕۆژنامەنووسانیش لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستدا.
سەبارەت بە بەئامانجكردنی ڕۆژنامەنووسان، جزیری وتی: لەو ناوچانەی كە بەهیچ شێوەیەك شەڕ نەبووە و ناوچەی سەربازی نەبوون، ڕۆژنامەنووسان ڕاستەوخۆ لەلایەن فڕۆكەكانی دەوڵەتی توركیاوە كرانە ئامانج. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢٣ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی تورك ئۆتۆمبێلێكی تەلەفزیۆنی ژنیان لەسەر ڕێگای قامیشلۆ- عامودە بۆردومان كرد و لە ئەنجامدا دوو كارمەند برینداربون.
دلیار جزیری ئاماژەی بەوەدا كە دەوڵەتی توركیا بە ئەنقەست ڕۆژنامەنووسان دەكاتە ئامانج و سەرنجی بۆ ئەو سێ ڕۆژنامەنووسە ڕاكێشا كە بەهۆی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا لە بەنداوی تشرین شەهیدبوون: "لە ماوەی زیاتر لە 2 مانگ و نیودا فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی دەوڵەتی توركیا تا ئێستا 3 ڕۆژنامەنووسیان كردۆتە ئامانج و لە ئەنجامدا ئەو سێ ڕۆژنامەنووسە شەهید بوون جگە لەوەش تا ئێستا ٩ ڕۆژنامەنووس لە بەنداوی تیشرین بریندار بوون".
راشیگەیاند "وەك سەندیكای میدیای ئازاد لەڕێگەی لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەكانمانەوە، ڕاپۆرتێكی گشتگیرمان لەسەر بەئامانجكردنی ئۆتۆمبێلی JIN TV ئامادەكرد و پێشكەشی دامەزراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكانمان كرد. لەهەمان كاتدا، ڕاپۆرتی ساڵانەمان هەیە و چەند ڕۆژێك لەمەوبەریش لەگەڵ خەڵكدا هاوبەشی دەكەین".
دەشڵێت "لە بەردەم بینای نەتەوە یەكگرتووەكان خۆپیشاندانێكمان ئەنجامدا و دواتر نامەیەكمان گەیاندە بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری قامیشلۆ، بۆ ئەوەی بگەیەنرێتە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ ئەوەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان ڕابگرن و بیانپارێزن".
لە لایەكی دیكەوە، یەكێك لەو دەزگا میدیاییانەی كە ڕۆژنامەنووسەكانیان لە هێرشەكانی دەوڵەتی تورك و ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشدا شەهیدبوون، ئاژانسی هەواڵی هاوار (ئانها)یە.
سەرنووسەری بەشی زمانی عەرەبی ANHA، ئارین سوێد دەڵێـت: "تا ئێستا، 6 كارمەندی ئاژانسەكەمان ANHA شەهید بوون.
ئارین سوێد ئاماژەی بەوەدا كە نامەیەكیان بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ناردووە بۆ بەڵگەنامەكردنی ئەم هێرشانەی دەوڵەتی توركیا.
لە كۆتاییدا، هاوسەرۆكی یەكێتی میدیای ئازاد، وتی "لە ڕۆژئاوای كوردستان زیاتر لە هەزار و 700 میدیاكارو ڕۆژنامەنووس هەن، هەروەها زیاتر لە 95 دەزگای ڕاگەیاندن لە ڕۆژئاوای كوردستان كاردەكەن، بۆیە بوونی ئەو ڕۆژنامەنووسانە ئەمڕۆ بە تەواوی لە مەترسیدایە بەهۆی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیاوە".
