دەستگیركردنی سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ و ركابەرە سەر سەختەكەی ئەردۆغان، ناڕەزایی خوێندكاران و لایەنە سیاسییەكان و سەندیكاكانی توركیای بەدوای خۆیداهێنا و دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو بە كودەتا وەسف دەكەن.
بەیانی ئەمڕۆ، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ و كاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆك كۆماری توركیا لە ماڵەكەی خۆی دەستگیركرا و هەوڵەكەیش بە پەلە گەیشتە میدیاكانی توركیا و جیهان.
پێش دەستگیركردنی لە پەیامێكدا ئیمام ئۆغڵو وتی: مێشكێك كە هەوڵ دەدات ئیرادەی گەلەكەمان تێكشكێنێت و پۆلیسە خۆشەویستەكانی لە دەرگای ماڵەكەمدا كەڵەكە كردووە، ئێمە رووبەڕووی ستەمێكی گەورە دەبینەوە، خۆم بە گەلەكەم دەسپێرم، من بەردەوام دەبم لە شەڕكردن لەگەڵ ئەو كەسە و مێشكی ئەو كەسە.
دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو دوای ئەوە دێت، كە دوێنێ، بڕوانامە زانكۆییەكەی هەڵوەشێنرایەوە.
سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەستەنبووڵ وتی: ئێمە هیچ چارەسەرێكمان نییە جگە لەو شەرعییەتانەی كە بە دەسەڵاتی گەل دەردەكەوێت.
سەرۆك شارەوانی ئەستەنبوڵ لەلایەن دواكاری گشتی توركیاوە رووبەڕووی دوو كەیسی لێكۆڵینەوە دەبێتەوە كە بریتین لە "سەركردایەتی كردنی رێكخراوێكی تاوانكاری و بەرتیل وەرگرتن و ساختەكاری و گەندەڵی".
نووسینگەی داواكاری گشتی ئەستەنبوڵ بڵاویكردەوە، زۆرێك لە كۆمپانیاكانی شارەوانی تەندەری نایاسایی، كڕینی راستەوخۆ یان كڕینی خزمەتگوزاری لە رێگەی ساختەكاری تەندەرەكان، ساختەكاری، دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی داتای كەسیی، بەرتیل وەرگرتن و ئەتككردن بە شێوەیەكی رێكخراو ئەنجامداوە.
دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵۆ كاردانەوەی توندی جەهەپەی بەدواداهات و ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆكی جەهەپە هەڵوێستی پارتەكەی لەسەر دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو راگەیاند و دەڵێت: دەسەڵاتێك هەیە بۆ ڕێگریكردن لە وڵات لە دیاریكردنی سەرۆكی داهاتوو، ئێمە رووبەڕووی هەوڵی كودەتا دەبینەوە لە دژی سەرۆكی داهاتوومان.
نارەزایەتییەكان ئەمڕۆ بەردەوامیان هەبوو لە توركیا و پارێزەرانی ئەندامی سەندیكای پارێزەرانی ئیزمیریش لەبەردەم دادگا ناڕەزاییان دەربڕی بەرامبەر بە دەستگیركردنی ئیمام ئۆغڵو، سەفا یڵماز، سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی ئیزمیر وتی: ئەوەی بە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو كراوە كارێكی نایاسایی نییە بەرامبەر بە یەك كەس، خواستی 16 ملیۆن كەس پشتگوێ خراوە.
سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی ئیزمیر وتیشی: ئەمە كودەتایەكی سیاسییە لە دژی دیموكراسی، گورزێكە لە مافی دەنگدان و هەڵبژاردنی خەڵك، ئەمە پشتگوێخستنی یاسایە.
هەروەها، 81 سەرۆكی پارێزگاكانی پارتی IYI لە بەیاننامەیەكدا پشتیوانییان بۆ سەرۆكی شارەوانی ئەستەنبوڵ ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو دەربڕی و رایانگەیاند، وەك سەرۆك پارێزگاكان كە زیاتر لە 150 ساڵە پابەندین بە كەڵەكەبوون و دابونەریتی دیموكراسی توركیا، كە ئیرادەی گەل لە سەرووی هەموو ئیرادەیەكەوە دەبینین و هاوار دەكەین بۆ ئەوەی یاسا و دیموكراسی وەك هەوا و ئاو پێویستن، لەم ڕۆژە ڕەشەی مێژووی سیاسیماندا، وەك 81 سەرۆكی پارێزگاكانی پارتی IYI، پرۆسەی دەستگیركردنی بەڕێز ئیمام ئۆغڵو ئیدانە دەكەین كە بە خواستی گەلەكەمان هەڵبژێردرا و زیان بە دیموكراسی و هەستی دادپەروەری دەگەیەنێت.
هاوكات خوێندكارانی زانكۆی ئەستەنبوڵ رژانە سەر شەقام بۆ پشتیوانی لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەڵام ڕووبەڕووی بەربەستی پۆلیس بوونەوە و خوێندكارانی زانكۆی بۆغازیچی و زانكۆی تەكنیكی یلدز و زانكۆی تەكنیكی ئەستەنبوڵ بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكەدا كرد، پۆلیس زۆر بە توندی دەستێوەردانی لە دژی خوێندكارەكان كرد.
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بە ركابەری سەرسەختی رەجەب تەیب ئەردۆغان دادەنرێت و زۆرجار بە سەرۆكی داهاتووی توركیا ناودەرێت، چاوەڕێدەكرا لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا بە فەڕمی كاندیدبوونی رابگەیەنرێت. بەو پێیەی خۆی ئامادەكردووە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2028ی توركیا روبەڕوی ئەردۆغان ببێتەوە و هاوكاتیش خواستەكان بۆ پێشخستنی هەڵبژاردنەكە زیاتر بوون.
