مژدە نەورەس:
٢٠/٣/٢٠٢٥
بەشی یەکەم/ دەستوری ١٩٢٠ی شانشینی سوریا:
ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٢٠ بۆ ١٩٧٣ لە داڕشتنی گەشەسەندنی دەستوری و سیستەمی سیاسی سوریادا ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو. چونکە لەنێوان ئەم ساڵانەدا دەستور گەلێک دانراون بەڵام سەرجەم ئەم دەستورانەی لەنێوان ئەم ساڵانە دانراون هیچ مادە و بڕگەیەکیان نەبووە کە دان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و سەربەخۆیی کورد دابنێت لەم ماوەیەدا سوریا چەندین گۆڕانکاری لە ڕژێمی سیاسی و سیستەمی سیاسی، گۆڕانکاری گشتی سیاسی، چاکسازی دەستوریدا بەخۆیەوە بینی کە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی ئەولەویەتەکانی نیشتمانی سوریا بوونە.
بەگشتی پێنج دەستور لەنێوان ساڵەکانی ١٩٢٠بۆ ١٩٧٣ دانراون، یەکەم دەستور لە ساڵی ١٩٢٠ لەسەردەمی شانشینی سوریادا بوو ئەم دەستورە شێوازی دانانی بە مێژووێکی قوڵ و پڕ گرفتدا تێپەڕیوە، لەبەر ئەم هۆکارە بە خێرایی دەسەڵاتی کۆلۆنیالی فەرەنسی جێگەی گرتەوە. کۆتا دەستوریش کە تاوەکو ئێستا حکومڕانی سوریای داڕشتووە و پەیڕەوی لێ دەکرێت دەستوری ساڵی ١٩٧٣ـە، کە لە سەردەمی حافز ئەسەد پەسندکراوە.
دەستوری ١٩٢٠ لەژێر دەسەڵاتی شانشینی عەرەبی سوریا دانرا، بە سەرۆکایەتی مەلیک فەیسەلی یەکەم لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم. ئەم دەستورە لەلایەن لیژنەیەکی دەستورییەوە داڕێژراوە کە لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەیی سوریا لە دیمەشق پێکهێنراوە، کەسایەتی سەرەکی لە پشت داڕشتنی ئەم دەستورەوە، "هاشم ئەلعەتاسی" بوو دواتر هەم ئەم بوو بە سەرۆک کۆماری سوریا. ئەم دەستورە بەڵگەنامەیەکی زۆر گرنگ بوو لە مێژووی سوریادا، چونکە هەوڵێکی پێشوەختە بوو دوای داڕمانی دەسەڵاتی عوسمانی بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی پاشایەتی دەستوری لە سوریادا. هەروها بە یەکەم هەوڵەکانی جیهانی عەرەبی دادەنرێت بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی پاشایەتی دەستوری، کە شێوازێکی مۆدێرنی لە دونیای عەرەبی هێنایە کایەوە ئەویش ئەوەبوو ئیسلامی وەک ئایینی فەرمی دەوڵەت ناساندبوو، هەروەها پاشایەتی و حکومڕانیشی لە مادەی سێدا ئیجبار کردبوو کە دەبێت ئەو کەسە موسڵمان بێت، سەڕەڕای ئەمانە کەچی بنەما عەلمانییەکانیشی تێدابوو، واتا ئازادی ئایینیشی پاراستبوو بۆ هەموو تاقم و گروپەکانی تر ئەمەش شێوازێکی مۆدێرن بوو کە بۆ یەکەم جار لەدونیای عەرەبی لەدایکبووە. ئەو بنەما و بیرۆکانەی لە دەستووی ساڵی ١٩٢٠دا بەرجەستە ببوون، کاریگەرییان لەسەر پێشهاتە دەستورییەکانی دواتر( دەستوری ساڵی ١٩٣٠ سەردەمی ئیختیاری فەرەنسا، دەستوری ساڵی ١٩٥٠دوای سەربەخۆیی، دەستوری کاتی ساڵی ١٩٦٤ سەردەمی بەعس، دەستوری ساڵی ١٩٧٣ سەردەمی حافز ئەسەد) لە سوریا و دەوڵەتانی دیکەی عەرەبیدا هەبوو، بەتایبەتی لە سەردەمی دوای کۆلۆنیالیزمدا.
دەستوری ساڵی ١٩٢٠ لەلایەن مەلیک فەیسەلی یەکەم و حکومەتی هاشم ئەلعەتاشیەوە داتاشرابوو. بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دانی پێدا نەگیرا و ئیدارەی خۆیان بەسەر وڵاتەکەدا سەپاند. دوای ئەم کاتە و لە ٢٥ی تەمموزی ١٩٢٠ بە فەرمی ئەم دەستورە کۆتایی پێ هات، کاتێک سەربازانی فەرەنسا دیمەشقیان داگیرکرد و شا فەیسەڵی یەکەمیان ناچار کرد دەستبەرداری پاشایەتی سوریا بێت. ئەمەش دوای شەڕی میالون ڕوویدا، کە هێزەکانی فەرەنسا لە سەردەمی یوسف ئەلئەزمادا هێزەکانی سوریایان تێکشکاند. ئەم شکستە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی شانشینی عەرەبی سوریا و سەپاندنی ئیختیاری فەرەنسا لە سوریا.
لە سەردەمی ئیختیاری فەرەنسادا، کورد ڕووبەڕووی هەڵاواردن و سنووردارکردنی مافە سیاسی و کولتوورییەکانی بووەوە. تەنانەت کوردان وەک کەمینەیەکی فەرمی نەناسرا و بە زمان بە کولتوورەکەی فەرامۆش کران. گەورەترین هەڵە لە دەستورەی ١٩٢٠ی سوریا ئەوە بوو بەتاقی تەنها تیشکی خستبۆیە سەر دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی عەرەبی، لەبەرامبەریدا زۆر کەم گرنگییەکی بە کەمینە نەتەوەییەکان تردابوو وەک کورد، کە ڕێژەیەکی زۆریان لە باکووری سووریا دەژیا. هەروها مافەکانی کورد لە دەستووری ساڵی ١٩٢٠ی سوریادا بە ڕاشکاوی باس نەکراوە، بەو پێیەی ئەم دەستورە بە شێوەیەکی سەرەکی تەنها و تەنها تیشکی خستۆتە سەر دامەزراندنی دەوڵەتی عەرەبی.
بۆ نموونە؛ لە مادەی یەکەمی ئەم دەستورە هاتووە "شانشینی عەرەبی سوریا دەوڵەتێکی ئازاد و سەربەخۆ و سەروەرە، ناتوانرێت دابەش بکرێت، وە ئیختیاری دەرەکیش قبوڵ ناکات".
ــ ئەم مادەیە کە ناوی وڵاتی لە سوریادا بە شانشینی عەرەبی پێناسه کردووە دەرخەری ئەو ڕاستیە کە دەوڵەت لە یەک نەتەوەی عەرەب پێک دێت و نکۆڵیکردنیەتی لە بوونی کورد. هەروەها هەر لەم مادەیەدا هاتووە سوریا دەوڵەتێکە ناتوانرێت دابەش بکرێت ئەوەم ئەوە دووپات دەکاتەوە کە کوردەکان ناتوانن داوای سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە دەوڵەتی سوریا بکەن و ئیختیاری دەرەکیش پێی قبوڵ ناکرێت! کە ڕاستەوخۆ داڕشتنەکەی لە دژی کوردەکان بووە. لە خاڵی سێیەمی مادەی یەکەمی ئەم دەستورە هاتووە کە "زمانی فەرمی لە هەموو شانشینی سوریادا زمانی عەرەبییە".
ــ ئەم بڕگانەی دەستور بۆ ئەوە داڕێژراون کە سوریا وەک دەوڵەتێکی یەکگرتوو و دابەشنەکراو و زمانی عەرەبی وەک زمانی فەرمی دابمەزرێنێت و بەهەموو شێوەیەک نکۆڵی لەبوونی هەر نەتەوەیەکی تر بەگشتی و کورد بەتایبەتی بکات.
ئەم دەستورە بناغەی چەوساندنەوەی کوردان بوو لە سوریا چونکە مافی کوردەکانی نەپاراست، لەبری ئەوە سیاسەتی بەعەرەبکردنی بەهێزتر کرد کە بووە هۆی هەڵاواردنی لەمێژینەی دژ بە پێکهاتەی کورد. ڕاستە ئەم دەستورە بە ئاشکرا هیچ مادەیەکی دژە کوردی لەخۆ نەگرتبوو، بەڵام جەختکردنەوە لەسەر شوناسی عەرەبی و داننەنان بە فرە کولتوریی سوریا هۆکاربوو لە پەراوێزخستنی کورد و گروپە غەیرە عەرەبەکانی تر چونکە زۆرێک لەمادەکان جەختکردنەوەی بووە لەسەر نەتەوەی عەرەب و ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری هەبووە لەسەر مافی نەتەوەکانی تر لەبەر ئەم هۆکارە داڕشتنی ئەم دەستورە و بەوشێوازە تا دەیان ساڵی دواتر کاریگەریەکەی بەردەوام بوو لەسەر یاسا و حوکمڕانی سوریا دژ بەکوردان.
بەشی دووەم/ دەستوری ١٩٣٠ی سوریا و مافەکانی کورد:
سوریا لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٠دا لە ژێر ئیختیاری فەرەنسادا بوو. ژیان لە سوریا لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٠ و دواتردا گۆڕانکاری بەرچاوی بەخۆیەوە دیت، له ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە. سوریا پێش ئەم کات و دوای ئەم ساڵانە شوێنی تێکەڵەیەک لە گروپە ئایینی و نەتەوەییەکان بووە، لەوانە موسڵمانان ❨سوننە، عەلەوی، دروز❩، مەسیحی، جوولەکە، و کورد. فەرەنسییەکان هەوڵیان دەدا دابەشبوونە تائیفیەکان بقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بەڵام زۆرێک لە سوورییەکان دژی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی فەڕەنسا یەکگرتوو بوون و نەچوونە ژێر باریان، هەر لەبەر ئەم هۆکارە فەرەنسییەکان سوریایان بەسەر دەوڵەتە بچووکەکان دابەشکرد (بۆ نموونە دیمەشق، حەلەب، دەوڵەتی عەلەوییەکان) بۆ لاوازکردنی بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکان لە سوریا، بەڵام ئەم ستراتیژە کاردانەوەی لێکەوتەوە، چونکە سوریاییەکان زیاتر بەرەنگاری دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم بوون بەمەش زیاتر قەهر لە دڵ بوون و چەندین شەڕ و پێکدادان و ڕاپەڕین کراوە لە ساڵانەکانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٥٠. ئەو قۆناغە خاڵی وەرچەرخان بوو لە مێژووی سوریادا، کاریگەری لەسەر ڕێڕەوی سوریا هەبوو تا سەدەی بیستەم.
لە ساڵی ١٩٣٠ فەرەنسییەکان دەستوورێکی نوێیان بەسەر سوریایان سەپاند، کە لە ڕووی کردارەکی سوریای وەک کۆمارێک دامەزراند بەڵام لە ژێر کۆنترۆڵی فەرەنسادا. دەستوری ساڵی ١٩٣٠ سوریا بەری بناغە بوو بۆ دامەزراندنی کۆماری یەکەمی سوریا لە سەردەمی سیستەمی ئیختیاری فەرەنسادا ــ دەستورەکە لە لایەن لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی "ئیبراهیم حەنانو" داڕێژراوە. ئەم هەوڵە گوزارشت لە خواستی هاووڵاتیانی ڕەسەن سوریا بوو بۆ ئۆتۆنۆمی سوریا و بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نیشتمانی. لە ساڵی ١٩٣٠ سەرۆکی سوریا محەمەد عەلی بەی ئەلعابد بوو. لە ١١ی حوزەیرانی ١٩٣٢ تا ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٣٦ وەک یەکەم سەرۆکی کۆماری سوریا لە ژێر ئیختیاری فەرەنسادا کاری کردووە. پێش ئەو، سوریا لەلایەن کۆمیساریای باڵای فەرەنساوە بەڕێوەدەبرا و لە ساڵی ١٩٣٠دا هیچ سەرۆکێکی فەرمی نەبوو، بەڵام تاج الدین ئەلحەسەنی لە ساڵی ١٩٢٨ لەلایەن فەرەنسییەکانەوە وەک سەرۆکی دەوڵەتی سوریا (نەک سەرۆک کۆمار) دەستنیشانکرا.
ڕاستە دەستوری ساڵی ١٩٣٠ بنەمای دروستکردنی کۆماری یەکەمی سوریای پێکهێنا، بەڵام کاریگەری لەسەر دەقە دەستورییەکانی دواتری وڵاتەکە هەبوو. هەرچەندە بەهۆی ئەو سنووردارکردنانەی کە لە لایەن ئیدارەی فەرەنسا سەپێندرابوو، دژایەتی و ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، بەڵام مێژوو گەواهیدەرە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بەرەو سەربەخۆیی و ڕێکخستنی دەوڵەتی مۆدێرن لە سوریا.
ژیانی کوردان لەو سەردەمەدا دژوار بوو. کورد سەربەخۆێکی سنوورداری هەبوو. فەرەنساش کەمینەکانی بەگشتی تەنانەت (بە کوردیشەوە) وەک بەرپەرچدانەوە بۆ ناسیۆنالیزمی عەرەبی بەکارهێنا، بۆ نموونە ڕێگەی دا تا ڕادەیەک ڕەگەز و زمان و نەریت و کلتورەکانی کوردان پارێزرێت. بەڵام ئەمه نەبۆیە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ کوردان، کورد بە شێوەیەکی سەرەکی لەو سەردەمەدا خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوو، چونکە کوردەکان دەیاناڵاند بەدەست هەژاری و نایەکسانی ئابووری.
دەستوری سوریا لە ساڵی ١٩٣٠ چەندین ماف و ئازادی گشتی بنەڕەتیی خستە ڕوو. بەڵام لە واقعدا وەک خۆی جێبەجێ نەدەکران. بۆ نموونە لە کاتێکدا کە بە دیاریکراوی باسی دانیشتوانی کوردی نەکردبوو، بەڵام چەندین بڕگەی گشتی هەبووە بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی لەنێوان هەموو سوورییەکان بەبێ گوێدانە پاشخانی نەتەوەیی یان زمانەوانییان داڕێژراون. بەڵام لە واقعدا یەکسانی و ئازادییەکان بۆ کورد نەشیاون!
بۆ نموونە: زمانی عەرەبی وەک زمانی فەرمی دەوڵەت دەستنیشان کرا. زمانی کوردی، وەک زمانێکی کەمینە، وەک زمانی فەرمی و ئیداری نەناسرابوو. ڕاستە لە کاتێکدا دەستور بە ئاشکرا بەکارهێنانی زمانی کوردی لە چوارچێوەی تایبەتی دەوڵەتی سوریا یان کولتوورەکەیدا قەدەغە نەکردبوو، بەڵام هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ بەکارهێنانی لە پەروەردە، میدیا، یان ئیدارەی گشتیدا دانەناوە. ئەمەش خودی خۆی دەچێتە چوارچێوەی باری نایەکسانی و ناعەدالەتی بەرامبەر نەتەوەی کورد.
دەستور زۆر گرنتی بۆ هاوڵاتیانی دابین کردبوو، سەرەڕای ئەم گەرەنتییە زۆرانەی دەستور، حیساباتە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی سوریا ئەو مافانەیان بۆ دانیشتوانی کورد نەپاراستووە. بۆ نموونە له مادەی شەشەم ئاماژە بەوە دەکات و دەڵێت: ئەم مادەیە گەرەنتی ئەوە دەکات کە هەموو سوورییەکان یەکسان بن لەبەردەم یاسادا، بەهرەمەندن لە مافی مەدەنی و سیاسی یەکسان بەبێ جیاوازی لەسەر بنەمای ئایین، باوەڕ، ڕەگەز، یان زمان. مادەی ٢٨یش دەڵێت: ئەم مادەیە مافی پێکهاتە ئاینییە جیاوازەکان دەستەبەر دەکات، ڕێگەیان پێدەدات قوتابخانە بۆ پەروەردەکردنی منداڵان بە زمانی خۆیان دابمەزرێنن، بە مەرجێک لەگەڵ ئەو بنەمایانەی یاسا دیاریکراون بگونجێت. بەڵام ئەمە هیچ بەو جۆرە نەبووە بەڵکو ئەو سیاسەتانەی کە ئامانجیان سەرکوتکردنی ناسنامەی کوردە، بریتی بوون لە سنووردارکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە فەزای گشتی و قوتابخانە و شوێنی کاردا؛ قەدەغەکردنی بڵاوکراوەی زمانی کوردی؛ و قەدەغەکردنی ئاهەنگگێڕان بە بۆنە کولتوورییە کوردییەکان، وەک نەورۆز. سەرەڕای ئەوەش، لە ساڵی ١٩٦٢، سەرژمێرییەکی تایبەت لە پارێزگای ئەلحەساکە بووە هۆی ئەوەی کە نزیکەی ١٢٠ هەزار کورد ڕەگەزنامەی سوورییان لێسەندرێتەوە و بێ دەوڵەت بوون- ژمارەیەک کە لەو کاتەوە بۆ ٣٠٠ هەزار کەس زیادی کردووە. ئەم کردەوانەی لەنێوان ساڵانی ١٩٣٠بۆ ١٩٥٠ دەبینرێت نایەکسانییەکی بەرچاو لە نێوان بڕگەکانی دەستوری کە مەبەست لێی دەستەبەرکردنی یەکسانی و مامەڵەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای کورد لە سوریادا نیشان دەدەن.
گەورەترین زیان کە ئەم دەستورە هەیبوو بۆ کوردان ئەوەبوو دەستور وایکردبوو سیستمی سیاسی لە سوریا نوخبەی ناسیۆنالیستی عەرەبی زاڵ بێت بەسەریدا، نوێنەرایەتی سیاسی کوردیش سنووردار بوو لەو سەردەمەدا چونکە پارت و بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکان کە بانگەشە بۆ مافەکانی کورد و دۆزە ڕەواکانیان دەکەن، بە ئاشکرا دانیان پێدا نەنرا و نە پشتیوانیان لێ نەکرا. ئەمەش زەرەر و زیانێکێ بێ شوماری پێ گەیاندن لەوەی نەتوانن دەسەڵاتی سیاسی لە پەرلەمان بەکار بهێنن بۆ مافەکانی خۆیان.
ئەم دەستورە کۆتایی پێهات و ساڵی ١٩٥٠ سوریا داڕشتنی دەستوورێکی نوێ بەخۆیەوە دیت بەڵام ناسەقامگیری سیاسی بەردەوام بوو. دەستوری نوێ نەیتوانی کپی بکاتەوە.
بەشی سێیەم/ دەستوری ساڵی١٩٥٠ سوریا و مافەکانی کورد
دوای سەربەخۆیی سوریا لە دەستی فەرەنسا لە ساڵی ١٩٤٦، سوریا ڕووبەڕووی ناسەقامگیری سیاسی و کودەتای سەربازی و دیدگای جیاواز و پڕ کێبڕکێکاری لایەنەکان بۆ چۆنیەتی حوکمڕانیکردن و جڵەوگرتنە دەسەڵات بووە. کودەتایەک لەسوریا ڕوویدا لە ٢٩ی ئازاری ١٩٤٩ بە سەرۆکایەتی "ژەنەڕاڵ حوسنی ئەلزەعیم"، هەندێک لە مێژوونووسان پێیان وایە کە ڕەنگە سی ئای ئەی یان زلهێزەکانی ڕۆژئاوا پشتگیری یان هاندانی کودەتاکەیان کردبێت بۆ حوسنی زەعیم بەهۆی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. ئەم کودەتایە خاڵی وەرچەرخانێکی نوێی لە سیاسەتی سوریادا بەدیکرد. بەڵام ئەم خاڵەش هەر زوو پوکایەوە چونکە دوای کودەتاکە حوکمڕانییەکەی حوسنی زەعیمیش ماوەی، تەنها ١٣٧ ڕۆژی خایاند، پێش ئەوەی لە ئابی ١٩٤٩ لەلایەن عەقید سامی ئەلحیناویەوە بڕووخێنرێت.
دوای چەند کودەتایەکی دیکە لە هەمان ساڵدا، ئەنجوومەنی دامەزرێنەر هەڵبژێردرا بۆ داڕشتنی دەستورێکی نوێ لە ساڵی ١٩٥٠، بە ئامانجی دامەزراندنی سیستەمێکی سەقامگیر و دیموکراسی تر بۆ سوریا. یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی پڕۆسەی داڕشتنی دەستور، "فارس ئەلخوری"، دەوڵەتمەدارێکی دیار و سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوریا بوو. بەڵام خودی دەستور دەرئەنجامی هەوڵی بەکۆمەڵ بوو لەلایەن شارەزایانی جۆراوجۆری یاسایی و سیاسی لەناو مەجلیسدا کە نوێنەرایەتی کوتلە و بیروباوەڕە جیاوازەکانی سوریای دەکرد و داڕێژرا.
دوای کودەتاکەی حوسنی ئەلزەعیم دەستوری نوێ دەقیق لە ٥ی ئەیلوولی ١٩٥٠ پەسەندکرا، بەمەش کۆتایی هات بە دەستوری ١٩٣٠. ئەم دەستورە نوێیە بەڵگەنامەیەکی گرینگ بوو بۆ مێژووی دروستبوونی ئێستای سوریا، چونکە تاکە پێناسە بوو بۆ پێکهاتەی سیاسی وڵاتی سوریا دوای سەربەخۆیی. ئەم پێناسەیەش بەجوانی ڕەنگی دایەوە لەسوریا چونکە دەستور دەسەڵاتی سیاسی سوریای وەک کۆمارێکی بەهێز ناساند و دوورکەوتەوە لە هەر حوکمڕانییەکی پاشایەتی یان پاوانخوازانەی پێشووتر.
ئەوەی زۆر سەیربوو لەدەستوری تازەدا دەستورەکە پابەندبوونی سوریای بە یەکێتی عەرەبی جەختی تەواوەتی لەسەر کردبۆیەوە. بەڵام سەرەڕای ئەم جەختکردنەوە لەسەر ناسنامەی عەرەب، لە ڕووی تیۆریەوە دەستور تا ڕادەیەک ڕێزی لە مافی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانیش گرت، هەرچەنده نەیتوانی مافی ڕەویەتی خۆیان پێ بدات، بەڵام بەگشتی ئەمەش پلەیەک گشتگیریتر بوو لەچاو دەستوری پێش خۆی. ئەم دەستورە چەندین لایەنی باشتری هەبوو کە بێ شومارن و لێرە زۆری پێویستە لەسەری بڕۆین... بەڵام بەهۆی ئەوەی کە وەک خۆی جێبەجێ نەکرا چەندین خراپەی لێکەوەوە، بۆ نموونە؛ هەموو دەزانن سوریا وڵاتێکە کە بەناوبانگە بە زۆری نەتەوەیی و تائیفی، بەڵام دەستورەکە هەرچەندە لە ڕووی تیۆریەوە هەوڵیدابوو هەمە چەشنی نەتەوەیی و مافەکانیان بپارێزێت، بەڵام لە ئەرزی واقعەوە جێبەجێ نەکرا، بۆیە دەستور نەیتوانیوە سیستەمێک دروست بکات سەپاندنی دەقی مادەکانی تێدابێت کە هاوسەنگی ئەم جیاوازییانە ڕابگرێت. بە تایبەتی مافی گرووپە کەمینەکانی وەک دروز و کورد. هەرچەندە دەستورەکە لە ڕووی تیۆریەوە بۆ ئەوە داڕێژرا دیموکراسی بەرقەرار بکات بەڵام لە پراکتیکدا چەندین زیانی هەبووە. ئەگەر ئەم دەستورە بە تەواوی جێبەجێ بکرایە و پارێزگاری لێکرابا، دەکرا بناغەیەکی پتەو، سەقامگیر و دیموکراسیتر بۆ سوریا دابین بکردایە. بەڵام ناسەقامگیری سیاسی و پارێزگاری نەکردن لە مافی کەمینە نەتەوەکانی تر و دەستێوەردانی سەربازی لە کۆتاییدا بووە هۆی تێکدانی دەستورەکە و خراپکردنی.
یەکێک لە گەورەترین زیانەکانی ئەوەبوو سەرەڕای ئەوەی سوریا سیستمی پەرلەمانی پەیڕەودەکرد لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا کەچی کوردان لە سوریادا بەشدارییەکی سنوورداریان لە ژیانی سیاسیدا هەبوو. هەرچەندە سیاسەتمەدارانی کورد لە هەندێک حیزبدا بوون، بەڵام نەدەکرا بە ناسنامەی کوردەوە خەریکی سیاسەتکردنی ئاشکرابن. ڕێکخستنی سیاسی کورد بەتەواوی لەوسەردەمەدا قەدەغە کرا. ڕۆشنبیران و تێکۆشەرانی کورد سەرکوت کران و زۆرێک لە سەرکردەکانی کورد دەربەدەر کران.
ئەم دەستورە هیچ مافێکی ئەوتۆی ڕاستەوخۆی بە گەلی کورد نەداوە، ئەم دەستورە دیموکراسیتر بوو بۆ گەلی سوریی عەرهب لەسوریا بەڵام هیچ مافێکی ئەوتۆی نەتەوەیی و زمانی و کلتوری نەدرابوو بە کورد، بۆ نموونە:
لە مادەی یەکەمی دەستورەکە هاتووە: "سوریا کۆمارێکی سەربەخۆ و سەروەر و دابەشنەکراوە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت دەستبەرداری سەروەری و خاکەکەی بێت بۆ هیچ لایەنێک".
ــ ئەم مادەیەی دەستور وەک هەر مادەیەکی دەستورەکانی تری تورکیا و سوریا یەکێکە لەو دەقە گرنگانە بۆ عەرەبی سوری گرنگە، چونکە جەخت لەسەر سەربەخۆیی سوریا و یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکاتەوە. کوردان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی ناتوانن داوای سەربەخۆی و جیابوونەوە بکەن.
هەر لە مادەی یەکەمدا؛ جەخت لەسەر ناسنامەی عەرەب کرایەوە و باس لەوە کرا کە سوریا دەوڵەتێکی عەرەبییە. ئەمەش کوردانی بێبەش کرد لە مافی بوون بەهاوڵاتیانی سوریا!
ئەم مادەیە ناسنامەی عەرەبی دەوڵەتی لەسەر ئاستی دەستوری چەسپاند بەوەی کە سوریا بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب و فەرهەنگی عەرەبی وەرگرتووە.
لەڕووی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە، دەستور بەتەواوی ڕێگەی نەدا ڕۆژنامەگەری بەبێ کۆنتڕۆڵ و سەربەخۆ کاربکات. چونکە دەستور ئاماژەی بەوە کردبوو کە زمانی فەرمی وڵاتی سوریا عەرەبییە، و دانپێدانانی سنوورداری بە مافە کولتووری و زمانەوانییەکانیان کورد بەخشیبوو، لەبەر ئەمە کۆنترۆڵی دەوڵەت و سانسۆر بەسەر چاپەمەنیدا هەبوو. چاپەمەنی بە گشتی بە پێی بەرژەوەندی حکومەت و دەوڵەت دەڕۆیشت، ئەمەش ئازادی کوردەکانی بە ڕێژەیەکی زۆر بەرتەسک کردەوە.
لەم دەستورە مافی هاوڵاتی بوون بەهیچ شێوەیەک بۆ کورد بەدی نەدەکرا بەڵکو هاوڵاتیبوون بە شێوەیەکی گشتی لەسەر بنەمای سووریبوون پێناسە کرابوو، بەڵام ئەم پێناسەیە بە تایبەتی بۆ کورد جیاکاری بوو. زۆرینەی ڕەهای کورد لە مافی هاووڵاتیبوون بێبەش کران، ئەم مەسەلەی هاووڵاتیبوون لە سووریا بەشێکی گرنگی خەباتی کورد لە پێناو شوناس و بەرخۆدانیان لە بەرامبەر هەڵاواردن لە دوای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بووە.
ئەمەش بۆیە هۆی ئەوەی لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە بزووتنەوە و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە نێو کورددا کەوتنە ژێر سەرکوتکردنی زیاتر. حکوومەتی سوریا زۆربەی گرووپە سیاسییە کوردییەکانی قەدەغە کردبو. لەو ماوەیەدا، هەرچەندە ڕێکخراوەکانی وەک پارتی دیموکراتی کورد و پارتی یەکێتی چالاک بوون، بەڵام حکومەتی سوریا چەندین جار قەدەغەکردنی ئەوانی لێ قەدەغە کرد و سەرکردەکانیان دەستگیرکرد. هەر بەهۆی ئەم دەستورەوە زمانی کوردی هیچ پێگەیەکی فەرمی نەبوو، بەکارهێنانی لە پەروەردە و دامەزراوە گشتییەکان قەدەغەبوو، کورد بە زەحمەت دەیتوانی گوزارشت لە ناسنامەی کولتووری خۆی بکات و بڵاوکراوە بە زمانی کوردی یان لە بۆنە کولتوورییەکان قەدەغە کرابوون.
کوردان ژیانیان زۆر خراپ دەگوزەراند دەستور نەیتوانی کارێک بکات کە لەبەرژەوەندی هەموو نەتەوەکان و تائیفە جیاوازەکانی سوریادابێت هەربۆیە تەمەنی ئەم دەستورەش کەم بوو، لە ٥ی ئەیلوولی ١٩٥٠ و لە ١٩٥٣ هەڵپەساردرا و دواتر تا ساڵی ١٩٦١، سوریا بۆ ماوەیەکی کورت دەستوری ساڵی ١٩٥٠ی بە هەموارکردنەوە خستەوەبواری جێبەجێکردن، بەڵام دواجار لە ساڵی ١٩٦٤دەستورێکی نوێ و جێگەی گرتەوە کە بەدەستوری سەردەمی بەعس ناوزەندە کراوە.
بەشی چوارەم/ ژیانی کوردان دوای دەستوری ١٩٦٤ی سوریای سەردەمی حزبی بەعسی سوریا:
دەستوری سوریا لە ساڵی ١٩٦٤ لە سەردەمی حوکمڕانی پارتی بەعسی سوریا (حزب البث العربی الإستراکی) لە سوریا نووسراوەتەوە. پارتی بەعس لە ساڵی ١٩٦٣ بە کودەتایەکی سەربازی هاتە سەر دەسەڵات و دواتر دەستورێکی هاوفکری دامەزراند لەسەر بنەمای ئەوەی لەگەڵ ئایدۆلۆژیای بەعس بێتەوە. چونکە بیروباوەڕی پارتی بەعسی سوریا؛ لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی عەرەبی و سۆسیالیزم و حوکمڕانی مەرکەزی دامەزرابوو. بەڵام لەواقعدا هەرگیز یەکسانی داهات و دەرفەت و نەهێشتنی چینایەتی نەهاتە دی بەهۆی ئەم هەموو زوڵمەی بەرامبەر بەکورد دەکرا لەم سەردەمەدا.
دوای ئەوەی سوریا لە ساڵی ١٩٤٦ سەربەخۆیی بەدەستهێنا، حکومەتی سوریا تا دەهات سیاسەتی ناسیۆنالیستی و عەرەبیانەی دەگرتەبەر. بۆ نم/ پارتی بەعس کە لە ساڵی ١٩٦٣ هاتە سەر دەسەڵات، ئەو سیاسەتانەی چڕتر کردەوە کە بۆ لێدان و سەرکوت کردنی کوردان کاریگەری هەبوو بۆ پێکهاتە کوردەکان بە تایبەتی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا (وەک ناوچەی جزیرە) ڕووبەڕووی دژیاتی زۆر بوونەوە. دەستوریش لە پیشەکیەکەیەوە بگرە تا چەندین دەقی ناو دەستورەکە پاڵپشتی لە توانەوەی کورد دەکرد و جەختی لەسەر بەهێزی نەتەوەی عەرەب دەکردەوە.هەر بۆ نموونە لە دەستوردا سوریای بە "بەشێک لە نەتەوەی عەرەب" پێناسەی کردبوو. خراپترین شتێک بەسەر کورداندا هاتبێت دوای دانانی دەستوری ١٩٦٤ ئەوەبوو حکومەت هەوڵەکانی بەعەرەبکردنی زیاتر کرد. ناوی کوردی گوند و شارۆچکەکان گۆڕدرا، زمانی کوردی لە فەزای بەکارهێنانی گشتیدا قەدەغە کرا، نەک هەر ئەوە ناولێنانی منداڵانیش قەدەغە کرابوو. هەروەها هەزاران کورد توشی ڕاگواستن و دەربەدەرکردن هاتن و ناسنامەیان لێ سەندرایەوە، هەموو ئەمانەش جیا لە ڕەگەزپەرستی سەرکردە باڵاکانی ئەوکات دەستوریش هۆکارێک بوو بۆ توانەوە و لێدانی کوردان چونکه بەهیچ شێوەیەک لەدەستوردا ئاماژە بە بوون و مافەکانیان نەکرابوو. هەر بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٦٢ حکومەتی سوریا سەرژمێرییەکی تایبەتی لە پارێزگای حەسەکە ئەنجامدا و لە ئەنجامدا نزیکەی ١٢٠ هەزار کورد لە شەوێکدا ڕەگەزنامەیان لێسەندرایەوە و بە بیانییەکان هەژمار کران، نەک وەک نەتەوەیەکی جیاواز بەناوی کورد هەژمار نەکران، بەڵکو دوای ئەمە مافی سەرەتایییانی خۆشیان لێ زەوت دەکرا، وەک خاوەندارێتی موڵک و خوێندن و دامەزراندن...هتد. ئەمەش زەمینەی بۆ بێمافی زیاتری کوردانی ڕۆژئاوا لە ساڵانی دواتردا داڕشت.
کوردان لە سوریا لە ساڵانی ١٩٦٤ دواتردا ژیانیان نا لەبار و هەراسان بوو، چونکە سیاسەتەکانی سەردەمی ئیدارەی پارتی بەعسی سوریا بەهۆی دانپێدانەنانیان بە مافەکانی بوون و ناسنامەی کورد بەردەوامبوون کە هەوڵەکانیان بەردەوام چڕکرابۆوە بۆ ئاسمیلەکردنی کوردان لە سوریا. لەم ساڵانەدا کورد لە مافە سەرەتاییەکانی وەک تەندروستی و دامەزراندن و خاوەندارێتی موڵکداری بێبەش کرا. خوێندن و پەخشی زمانی کوردی قەدەغە کرابوو. کورد ناچار بوو خۆی بپارێزێت لە قسەکردن بە زمانی خۆی تەنانەت لەبەردەم خەڵکدا بۆیان نەبوو زوبانی خۆشیان بەکار بهێنن، دەستوریش تەنها زمانی عەرەبی بە زمانی فەرمی دەوڵەتی سوریا ناساندبوو. بەکورتی هەموو شتێک لە سوریا دەبوایە بەپێی ویست و خواستی عەرەب و حیزبی بەعسی سوری بێت، چونکە هاتنی پارتی بەعسی سوری بۆ دەسەڵات لە سوریا لە ساڵی ١٩٦٣ کاریگەری زۆری لەسەر دۆخی کورد لە سوریا هەبوو. چونکی ڕژێمی بەعس لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی عەرەبی دامەزرا ئەمەش بۆیه هۆی ئەوەی لە سوریا وەکو هەڕەشەیەک سەیری کوردیان دەکرد، کوردان هیچ کاتێک وەک نەتەوەی عەرەب سەیرنەدەکران. لە ساڵی ١٩٦٤ بەدواوە کوردەکان ناڕەزایەتێکی زۆریان دەردەربڕی بەرامبەر بە سیاسەتە ستەمکارەکانی حکومەتی سوریا. چەندان خۆپیشاندان ڕێکخران، لەم خۆپیشاندانانەدا زۆرێک لە کوردەکان دەستگیرکران و سەرکوتی حکومەت زیاتر زیادی کرد.
چەندین سەرۆکی قەهر لەدڵ و دڵ ڕەق و توندڕەو بەرامبەر بەکورد فەرمانڕەویەتی سوریایان کردووە لەماوەی حکومڕانیکردن بە دەستوری ١٩٦٤ی سوریا. یەکەم سەرۆک ئەمین ئەلحافز لە ساڵی ١٩٦٣ تا ١٩٦٦ سەرۆکایەتی سوریای کردووە و یەکێک بووە لە سەرکردە سەرەتاییەکانی پارتی بەعس. ڕێباز و عەقڵیەتی ئەو لەگەڵ کوردەکان سوڕاوەتەوە لە بازنەی ئایدۆلۆژیایەکی ناسیۆنالیستی عەرەبی پارتی بەعسی سوری، ئەو لەماوەی حکومڕانی تەنها کاری درێژەدان بووە بە سیاسەتی ستەمکارانە و جیاکاری بەرامبەر بە کورد. چونکە هەمیشە ئەمین ئەلحافز داکۆکی کارێکی سەرسەختی پارتی بەعس بوو و هەمیشە پاڵپشتی لە بیرۆکەی "یەک نەتەوەی عەرەبی" کردووە. هەموو شتێکی لەپێناو سەرخستنی بیرۆکەی پارتەکەی بووە. هەروەها لە سەردەمی ئەمین ئەلحەفیزدا پڕۆژەی پشتێنەی عەرەبی کە سیاسەتی گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافی بوو لە ناوچەکانی باکووری (جەزیرە، کۆبانی) کە کورد بە زۆرینەی دەژیا، زەبری زۆریان لە کوردا دا. چونکە هەر لەو سهردەمەدابوو گوندە کوردنشینەکانی نزیک سنووری تورکیا و عێراق چۆڵکران و لە شوێنی ئەوان عەشیرەتە عەرەبەکان جێگیرکران. ئەم سیاسەتە بووە هۆی زەوتکردنی زۆرەملێ لە خاکی کورد و کۆچکردنی زۆرەملێ و تێکدانی شوناسیان. لە سەردەمی ئەمین ئەلحەفیزدا قسەکردن و نووسینی کوردی لەبەردەم خەڵکدا قەدەغە کرابوو. پەروەردە و بڵاوکراوەکانی کوردی بەهەموو شێوەیەک قەدەغەبوو، ئاهەنگ و بۆنەی پەیوەندیدارەکان بە کولتوری کوردی ڕێگەیان پێ نەدەدرا. تەنانەت مافی دانانی ناوی کوردی بە منداڵانی کورد قەدەغە کرا و ناوی عەرەبی سەپێندرا بەسەر دایک و باوکیان تا لەمنداڵەکانیا بنێن.
سەلاح جەدیدیش یەکێکی تر بووە لە کەسایەتییە بەهێزەکانی حزبی بەعسی کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نوسینەوەی دەستوری ساڵی ١٩٦٤ هەبوو. سەلاح جدید لەدوای ئەمین ئەلحافز کەسێکی زۆر دیار و کاریگەر بووە له سوریا، ئەم لە نێوان ساڵانی ١٩٦٦ بۆ ١٩٧٠وەک سەرۆکی باڵی ڕادیکاڵی پارتی بەعس کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی سوریا هەبووە و بەشدارێکی بەرچاوی هەبووە لە توانەی کوردان و ئازاردانیان و بێبەشکردنیان لە مافە نەتەوەیی و کلتورییەکانی خۆیان. ئەو کێشانەی دەیان هەزار کورد هەیانبوو لە دوای سەرژمێری جەزیرە لە ساڵی ١٩٦٢ ڕەگەزنامەیان لێ سەندرایەوە لە سەردەمی سەڵاح جەدیددایش چارەسەر نەکرا. چونکه خودی خۆی ئەو کارەی پێ ڕەوا بوو. دەسەڵاتی سیاسی و حکومڕانی سەلاح جەدید بە بیانووی کردەوەی چاکسازی بە کودەتایەکی حافز ئەسەد لە ١٣ی تشرینی دووەمی ١٩٧٠ کۆتایی هات. دواتر دەستگیرکرا و تەواوی ژیانی لە زینداندا بەسەر برد. لە ساڵی ١٩٩٣ لە زیندانی دیمەشق کۆچی دوایی کردووە.
بەشی پێنجەم/ دەستوری ١٩٧٣ی سوریا و مافەکانی کورد:
دەستووری سوریای ساڵی ١٩٧٣ بەگوێرەی داینامیکی سیاسی و ئایدۆلۆژی ئەو قۆناغە پڕ لە ڕقەی ڕژێمی حافز ئەسەد و لە چوارچێوەی ڕژێمی پاوانخوازی پارتی بەعسی سوریا بە سەرۆکایەتی حافز ئەسەد ئامادە کرابوو. دوابەدوای دەستێوەردانە سەربازییەکان و گێژاوی سیاسی لە سوریا لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردووی حافز ئەسەد دەسەڵاتی خۆی بەبیانووی "بزووتنەوەی چاکسازی" کە کودەتایەک بوو چەسپاند و بە کودەتاکە دەسەڵاتی پێشووی ڕاماڵی و خۆی شوێنی گرتەوە. هەر دوای کودەتاکە دەستورێک ئامادەکراو لە ڕیفراندۆمێکدا کە لە ساڵی ١٩٧٣ ئەنجامدرا بۆ قبوڵکردنی دەستورەکە و سەرەنجام لە ١٣ی ئازاری ١٩٧٣ قبوڵکرا. ئامانجی گشت دەقەکانی ئەم دەستورە بۆ هێنانە پێشەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و گوتاری سۆسیالیستی بوو، هەروەها بۆ ئەوەبوو عەقڵیەت و ئایدیۆلۆژیی حزبی بەعس بخاتە سەر بنەمایەکی یاسایی. بەڵام هەرگیز نەتوانرا بنەمایەکی یاسایی لەبەردا بێتەوە.
سیاسەتەکانی حافز ئەسەد بەرامبەر بە کورد لە سوریا بە شێوەیەکی گشتی زۆر خراپبوو، تاوەکو هەموو ئەو شوێن و دەسەڵاتانەی هەیبووە دژایەتی کوردانی کردووە. هەر بۆ نموونە؛ لە ساڵی ١٩٦٢، پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەسەد، سەرژمێرییەکی کرا لە ناوچەی حەسەکە، نزیکەی ١٢٠ هەزار کوردی بێ ناسنامە مانەوە. ڕژێمی ئەسەد دوای جڵەوگرتنە دەسەڵاتی نەک ئەوەی نەیتوانی هاوکاریان بکات بەڵکو ئەم سیاسەتەی درێژە پێدا و فراوانتری کرد، سەدان هەزار کوردی بۆ دەیان ساڵ بێ هاوڵاتیبوون و بێ مافی سەرەتایی مانەوە لەژێر فەرمانەکانی ئەسەدی باوک. هەروەها لە سەردەمی حافز ئەسەددا، حکومەت تەعریبکردنی سیستماتیکی لە ناوچە کوردنشینەکاندا جێبەجێکرد. ناوی شوێنەکانی کوردی گۆڕدرا بۆ عەرەبی، زمان و وانە وتنەوە بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا قەدەغە کرا.
هەر لە سەدەمی حکومڕانی ئەودا ناوچە کوردییەکان لە سوریاش هاوشێوەی ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوا سەرەڕای دەوڵەمەندی سامانە کشتوکاڵی و نەوتییەکانیان بە ئەنقەست گرنگی و گەشەیان پێنەدادان. دژایەتییەکانی ڕێژێمی ئەسەد بێشوومار بوو، ڕەنگه ڕۆچونمان تیایدا زۆر ئەستەم بیت وەک چۆن ئەم هەموو ئازار و ئەشکەنجەدانەی کوردان ئەستەم بۆ لەناوبردنی گەلی ئێمە.
چەندین مادەی ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆ هەبوون لەم دەستورەدا کە مافەکانی کوردیان پشتگوێ خستبوو، بۆ نموونە چەندین مادە ڕاستەوخۆ بەشداربوون لەوەی مافی کوردیان وەک نەتەوەیەکی زۆرینەی سوریا نەدابوو، بۆ نموونە: لە مادەی یەکەم هاتبوو سوریا دەوڵەتێکی عەرەبییە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە کورد لە چوارچێوەی فرەچەشنی نەتەوەیی سوریادا نەناسرێت.
هەر لەم دەستورەدا زمانی عەرەبی لە مادەی چوارەمدا ئاماژەی پێکرابوو. به پێی ئەم مادەیه زمانی عەرەبی وەک زمانی فەڕمی دەوڵەتی سوریا دیاریکرا و بەهیچ شێوەیەک ئاماژە بە هیچ زمانێکی تر نەکرابوو، ئەمەش وایکرد کە زمانی کوردی لە بواری پەروەردە و ڕاگەیاندن و کایەی گشتیدا بەکارنەهێنرێت.
تاکە مادەیەک لەو دەستورە جێگای قبوڵ نەبوو، مادەی هەشتەم بوو. ئەم مادەیە گشت لایەنە دژ یەکەکانی حافز ئەسەد دژی بوون. بەگشتی مادەی هەشتەم وەک بڕگەکانی تری دەستوری ساڵی ١٩٧٣ ئامادەکرابوو بۆ خزمەتکردنی ئامانجەکانی چەسپاندنی دەسەڵاتی پارتی بەعس بە سەرۆکایەتیی حافز ئەسەد. کە دەقیق جەختی لەسەر ئەوەکردبۆوە کە "پارتی سۆسیالیستی عەرەبی بەعسی سەرکردەی دەوڵەت و کۆمەڵگایە". ئەوەش بەهیج شێوەیەک ڕێی تێنەدەچوو کە پارتێک لە دەستور دیاری بکرێت و شەرعیەتی حکومڕانیکردن تەنها بەو پارتە بدرێت، ئەم دەقە نەک دژ بە مافەکانی کوردبوو بەڵکو دژ بە فیکر و پارت و کۆمەڵەکانی تری ناو سوریاش بوو. چونکە ئەم مادەیە حوکمی تاک حزبی حزبی بەعسی خستە سەر بنەمایەکی دەستوری. هەرچەند پارتەکانی دیکەی ژێر چەتری بەرەی پێشکەوتنخوازی نیشتمانی ڕێگەیان پێدرا بوونیان هەبێت، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی پارتی بەعسدا بوون و نەیانتوانی خەریکی سیاسەتی سەربەخۆ بن. ئەمەش زەرەری زۆری لەلایەنەکانی تردا.
هەندێک گرژی و ئاڵۆزی لە سوریادا هەبوو بەشار ئەسەدی کوڕ بەهۆی ئەم گرژیانەوە ناچار بوو هەندێک چاکسازی لەدەستوور بکات. هەربۆیە هەڵسا بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێک لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ئەم مەبەستە دەستوری ساڵی ٢٠١٢جێگی گرتەوەو، دەستوری ساڵی ١٩٧٣ هەڵوەشایەوە. ئەم دەستورە کۆنە تا ٢٧ی شوباتی ٢٠١٢ کاری پێکرا.
بەشی شەشەم/ دەستوری ٢٠١٢نوێی سوریا و مافەکانی کورد:
مادەی هەشتەمی دەستوری ١٩٧٣ی سوریا ڕەخنە گەلێکی لەسەربوو، بارودۆخی سوریا پێش ٢٠١٢ تێکچوو بوو، ئازادییەکان بەگشتی بەهۆی بنەماڵەی ئەسەدەوە بەرتەسک ببوونەوە، دەسەڵاتی بنەماڵەیی ئەسەدیش لە شلۆقبوون دابوو، باشترین کار کرابایه هەوڵدان بوو بۆ گۆڕینی تەواوی وێستگەکانی حکومڕانی و دەستوری ١٩٧٣ یاخود هەموارکردنەوەی مادەی ٨ بوو، چونکە ئەم مادەیە دەسەڵاتی حکومڕانی بۆ حزبی بەعسی سوریا تاپۆ کردبوو، دوای نزیکەی ٣٨ساڵ حکومڕانیکردن بەدەستوری ١٩٧٢ هەوڵدرا دەستوورەکە بگۆڕدرێت، بەهۆی ئەو داواکارییانەی خەڵکی بۆ چاکسازی سیاسی کە لە کاتی بەهاری عەرەبی و ڕاپەڕینی سوریا(شەڕی ناوخۆیی سوریا) لە ساڵی ٢٠١١دا سەریان هەڵدا. هەربۆیە دەستوری ساڵی ٢٠١٢ی سووریا لە ٢٦ی شوباتی ٢٠١٢ بە ڕیفراندۆمێک پەسەندکرا و لە ٢٧ی شوباتی ٢٠١٢ بە فەرمی پەسەند کرا، دەستوری نوێ سیستەمی تاک حزبی هەڵوەشاندەوە و ڕێگەی بە سیستەمی فرە حزبی دا، بەڵام گۆڕانکاری ڕیشەیی لە واقعی حوکمڕانیدا هەرگیز نەهاتە دی. چونکە بنەماڵەی ئەسەد حکومڕانی و جڵەوی تەواوی دەسەڵاتەکانیان گرتبۆیە دەست.
ڕیفراندۆمی دەستوری ٢٦ی شوباتی ٢٠١٢، لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی سوریادا ئەنجامدرا، هەر بۆیە هیچ شەرعیەتێکی یاسایی نەبوو چونکە گومانی جددی لەسەر شەرعیەتی پڕۆسەکە دروستبوو، هەروها زۆربەی لایەنەکان هیچ دادپەروەریێکیان تیادا بەدی نەدەکرد. ئۆپۆزسیۆن و زۆرێک لە چاودێرانی نێودەوڵەتی وەک ڕیفراندۆمێک بۆ پەسندکردنی دەستور نا بەڵکو وەک مانۆڕێکی سیاسی بەشار ئەسەد سەیریان دەکرد نەک هەنگاوێکی ڕاستەقینە بەرەو چاکسازی و گۆڕانکاری. لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سوریادا ئەسەد لە ناوچە کوردنشینەکان کشایەوە، کوردانیش واتا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆنترۆڵی ناوچەی خۆسەری ئێستایان کرد، بەڵام دواتر ڕژێمەکەی ئەسەد لەگەڵ تورکیا و ئێران کاریان کرد بۆ لاوازکردنی ئۆتۆنۆمی کورد(خۆسەری باکور)، ڕەتیکردەوە دان بە خۆبەڕێوەبەری کوردان بنێت. هەتاوەکو ئەسەد پێش ڕوخاندنی دەسەڵاتەکەشی لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، ناچەی ڕۆژاڤا (ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا) بە بەشێک لە کۆنترۆڵی ناوەندی خۆی دەزانی و لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە فشاری دەخستە سەر کورد.
شتێکی سەیر لەم دەستورە هەبوو کە بە گوێرەی ماددەی ٨٨ی دەستوری سوریای نوێ، سەرۆک کۆمار بە دەنگی جەماوەری بۆ ماوەی حەوت ساڵ هەڵدەبژێردرێت، لەگەڵ ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی یەکجار، واتە هەر خولێکی٧ساڵ بێت و بۆ دووخولیش بەردەوام بێت، ئەمەش زیاتر لەبەر هێشتنەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی ئەسەدد بوو. بەشار ئەسەد لە ٢٠٠٠تاوەکو ٢٠١٤ دوو خولی خۆی تەواوکردبوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤دا یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دەرچوو، بەشار ئەسەدد بۆ خولی سێیەم واتا جاری سێیەم خۆی کاندید کردەوە، ئەمەش مشتومڕی لێکەوتەوە لەناو سوریا و جیهان چونکە هیج شەرعیەتێکی دەستوری و یاسایی نەبوو، بەڵام هەندێک بیانوویان بۆ دەهێنایەوە و دەیانگوت کە مافی ئەوەی هەیە سێ خول خۆی کاندید بکاتەوە چونکە دەستوری ٢٠١٢نوێیە. واتە خولەکانی پێشووی (٢٠٠٠-٢٠٠٧و ٢٠٠٧ بۆ٢٠١٢) بەپێی یاسا نوێیەکان هەژمار ناکرێن!
کە ئەمەش هیچ بەڵگەیەکی حاشا هەڵگری لەخۆ نەدەگرت و زۆر بێ بنەما بوو! مەرجەکانی کاندیدبوون بەپێی مادەی ٨٤ دەستوری ١٩٧٣ و دەستورە نوێیەکەی ٢٠١٢ش کاندیدی سەرۆکایەتی دەبوایە تەمەنی بەلایەنی کەمەوە ٤٠ ساڵ بەرەوژوور بێت. بەڵام بەشار ئەسەدد تەمەنی ئەوکاتەی دوای باوکی ئامادەکرا بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری سوریا تەنها ٣٧ ساڵ بوو کاتێک ١٧ی تەمموزی ٢٠٠٠ بوو هەڵبژێردرا، بوو بە سەرۆک کۆماری سوریا، بەڵام دەستور و یاسا ئەمەیان قبوڵ نەدەکرد، چونکە لەو کاتەدا لە دەستوری سوریادا مەرجی ئەوە بوو کە سەرۆک کۆمار تەمەنی لانی کەم ٤٠ ساڵ بێت. بۆ ئەوەی ڕێگەی پێبدرێت خۆی هەڵبژێرێت و دەستبەکاربێت، کەچی حکومەت دەستوری هەموارکردەوە و کەمترین تەمەنی دابەزاند بۆ ٣٤ ساڵ، تاوەکو دەسەڵاتی بەشار شەرعیەتێکی یاسایی وەربگرێت!
ئەم دەستورە نوێیە دەسەڵاتێکی بێ شوماری بە سەرۆک کۆمار دابوو، کە ئەم دەسەڵات پێدانە زۆرەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و سوریا بەتایبەتی نەدەگونجا چونکە دەسەڵاتی ڕەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیکتاتۆری ڕەها بەرهەم دەهێنێت، کە سەرۆک کۆمار دەیتوانی کۆنتڕۆڵی گشت وێستگەکانی حکومڕانی بکات، ئەم دەسەڵات پێدانە زۆرەش لەپێناو ئەوە نەبوو سەرۆک کۆمار بتوانێت دەسەڵاتی سیاسی و حکومڕانی ڕێک بخات و بەباشی بڕیار لەسەرچارەنوسی دەوڵەتی سوریا بدات، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەبوو بنەماڵەی ئەسەدد لە سوریا گشت دەسەڵاتە باڵاکان بۆخۆیان قۆرغ بکەن. دەستور دیاری کردبوو کە سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی پێشنیارکردنی یاسای بۆ پەرلەمان هەیە. هەروەها بەپێی مادەی ١٠٠دیاری کردبوو دەتوانێت ڤیتۆی ئەو یاسایانە بکات کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەرکراون، ئەگەر جارێکی دیکە پەرلەمان بە زۆرینەی ٢/٣ پەرلەمان یاساکە پەسەند بکات، دەبێت سەرۆک کۆمار واژۆی لەسەر بکات و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. واتا ئیلان دەبێت سەرۆک کۆمار ڕای لەسەر بێت. ئەمەش کۆنترۆڵ و دەسەڵاتێکی بێ شومار و بەرچاو بەسەر پرۆسەی یاسادانان دەدات بە سەرۆک کۆمار و تاپۆی دەکات بۆخۆی. هەروەها بەپێی مادەی ١١١ سەرۆک کۆمار دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و داوای هەڵبژاردنێکی نوێ بکات. ئەم دەسەڵاتە زۆرەی ئەم دەستورە پێی دابوو ڕێگەی بە سەرۆک کۆمار دەدات پەرلەمانێک لاببات کە هاوکار و گۆڕایەڵی نەبێت. لە درێژەی ئەو دەسەڵاتانەی دەستور دابووی بە سەرۆک کۆمار(بەشار ئەسەد) بەپێی مادەی ١٤١ی دەستور سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی هەیە و دەتوانێت دادوەرەکان دیاری بکات و دایانمەزرێنێت، هەروەها خودی سەرۆکیش کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی دادگای باڵای دەستوری هەیە. جیالەوە بەپێی مادەی ١٣٣ خودی خۆی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەکات. کە ئەمەش ئەم دەسەڵاتەش بێ شومارە و ناگونجێت بەدەست بنەماڵەیەکی پشتاوپشت بدرێت. وە بەپێی مادەی ١٠٥ی دەستور، سەرۆک کۆمار فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە. ئەو بە تەواوی دەسەڵاتی سەربازی و پۆلیس و هەواڵگری سوریای هەیە، کە ئەم دەسەڵاته سەربازیەی سەرۆک کۆمار دەگمەنە و زۆر ترسناکە، چونکە ئەم دەسەڵاتە ڕێگە بە سەرۆک کۆمار دەدات کە ناکۆکی و بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکان لە وڵاتدا پەک بخات یاخود بێ کاریگەریان بکات. بەشار ئەسەدیش زۆر سودی لەم دەسەڵاتانە بینی بۆ کۆنترۆڵکردن و درێژەکردنەوەی حکومڕانی و دەسەڵاتی بنەماڵەکەی.
دەستوری ٢٠١٢هیچ چاکسازێکی لە حکومڕانیدا نەهێنایە بوون، چونکە هەرچەندە دەستوری نوێ مادەی هەشتەمی لادا و هەڵبژاردنی فرە حزبی خستەڕوو، بەڵام زاڵبوونی سەرۆک و ئەو دەسەڵاتە بێ شومارانەی دەستور پێیدابوو بۆ زاڵبوون بەسەر هەموو لقەکانی حکومەتدا بەو مانایەیە کە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان دەسەڵاتی ڕاستەقینەی کەمیان هەیە و گۆڕانکاری نایەتە بوون. چونکه هەر وەک گوتمان سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی بێ شوماری هەیە لەبەرامبەردا پەرلەمان بە لاوازی مابۆیەوە، بەو پێیەی زۆربەی ئەندامان یان لایەنگری ڕژیمی ئەسەد بوون یان لەژێر کۆنترۆڵی توندی ڕژێمدا کاریاندەکرد. ئەم سوڵتە زۆرەی بەدەست سەرۆک کۆمارەوە بوو سەرجەم ئەو کێشانەبوون کە بۆ سەرجەم گروپ و تائیفە و لایەن و نەتەوەکان دروست ببوون، بەڵام کێشە گەلێکی تر هەبوو بۆ کورد، چونکە کورد لەم وڵاتە مێژووی هەیە و مافی هەیە، بەڵام دەستور گوێی نەدەدا بە پێگەی کورد و مافە کلتوری و سیاسییەکانی بۆ دابین نەکردبوو.
مافی کورد لەهەموو دەستورەکانی سوریا وەک مافی نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو پشتگوێ خراوە، بۆ نموونە لە یەکەم دێڕەکان و مادەی یەکەمەوە جەخت لەوە کراوەتەوە کە کورد پشگوێ بخرێت، یان بەبەشێک لەنەتەوەی عەرەب بناسرێت، چونکە لە مادەی یەکەمی دەستووری ساڵی ٢٠١٢ی سوریا بە ٤ دێڕ باس لەوە کراوە کە خاکی سوریا بەتەواوی هی عەرەبە و عەرەب خاوەنداریەتیان بەسەر دەوڵەتی سوری هەیە، بۆ نموونە مادەی یەکەم دەقیق دەڵێت:
ــ + "کۆماری عەرەبی سوریا" دەوڵەتێکی سەروەر و سەربەخۆیە. بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت دەستبەرداری سەروەرییەکەی بێت.
ــ ئەم دێڕە بۆ سەروەری دەوڵەتی سوریا نییە بەڵکو بۆ جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کوردان بەهیچ شێوەیەک ناتوانن داوای جیابونەوە و سەربەخۆی بکەن. بەڵام کوردان دوای شەڕی ناوخۆیی سوریا گوێیان بەم دەقە نەدا و هەوڵی دامەزراندی ناوچەیەکی سەربەخۆیان دا...
ــ + لە دێڕێکی تری مادەی یەکەم هاتووە کە: کۆماری عەرەبی سوریا بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب.
ــ ئەم دێڕەش هاوشێوەی دێڕی یەکەم جەختکردنەوەیە لەوەی کوردان هیچ پێگەیەکی قەومی و کلتوری و مێژوویان نییە لە سوریا.
لە دێڕی چوارەمی دەستوردا هاتووە کە؛ گەلی سوریا بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب.
بەکورتی مادەی یەکەم ڕێک بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە سوریا بە فەرمی دەوڵەتێکە کە لەسەر بنەمای "ناسنامەی عەرەبی" دامەزراوە. کورد و نەتەوەکانی دیکە لە ڕووی دەستورییەوە دانپێدانانیان پێدا نییە و گەلی سووریا بەکۆمەڵ بە "بەشێک لە نەتەوەی عەرەب" دادەنرێت.
مادەی چوارەمی دەستوری ساڵی ٢٠١٢ی سووریا زمانی عەرەبی وەک تاکە زمانی فەرمی وڵات دیاری کردووە کە دەقیق دەڵێت: زمانی فەرمی دەوڵەت عەرەبییە. واتە مادەی چوارەمیش وەک مادەی یەکەم: لە ئاستی دەستوردا ئەوە دەردەخات کە مافی بەکارهێنانی زمانی کوردی مسۆگەر نییە. هەروەها هیچ گەرەنتییەک ناکات بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی لە کایەی گشتی. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەمەش بەشدار دەبێت لە پوکانەوەی زمانێکی زیندووی گەلێکی خاوەن مێژوو لەو وڵاتە.
مادەی هەشتەمیش کە جەخت لە چۆنیەتی سیستەمی سیاسی دەکاتەوە کە دەڵێت: دەڵێت: پارتە سیاسییەکان بە یاسا ڕێکدەخرێن. هیچ حیزبێک ناتوانرێت لەسەر بنەمای پرەنسیپی نوێنەرایەتیکردنی توێژێکی کۆمەڵگا یان دەوڵەت دامەزرێت. واتە بە پێی مادەی هەشتەم، باس لەوە کراوە کە پارتە سیاسییەکان نابێت "لەسەر بنەمای قەومی، ئایینی و تائیفی" بن. ئەمەش وا دەکات بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکان زەحمەت ببن بە یاسایی چونکە کوردان لەسەر بنەمای قەومی لەزۆربەی دەوڵەتان چالاکی سیاسیان هەیە.
هەر لەبەر ئەم مادە و چەند هۆکارێکی سەرەکی تر هەبوو کە کورد سیستەمی خۆبەڕێوەبەری خۆی لە سوریا دامەزراند چونکە دەستور و خودی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدیش ڕێگەیان بە چالاکی سیاسی ئازادانەی کوردان نەدەدات، بۆیە دەرفەتیان بۆ ڕەخسا چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، بە تایبەت لەگەڵ شەڕی ناوخۆی سوریا ٢٠١١ کە بوە هۆی لاوازبونی دەوڵەتی سوریا و خودی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدد. دواتر سەرهەڵدانی داعش هۆکارێکی سەرەکی تربوو کە کورد توانی هەم داعش ببەزێنێت و هەمیش کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی خۆی بکات و هەم دیسان پاڵپشتی ئەمریکا بەدەستبهێنێت.
بەگشتی ئەم سێ مادەیە ڕاستەوخۆ دژی کوردبوون، بەڵام سەرجەم مادەکانی تر کەپەیوەندیان بە دابەشکردنی دەسەڵات و دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمارەوە هەبوو دژی کوردبوون، چونکە ئەم دەسەڵاتانەی درابوون بە بەشار ئەسەد بێ شومار بوون کە بەکاردەهێنران بۆ پوکانەوەی کورد لەسوریا.
