ئەمشەو ڕوناککەرەوەکانی هەرێمی کوردستان دەکوژێنرێنەوە

هەمەڕەنگ

22/03/2025‌ 729 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئەمشەوی شەممە، بۆ ماوەی یەک کاتژمێر زۆربەی گڵوپ و ڕوناککەرەوەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکوژێنرێنەوە، دەستەی ژینگەی هەرێمیش دەڵێت،" بۆ پاراستنی هەسارەکەمان با کارەبا بەپێی پێویست بەکاربهێنین".

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم بڵاویکردەوە،" ئەمڕۆ چالاکیی کاتژمێری زەوی بەڕێوەدەچێت کە چالاکییەکی جیھانیيە و بە بەشداریی زیاتر لە 170 وڵات، لە کۆتا شەممەی مانگی ئاداردا کاتژمێر 8:30 خولەکی شەو ئەنجامدەدرێت".

ئەوەشیخستەڕوو،  ئەمساڵ له‌هه‌ولێرو سلێمانی ئەو چالاکییە ئه‌نجامده‌درێت، کە تێیدا ته‌واوی گڵۆپ‌و روناككه‌ره‌وه‌كان بۆ ماوه‌ی یه‌ك كاتژمێر دەکوژێندرێنەوە.

دەستەی ژینگەی هەرێم باسی لەوەشکرد، مه‌به‌ست له‌و چالاكییه‌ دروستکردنی پردی پەیوەندی لەنێوان مرۆڤ و ژینگەکەيه‌تی لەجیھاندا، بۆئەوەی ببێتە ھۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری ژینگەیی تاکەکانی کۆمەڵگە‌و پاراستنی زەوی.

بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌و چالاكییه‌ له‌ ساڵی 2007 لە شاری سیدنیی ئوسترالیا به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام ئێستا له‌زیاتر له‌حەوت هه‌زار شار له‌ 172 وڵاتی جیهان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.