هەلى زێڕینی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا

توێژینەوە و شیکاریی

23/03/2025‌ 579 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پێشەکی
تورکیا لە قۆناغێکی هەستیاردایە؛ حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان تا دێت ڕووبەڕووی ئاڵنگارى زیاتر دەبێتەوە، لە قەیرانی ئابوورییەوە تا سەرکوتی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییە بەربڵاوەکان. لە بەرامبەر ئەم قەیرانانەدا، ئەردۆغان هەوڵدەدات کێشەکان هەناردەی دەرەوەی وڵات بکات، وەک هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ناوخۆ بەتایبەتی بۆ ناوچە قەیراناوییەکانی وەک سوریا و عێراق.
کودەتای ٢٠١٦ و پشتبەستن بە پشتیوانی دەرەکی
لە 15ی تەمموزی 2016، تورکیا شایەتحاڵی کودەتایەکی سەربازیی شکستخواردوو بوو، کە ئەردۆغان بە دیارییەکی خودایی وەسفی کرد بۆ پاکتاوکردنى سوپا و دەسەڵاتی دادوەری و میدیا لە وڵاتەکەى. دوای کودەتا شکستخواردووەکە، ئێران و ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو پشتیوانیان لە ئەردۆغان کرد: ئێران: محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتە، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە ئێران بەرگری لە سیستمی دیموکراسی تورکیا دەکات و کودەتاکەی ئیدانە دەکات (ئاژانسی هەواڵی فارس، ٢٠١٦). ڕوسیا: کرێملین پشتگیری خۆی بۆ حکومەتی هەڵبژێردراوی شەرعی ڕاگەیاند، هەڵوێستێک کە چاوەڕواننەکراو بوو بە لەبەرچاوگرتنی گرژییەکانی پێشوو لەسەر کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ڕووسی لە تشرینی دووەمی 2015.
تێبینی: دواتر ئەردۆغان دووبارە گەڕایەوە بۆ بەرەى ڕۆژئاوا – قەتەر و لە قەیرانی سوریادا پشتیوانی لە گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی وەک هەیئەى تەحریر شام کرد. دەکرێت هەڵسوکەوتی ئەردۆغان لە چوارچێوەی ڕێبازێکی پراگماتیکدا شی بکرێتەوە کە هاوپەیمانییە ناوچەییەکان تەنیا وەک ئامرازێکی کاتی بۆ پاراستنی دەسەڵات دەبینێت.
هەڵوێستی هەرێمایەتی سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئێستای تورکیا
لە هەلومەرجی ئێستادا چاوەڕوان ناکرێت ئێران و ڕوسیا ڕاستەوخۆ پشتگیری لە ناڕەزایەتیەکانی تورکیا بکەن یان دژایەتی بکەن، ڕەنگە زیاتر هەوڵى جڵەوکردنى ئەردۆغان بدەن بەبێ ڕووخانی تەواوەتی دەسەڵاتەکەى تا لەسەر سوریا دانوستانى نوێی لەگەڵ ئەنجامبدەن.
تێبینى: شرۆڤەکاری ڕووسی ئەلێکسی خلێبنکۆف، لە وتارێکیدا بۆ ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتی ڕووسیا (٢٠٢٣)، دەنووسێت مۆسکۆ ناڕەزایەتییەکانی تورکیا بە دەرفەتێک دەبینێت بۆ دووبارە دانانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە لە چوارچێوەی سوریادا.
هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان بۆ دەرەوە: کورد، سوریا و فەلەستین
ئەردۆغان پەنای بۆ هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان بردووە بۆ لادانی ڕای گشتی ناوخۆ:
هەرێمى کوردستان: بە هێرشی سەربازی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی.
باکوری سوریا: بە بیانوى بوونى پەیوەندییان بە پەکەکە و پاراستنى ئاسایشی نەتەوەیی.
فەلەستین: بەکارهێنانی پرسی غەززە وەک ئامرازێک لە میدیاکان، هاوکات پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل لە بواری ئابووری و ئەمنیدا.
تێبینی: بەگوێرەی گۆڤاری فۆرن پۆلیسی (2022) ئەردۆغان پرسی غەززە وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندە بەکاردەهێنێت، لەکاتێکدا لە پشت پەردەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەلئەبیب پەرەپێدەدات.
ئەردۆغان و گواستنەوە بەرەو سیستمێکى ستەمکارى
لە ساڵی ٢٠١٦ەوە سیستمی سیاسی تورکیا بەرەو سیستەمێکی سەرۆکایەتی و دەسەڵاتی ڕەها بۆ ئەردۆغان هەنگاوی ناوە. لە هەمان کاتدا سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری کەم بووەتەوە، میدیاکان سەرکوت کراون و زۆرێک لە کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکانی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش لە زینداندان. هیومان ڕایتس وۆچ (٢٠٢٤): تورکیا دەسەڵاتی دادوەری بەکاردەهێنێت بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ ڕکابەرەکانی.
ڕەنگدانەوەی گەردەلولى ئەقسا لەسەر سیاسەتی ئەردۆغان
دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی ئەقسا لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، کەش و هەوای جیهانی ئیسلامی گۆڕانی بەسەردا هات. بەڵام ئەردۆغان کە بەڕواڵەت خۆی وەک لایەنگری غەززە نیشان دەدا، سوودى لە دەرفەتى لاوازبوونى بەرەى موقاوەمە وەرگرت بۆ ئەوەی دەستێوەردانەکانی لە سوریا چڕتر بکاتەوە.
تێبینی: توێژەری لوبنانی موهەندەد ئەلحاج عەلی، لە وتارێکیدا بۆ ناوەندی کارنێگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (2024) دەنووسێت، ئەردۆغان پرسی غەززە تەنیا بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی لە باکوری سوریا و نەهێشتنی ڕکابەرە ئایدۆلۆژییەکان و کوردەکان بەکاردەهێنێت.
پێویستی بەپەلەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا
گۆڕینی تێڕوانین پارتی گەلی کۆماری بەرامبەر بە کورد و هەنگاونان بەرەو دیالۆگ و هاوکاری، بۆ بەهێزکردنی بنکەی کۆمەڵایەتی ئۆپۆزسیۆن زۆر گرنگە.
دروستکردنى هاوپەیمانی نێوان کورد و عەلەوى و هێزە چەپ و عەلمانیەکان تاکە ڕێگایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پاوانخوازییەکانى ئەردۆغان.
ئەنجام
قەیرانی ئێستای تورکیا ڕەنگدانەوەی قەیرانی پێکهاتە و سیستمێکە کە بەرەو ستەمگەریى هەنگاو دەنێت و ئامرازی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ مانەوەی خۆی دەقوازێتەوە. بەڵام دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ئۆپۆزسیۆن ڕەخساوە کە لە ڕێگەی یەکڕیزی ناوخۆیی و دوورکەوتنەوە لە دووبەرەکی، بتوانێت ئایندەیەکی دیموکراسی و هاوسەنگ بۆ تورکیا دروست بکات.