پرسی نەورۆز ، کاوە و زوحاک وەک ژانرێکی ئەدەبی یا مێژوویی ؟

توێژینەوە و شیکاریی

24/03/2025‌ 535 جار خوێندراوه‌ته‌وه


   ئەحمەد دەروێش
 ساڵانە و دەوروبەری نەورۆز ، دامەزراوە میدیاییەکان و بەتایبەتیش تیڤییەکان ، بۆقسەکردن لەمەڕ پرسی نەورۆز و پرسی کاوە و زوحاک ، دەچن بانگی پسپۆرانی مێژوو دەکەن و ئەوانیش وەک بڵێی حەوت مێشەهەنگیان لەدارێکدا دیتبێتەوە و بەشانازیی و بێدوودڵی قسەی لەسەر دەکەن .
میدیای کوردی لەبێئاگاییان کەوتوونەتە هەڵەیەکی گەورە چونکە پێیانوایە پرسی نەورۆز ، پرسی داستان و ئەفسانە بەفەرمی سەربەکایەی مێژووە ، میوانەکەش بەهەمان شێوە وەک بابەتێکی مێژوویی پوخت لێیدەڕوانێ و ، پێدادێ بەنمونە لەسەرچاوە ؛ سۆمەرییەکان ، ئەکەدی و بابلی ، ئاشورییەکان ، ساسانییەکان و ... هتد ناوەکان ئاوا تۆمارکراون و زوحاک ، ئەستیاگی دواپاشای مادەکان بووە . راستیی ئەمە شۆکێکی گەورە بۆ بینەر و بیستەر دروستدەکات و وەک بڵێی ئەوەی لەپێشو خوێندوویەتی و فێری بووە ، جگە لەتراویلکەیەک هیچی دیکە نەبووە !
لێرەدا میدیا و بەشێک لەپسپۆرانی مێژوو بەرپرسن لەتێکدانی سەلیقە و میزاجی خەڵک ، ئەو پسپۆرانەی مێژوو کە ئەم قسانە دەکەن رێک لێدانە لە؛  شەرەفخان، محمد ئەمین زەکی بەگ ، ئەحمەدی خانی  ، حاجی قادر و ..... هتد .
     ئەوانەی میوانداریی کەناڵەکان دەکرێن ، سۆران حەمە رەشی لێدەرچێ ، هەموویان کارەکتەری زوحاک و کاوەیان پێچەوانە کردووەتەوە ،
لەناو خەڵکدا کار گەیشتووەتە ئەوەی کە ؛ تەنانەت ئەوانەی هەڵگری ناوەکەشن خەریکە رقیان لەناوەکە دەبێتەوە ( ئەوەندە خەڵکیان تووشی رارایی کردووە ) ، گەر ئەو بایە لەو کونەوە بێت ، ئەو شوێنانەشی پەیکەری کاوەی لێماوە ، رەنگە لاببرێن .
      مامەڵەکردن لەگەڵ داستان و رۆمان و ئەفسانە ، هەرگیز وەک بەشێکی پوخت لەمێژوو تەماشا ناکرێ ، ئەمانە پتر ژانرێکی ئەدەبین و بۆیە پێویستە هەریەک لەئەفسانەناس و پسپۆری مێژو و مێژوو نووس سنووری قەڵەمڕەو و کایەی خۆی بزانێ چونکە هەستنەکردن بەو جیاوازیە ، بۆخۆی جەهلێکی گەورەیە . ناشێ نەتەوەبیت ئەفسانەت نەبێ ، ئەفسانە کە بەشێکە لەکلتوور ، پاش زمان و مێژو و خاک ، توخمی چوارەمی نەتەوەیە .
نەمبیستووە هیچ توێژەرێکی کورد لەبواری مێژوو چ لەرۆژهەڵات و چ لەباکور و رۆژئاوای کوردستان بەچاوی مێژوو لە ژانرێکی ئەدەبی بڕوانێ و بڵێ نەورۆز هی کورد نییە و ، زوحاک و کاوە پێچەوانە بکاتەوە ؟ دڵنیام ئەگەر کەسێکی وا هەبوایە ، ئەردۆگان ملیۆنان دۆلاری بۆخەرج دەکرد و هەر شەوەی لە تیڤییەک چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکرا و هەر رۆژەی لەشارێکی کوردی کۆڕ و سیمیناری بۆ رێکدەخرا ، کەچی لەباشور بەناوی ئەکادیمیبوون ، دێت کەلتووری چەندان ساڵەی میللەتەکەی کەیەکێکە لەبنەماکانی نەتەوە ، بەرشەق دەدات و هێندەی دیکە خەڵک پەست و بێهیوا دەکات .
     ساڵانە لەدەوروبەری نەورۆزدا گوێمان لەگوتارێک دەبێت ، خۆویستانە - مەبەستدار ( عەمدی ) و بێمەبەست کەتەنیا بەرئەنجامی تێگەیشتن و رۆشنبیری کەسەکە خۆیەتی گوایە : موسوڵمان تەنیا دوو جەژنی هەیە ، رەنگە ئەمە بۆ عەرەب بەشێوەیەکی گشتی راستبێ ( هەرچەندە لەقوڕئاندا هاتووە و دەفەرمێ( الجمعە حج المساكین و عید المۆمنین ) ، بەڵام گەلانی موسڵمانی غەیرە عەرەب بەحوکمی جیاوازی هەڵکەوتەی جوگرافی ، ئاو و هەوا ، پاشخانی شارستانی و جیاوازی کەلتوور بەگشتی ، بێگومان جگە لە دوو جەژنە ئایینییەکە ، جەژنی میللی خۆیان هەیە و هەردەبێ هەشیانبێ
وجعلناکم شعوبا و قبائلا ) .
پەیامە مەبەستدارەکە کەدەڵێ تۆ تەنیا دوو جەژنت هەیە ، دێت لەژێر ناوی ئوممەی ئیسلامی ، رووتت دەکاتەوە و هەموو پیرۆزییە تایبەتییەکانی خۆتت لێدەستێنێ و توند لەقاڵبت دەدات ئەمە لەلایەک و ، لەلایەکی دیکەوە دەیەوێ بڵێ ئەوە منم تۆم کردووە بە مرۆڤ دەنا تۆ پێشان قەرەج بووییت و خاوەنی هیچ رواژایەکی شارستانیی نەبووییت ، رەنگە ئەم گوتارە تەنانەت بۆ خەڵکی ئەوکاتەی مەککەو مەدینەش راست نەبێ چونکە حیجاز ی ئەوکات جولەکە و مەسیحی و ئایینزای دیکەشی لێبووە و تەنانەت شێعری جاهیلی لەئاستێکی زۆر بەرزدا بووە ، ئەوانە هەمووی ئەوەمان پێدەڵێن کە خەڵک لەوێش ئەوەندە بێئاگا نەبوون ، بەڵام بۆ غەیری حجاز و بەتایبەتیش زاگرۆسییەکان ، دۆخەکە ئاسمان و رێسمان نێوانیەتی ، بفەرموون دیقەت بدەن لەو کاتەدا کەلەشکری موسڵمانان بۆ فەتح کردنی زاگرۆسییان ( ساسانییەکان ) کەوتە ڕێ ، ئایا کۆمەڵگەی حجاز یا ئیمپراتۆریەتی ساسانی لەباری کشتوکاڵ و پیشەسازی و هونەر و ئەدەب و .... هتد ، کامیان پێشکەوتوو تربوون ؟ ئیتر گوتاری تەنیا دوو جەژن بۆ ؟ کاتێک خەڵکی کوردستان بەشانازییەوە دەڵێن : رەمەزان و قوربان جەژنی ئایینیمە و نەورۆزیش جەژنی نەتەوەییمە ، ئیتر لەوە زیاتر چیت لێی دەوێ ؟
   گروپە ئیسلامییەکان بەدرێژایی مێژوو هەرخەریکی شەڕکردن و بوغزاندنی یەکدی بوون هەر لەسەردەمی موعتەزیلە و ئەشعەری تا ئێستاش درێژەی هەیە و تەنانەت خیلافی عەقائیدیشیان بەڕادەیەکە یەکدی تەکفیر دەکەن ، ئەو ناتەباییە قوڵ و بەردەوامە وایکردووە کارکردنیان لەسەر ئەقڵ و زانستە سروشتییەکان فەرامۆش بکەن و بوونەتە پاشکەوتەی گەلانی دنیا ، ئیدی لەبەر ناکۆکی نێو خۆیان ، سەیرە چۆن پڕژاونەتە سەر نەورۆز !
تا ئێستا ئەوەی وەک راستی مێژوویی پشتڕاستدەکرێتەوە کە زاگرۆس و زاگرۆسییەکان کۆنترین میللەتانی جیهانن و دنیایەک خزمەتیان بە کایە جیاجیاکانی ژیان کردووە :
1 - چاخی نیولیتیک ( هەزارەی دەیەم ) پ. ز کە مرۆڤ تێیدا جێگیر بوو ، کشتوکاڵی دۆزییەوە و ئاژەڵی ماڵی کرد ، گوندی چەرموو لەچەمچەماڵ زاگرۆسین و کورد بوون .
2 - چاخی کانزایی : زاگرۆس دیسان پێشڕەو بووە و بە دەرهێنانی کانزای مس و پاشان پوختەکردنی لە تەنوری گەورە و مەحکەمدا دەستی پێکردووە و پاشان بڕۆنز و دواتریش ئاسن .
دۆزینەوەی ئاسن قۆناغێکی زۆر گرنگ بوو توانییان خەنجەر و شمشێری لێدروست بکەن و لەیەکلاکردنەوەی جەنگەکاندا ، خاڵ و هۆکاری سەرەکی بوو .
پوختە کردنی ئاسن لەو سەردەمەدا پیشەیەکی تایبەت بوو بە بنەماڵەی پاشا ، بۆیە كاوە ئاسنگەرێكی ئاسایی نەبووە بەڵکو پاشا بووە.
گۆتی ، لۆلۆیی ، خوری ، کاشی ، ماد و ....هتد ئەمانە زاگرۆسیی بوون ، رێک ئەمەی ئێستا کەپێی دەگوترێ کوردستان ، کورد رەسەنترین و دێرینترینی زاگرۆسە، بێگومان خاوەنی دەیان داستان و ئەفسانەیە ، بۆیە شتێکی نازانستی و نائەقڵانی نییە کەدەڵێین کورد ؛ ئەگەر هەمووشی نەبێ ئەوە پشکی شێری بەردەکەوێ لەخاوەندارێتی نەورۆزدا .