شارپرێس:
تیمێکی زانایانی ئەمریکی توانیویانە بڕێکی کەم کارەبا بەرهەمبهێنن بەسودوەرگرتن لەخولانەوەی زەویی لەکێڵگە موگناتیسییەکەیدا، ئەمەش بەئەگەرێکی زۆرەوە دەرگا بەڕوی سەرچاوەیەکی نوێی وزەی پاکدا دەکاتەوە.
بیرۆکەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەکێڵگەی موگناتیسی زەویەوە بۆ چەندین سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، زانایان پێشنیازیانکردوە کە جیاوازیی خێرایی نێوان تەنێک کە لەناو کێڵگەیەکی موگناتیسیدا دەجوڵێتو خودی کێڵگەکە دەتوانێت جیاوازی پۆتانسێلی کارەبایی، یان تەوژمی کارەبایی دروست بکات.
تاقیکردنەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی پرینستۆنو تاقیگەی جێت پرۆپولشنی ناسا ئەنجامدراوە، لەسلندەرێکی کون لەفێرایتی مەنگەنیز-زینک بەکارهێنراوە کە بەگۆشەی 90 پلە لەگەڵ خولگەی خولانەوەی زەویو کێڵگەی موگناتیسی جێگیرکراوە.
سەرەڕای ئەوەی لەتاقیگەدا جێگیربوو، بەڵام خولانەوەی زەوی پۆتانسێلی کارەبایی 19 مایکرۆڤۆڵتی دروستکرد، کاتێک گۆشەی زەوی گۆڕدرا، پۆتانسێلەکە نەما، ئەمەش بیرۆکەکەی پشتڕاستکردەوە.
ئەو زانایانە ئەنجامەکانیان لەگۆڤاری Physical Review Letters بڵاوکردەوەو بەبەڵگەی سەرەتایی چەمک ناویان برد.
ئەم توێژینەوەیە لەکاتێکدایە کە پەرەسەندنی ئارەزوی وزەی بەردەوام، شانبەشانی سەرچاوەکانی دیکەی وەک وزەی خۆر، با، گەرمی زەویو ئاو، هەروەها فراوانبونی وزەی ئەتۆمیی لەفراوانبوندایە.
و: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
