توێژینەوەیەک: ژمارەی دانیشتوانی جیهان دەگاتە 10 ملیار کەس‌و ژمارەی ئێستاش ڕاستەقینە نییە

هەمەڕەنگ

29/03/2025‌ 312 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستوە کە ڕەنگە ژمارەی دانیشتوانی ڕاستەقینەی جیهان زۆر زیاتربێت لەخەمڵاندنە فەرمییەکان، بەتایبەتی لەناوچە گوندنشینەکاندا.


نەتەوەیەکگرتوەکان ژمارەی دانیشتوانی ئێستای جیهانی بەنزیکەی 8.2 ملیار کەس مەزەندە دەکات‌و پێشبینیدەکرێت، تا ناوەڕاستی ساڵانی 2080 بگاتە زیاتر لە 10 ملیار کەس.

توێژەران ئاماژەیان بەوەکردوە، سەرژمێریی نیشتمانیی دانیشتوان بەدەست کۆمەڵیک کۆتوبەندەوە دەناڵێنێت، وەک سەختی دەستگەیشتن بەناوچە دورو زیانلێکەوتوەکانی ململانێکان، ئەمەش دەبێتە هۆی کەم مەزەندەکردنی ژمارەی دانیشتوان.

زاناکان لەشیکردنەوەکەیاندا پێنج داتا سێتی جیهانییان شیکردوه‌تەوە کە بۆ خەمڵاندنی ژمارەی دانیشتوان بەکارهێنراون‌و بەراوردیان کردوە لەگەڵ داتاکانی زیانلێکەوتوانی دروستکردنی 300 بەنداو لە35 وڵاتدا، سه‌ره‌نجام بۆیان دەرکەوتوە، ڕەنگە زانیارییە فەرمییەکان لەنێوان یەک لەسەر سێ بۆ سێ لەسەر چواری دانیشتوانی گوندەکان بزر بکەن.

بەسەرنجدان بەوردی داتاکانی قەرەبوکردنەوە، ئەنجامەکان بۆشایی بەرچاویان لەئاماری دانیشتواندا ئاشکراکردوە، کە داوای دوبارە هەڵسەنگاندنەوەی وردی سەرژمێری دانیشتوانی جیهانییان کرد، بەتایبەت لەو ناوچە گوندنشینانەی کەمتر دۆكیۆمێنت کراون.