زیانێکی تری خوێ لەسەر تەندرووستیی ئاشکرا دەبێت

تەندروستی

01/04/2025‌ 694 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لێکۆڵینەوەیەکی نوێی فینلەندی  خواردنی خوێی  بە زیادبوونی مەترسیی قەڵەویی بەستۆتەوە، بەتایبەتیی قەڵەوبوونی ورگ، کە پەیوەندی بە نەخۆشیەکانی دڵ و شەکرە جۆری دووەم و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە هەیە.

توێژینەوەکە 5014 کەسی لەخۆگرتووە و پشتی بە پرسیارنامەی خۆراک و شیکاریی نمونەی میز بەستووە بۆ پێوانەکردنی وەرگرتنی سۆدیۆم.

ئەنجامەکان دەریانخستووە کە بەکارهێنانی سۆدیۆم زیاتر بووە لە سنووری پێشنیارکراوی جیهانی (5 گرام لە ڕۆژێکدا) کە گەیشتووەتە 12 گرام بۆ پیاوان و 9 گرام بۆ ئافرەتان.

لێکۆڵینەوەکە بۆی دەرکەوتووە کە ئەو خانمانەی زۆرترین سۆدیۆمیان خواردووە، ئەگەری تووشبوونیان بە قەڵەویی گشتی 4.3 هێندە زیاترە و ئەگەری تووشبوونیان بە گەورەبوونی ورگ 3.4 هێندە زیاترە، هاوکات ئەگەری تووشبوون بە قەڵەویی پیاوان 6 هێندە زیاتر بووە کاتێک چڕیی سۆدیۆم لە میزدا شیکرایەوە.

توێژەران داوای کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خوێ لە خۆراکە باوەکاندا دەکەن، بەتایبەتیی ژەمە پرۆسێس کراوەکان و ئامادەکراوەکان، بۆ کەمکردنەوەی قەڵەویی و مەترسییە تەندروستییەکانی پەیوەست بەوەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی