نووسینی سۆران حەمەڕەش
کاتێک ئەو پۆستەرەم بینی کە لەگەڵ ئەم نووسینە کورتەدا دامناوە، ڕاچڵەکیم. هەرچەندە کە بە ڕواڵەت سەیری دەکەیت وێنەیەکی سادەیە، بەڵام لە ڕاستیدا کۆی کێشەی نەتەوەی کورد دەخاتە ڕوو. من چاوەڕوانی ئەوە دەکەم کە کێشەی وا لە پۆستی خەڵکی ئاساییدا ببینم، بەڵام بینینی ئەوە لە پێشانگایەکی نێودەولەتیدا کە لەسەر خاکی کوردستان دەکرێت، جێی پرسیارە و کارەساتیشە.
ماوەیەک بەشێک لە کارەکەم پێکەشکردنی وانەی کاریگەری هێزی نەرم بوو لە گۆڕینی فکری خەڵکدا. بۆیە دەبوو بە قوڵی لە وێنە و فیلم و پەیامەکان قووڵبینەوە. وێنەکان بەهۆی ڕەنگ و زمان و ئەو شتانەی کە لەسەریانن، پەیامیان پێیە و ئامانجی کاریگەریان هەیە.
ڕاستە ئەوەی بە چاو دەبینرێت ئەوەیە کە لەسەر پۆستەرەکە نووسراوە "جیهان بە کوردی دەدوێت". بەڵام پەیامی ڕوخساری پۆستەرەکە ئەوەیە کە زمانی عەرەبی زمانی زاڵە و کوردی زمانی دووهەمینە و دەبێت عەرەبی لە کوردی زیاتر دیاربێت. واتە پەیامی پشت ئەو دێڕە، ئەوەیە کە زمانی عەرەبی گرنگترە لە کوردی.
ئەمجا دێینە خوارەوە دەبینرێت وێنەی نووسەرێکی میسری، نەجیب مەحفوز، ژنێکی عەرەبی عێراقی، زەها حەدید، زانایەکی فیزیای ئەڵمانی جوو و غاندی هندی دانراون. ئەمەش بە ڕوونی دەڵێت کە لە جیهاندا کوردێک نیە لە ئاستی جیهاندا کاریگەری هەبووبێت و شایەنی ئەوە بێت کە وێنەکەی لەسەر پۆستەری پێشانگای پەرتووکی نێودەوڵەتی دابنرێت. خۆ دەکرا وێنەی ئیبن ئەسیری مێژوونوس، شەمسەدینی شارەزووری فەیلەسوف، ئەلجەزیری زانای ڕۆبۆت و ئەندازیاری ئاو، مۆسیقاناسی جیهانی زریاب، سورەوەردی فەیلەسوف، ئەبوفیدای جوگرافیناس و مێژوونوسی جیهانی، دەریای زانست ئەبو حەنیفەی دینەوەری و سەدانی تر. خۆ ئەبوفیدای جوگرافیناس ناوی لەسەر نەخشەی مانگ بۆ هەتایی دانراوە.
بە کوردیەکەی ئەو پۆستەرە بەلایەنی بەرامبەر دەڵێت:
"جیهان ناهێنێت بە کوردی بدوێت و کوردیش کەسی نیە جێی شانازی بێت"
ئەو پۆستەرە دەکرێت ببێت بە بابەتی توێژینەوە لەسەر کێشەی قووڵی خۆبەکەمزانینی بێ بنەمانی کورد، نەک پۆستەری پێشانگای نێودەوڵەتی. هیوام وایە هەرچی زووە ئەو پۆستەرە بگۆڕێت لەبەر ئەوەی ئەو پۆستەرە لەو پەیامەی سەرەوە زیاتر هیچ شتێکی تێدا بەدی ناکرێت.
