سەرەتاى بەریەک کەوتنى نێوان ئیسرائیل و تورکیا لە سوریا

توێژینەوە و شیکاریی

04/04/2025‌ 1379 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بەختیار ئەحمەد ساڵح
پێشەکى
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی سوریا ئەنجامدا، لەوانە فڕۆکەخانەی سەربازیی حەما و بنکەی T-4، کە لە ئەنجامدا ئەو دامەزراوانە وێرانکران و کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک کەسی لێکەوتەوە. ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل نیگەرانە لە پەرەسەندنی هەژمونى تورکیا لە سوریا، کە تەلئەبیب بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دەزانێت.
پێشینەی ڕووداوەکان
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، ڕووداوەکان لە سوریا خێراتر بوون و کارەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان هەوڵی بەهێزکردنی هەژمونى خۆیان لەو وڵاتە دەدەن. تورکیا لە هەوڵی چەسپاندنی بوونی سەربازی خۆی لە سوریا بە پاڵپشتی حکومەتی نوێی سوریایە، ئەمەش نیگەرانی ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە و وایکردووە تەلئەبیب هێرشی ئاسمانی ئەنجام بدات بۆ لاوازکردنی ئەم ئامادەبوونە و ڕێگریکردن لە گواستنەوەی چەکی پێشکەوتوو بۆ ئەو لایەنانەى ئەگەر هەیە لە داهاتوودا ببنە دوژمنى.
ئامانجەکانی ئیسرائیل لە پەرەسەندنی هێرشەکان
1. لاوازکردنی ئامادەیی سەربازیی تورکیا: ئیسرائیل بەنیازە جموجۆڵە سەربازییەکانی تورکیا لە سوریا کەم بکاتەوە، لەبەر ئەوەى بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.
2. دەستەبەرکردنی باڵادەستی ئاسمانی: ئیسرائیل هەوڵدەدات باڵادەستی ئاسمانی ڕەهای خۆی لەو وڵاتەدا بپارێزێت لەڕێگەى بە ئامانجگرتنی دامەزراوە سەربازییەکان و هێزی ئاسمانی سوریا.
3. ناردنی پەیام بۆ تورکیا: ئیسرائیل لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە هۆشداری داوەتە ئەنقەرە کە دەبێت هەژمونى سەربازی خۆی لە سوریا کەم بکاتەوە.
کاردانەوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان
1. سوریا: وەزارەتی دەرەوەی سوریا هێرشەکانی ئیسرائیلی شەرمەزار کرد و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوی برد و جەختی لەوە کردەوە کە سوپای سوریا ڕێوشوێن بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتەکەی دەگرێتەبەر.
2. تورکیا: هەرچەندە تورکیا وەڵامی فەرمیی ڕاستەوخۆی نەداوەتەوە، بەڵام کوژرانی ژمارەیەک هاوڵاتى تورکیا لەو هێرشانەدا ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی گرژیی زیاتر لە نێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب.
3. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی: تا ئێستا زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و ڕووسیا بە ڕاشکاوی لەسەر ڕووداوەی لێدوانیان نەداوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامی نادڵنیایی سەبارەت بە هاوسەنگی هێز لە سوریا.
دەرئەنجامە ئەگەرییەکان: 
1. پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا: ڕەنگە ئەم هێرشانە گرژییەکانی نێوان تەلئەبیب و ئەنقەرە زیاتر بکەن و تورکیا ناچار بکەن ئامادەیی سەربازی خۆی لە سووریا بەهێزتر بکات.
2. گۆڕانی داینامیکی ململانێی سوریا: لەگەڵ زیادبوونی تێوەگلانی کارەکتەرە بیانییەکان، ڕەنگە گۆڕانی هاوپەیمانییەکان لەناو سوریا و تەنانەت ململانێی ناڕاستەوخۆی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بێتەئاراوە.
3. مەترسی ململانێی فراوانتر: ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی سوریا، ئەگەری دروستبوونى ململانێیەکی فراوانتری ناوچەیی زیاتر دەبێت.
دەرەنجام
هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بەشێکە لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ سنووردارکردنی کاریگەریی زلهێزەکانی دیکەی ناوچەیی لە سوریا. هەرچەندە هێشتا وەڵاما تورکیە بەتەواوی ڕوون نییە، بەڵام ئەم پێشهاتانە دەتوانن سەرەتای ململانێیەکى نوێ بن لە ناوچەکەدا، کە پێویستی بە چاودێری وردی پێشهاتەکانی داهاتوو هەیە.