ئەحمەدی مەلا
ئەم بەیانییە هاوڕێیەکی بەڕێز، ڤیدیۆیەکی مامۆستا سیوەیلی بۆ ناردم کە باس لە پێکهاتەی خێڵ دەکات و دواتر دەڵێ "دەبێ رێز لە خێڵ بگرین، خێڵ شتێکی خراپ نییە، بەڵام نەریتی خراپ هەیە دەبێ وەلاوەیان خەین." ئەمە ناوەڕۆکی پەیامەکەیە، دەمەوێ چەند سەرنجێک تۆمار بکەم :
١. کۆمەڵگەی کوردی لەسەر بنەمای بنەماڵە، دواتر خێڵ دروست بووە ؛
٢. هەموو خێڵێک سەرۆکێکی هەیە کە لە باوکەوە بۆ کوڕ گواستراوەتەوە ؛
٣. سنووری خێڵ جێگیر نییە، پەیوەستە بە هێزی خێڵەوە ؛
٤. ئاغا و سەرۆک خێڵی ئازا و بە ویژدان و بەخشندە هەبووە ؛
٥. بەڵام ئەمە خەسڵەتی هەموویان نەبووە ؛
٦. خێڵ بەرژەوەندی ئەندامانی خێڵ دەپارێزێت، ئەندامانی خێڵ لە پێناوە مانەوە ئامادەن گیانی خۆیان بەخت بکەن ؛
٧. پەیوەندی ئەندامانی خێڵ لەسەر بنەمای خوێن و خزمایەتییەوە بووە ؛
٨. پەیوەندیی نێوان خێڵەکان جێگیر نەبووە، رەنگە لە پێناو کانی ئاوێک یا دوو بست لە لەوڕگا شەڕی خوێناوی روویان دابێ ؛
٩. سوڵح و ئاشتبوونە و بەخشینی کچ دەبوون بە مایەی ئاشتەوایی، بەڵام، بۆ هەمیشەیی نەبووە ؛
١٠. کۆدەکانی خێڵ و نەتەوە سەر بە دوو سیستەمی جوان ؛
١١...
سەرهەڵدانی حیزب <
حیزب دیاردەیەکی مۆدێرنەیە کە لە ئەوروپاوە گەیشتە لای ئێمە، حیزی کوردی لە ناو رەحمی خێڵایەتییەوە سەریهەڵدا، وردتر لە ناو رەحمی شێخایەتییەوە، چونکە شێخایەتی و ئاغایەتی دوو رووی یەک دراون، یەکەمیان تێکەڵی ئاینە، دووەمیان لە دەرەوەی ئاینە.
حیزب لەسەر بنەمای ئەم ستروکتورە خۆی رێکخست، چونکە، خێڵ دەیتوانی هەم ئەندام کۆبکاتەوە، هەم ئەرزی لە ژێر دەستە، هەموو گوێڕایەڵی ئەندامەکانی بەڵگە نەویستە.
بەڵام، حیزب لە پێناو خێل دروست نەبوو، لە پێناو مەسەلەی کورد دروست بوو، ئیدی دەچێنە ناو پەیوەندییەکی ئاڵۆز و پێچیدەی نێوان حیزبی کوردی و پێکهاتە خێڵەکییەکەوە.
کەواتە کوردبوون لەسەرووی خێڵەوە دروست دەبێت، ئیدی نابێ بڕوای بە سنووری خاکی بە پیت و نا پیت هەبێ، ئەو بیر لە سنووری زمان دەکاتەوە کە جوگرافیا و مێژووی کورد دیاریی دەکات. حیزب بۆ ئەوەیە ستروکتوری خێڵ لە ناو سترکتوری نەتەوە بتوێنێتەوە. وەلائی تاکی کورد بۆ سنوورە نەتەوایەتییەکەی بێ نەک بۆ ئەو سنوورەی بەرژوەندییەکانی خێڵ دەپارێزێت. کوردبوون دەبێ بە یەک چاوەوە سەیری ئاغایەک و کاسبێک بکات، چونکە، هەردووک ئەندامی یەک نەتەوەن، هەموو هەوڵێک دەدات تاکو رایەڵی نێوان تاکەکان بتەوتر بکات، تاکو ئیتیمای تاک بۆسنوورێکی یەکگرتوو بێت. ئیشی نەتەوە سازیی ئەوەیە خێڵ و مەزهەب و ئاین لە خزمەتی نەتەوە بەکاربهێنێ و بڕوا بە فرەیی دین و مەزهەب بهێنێت ( بە تایبەت بۆ ئەم سەردەمەی ئێمە). خێڵ قۆناغی هەرزەکارانەی نەتەوەیە دەبێ پەیوەندییەکان ببرێتە ئاستێکی دیکە. خێڵی باش و خراپ نییە، وەک ئەوەی نەتەوەی باش و خراپ نییە...
