شارپرێس: کەنداڵ جودی
ئیبراهیم شێخۆ بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە بەکرێگیراوانی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین کشاونەتەوە، بەڵام دزی و تاڵانکردن بەردەوامەو ئێستا کورد دەگەڕێتەوە عەفرین و ڕێژەی کورد لە عەفرین بۆ 65-70% زیادی کردووە.
سەبارەت بەو پرسە و بارودۆخی گشتی عەفرین دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، ئیبراهیم شێخۆ، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، زانیاریی گرنگی بۆ شارپرێس خستەڕوو، ڕایگەیاند کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە دۆخی عەفرین گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە.
سەبارەت بە پرسیاری ئایا بەکرێگیراوانی تورکیا لە عەفرین کشاونەتەوە یان نا؟ شێخۆ بەم شێوەیە وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە: "ژمارەیەکی زۆر لە چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین کشاونەتەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان هێشتا لە عەفرینن، ئەو چەتانەی کە ماونەتەوە ئێستا خۆیان لە ژێر ناوی بەشی ئاسایشی گشتی ناوخۆی حکومەت ڕێکخستووە، بە مەبەستی شاردنەوەی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان".
شێخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، نەک تەنها گروپە چەتەکان، بەڵکو خێزانەکانیان و خێزانە عەرەبەکانی تر کە لە ناوچەکانی دیکەی سوریاوە هاتوون، عەفرینیان بەجێهێشتووە بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە عەرەبەکان لە عەفرین ماون".
ئیبراهیم شێخۆ دەشڵێت "لە عەفرین، ئەو چەتانەی خۆیان لە ژێر ناوی ئاسایشی گشتی ڕێکخستووە، جارێکی دیکە شەوانە دەستیان بە دزی و تاڵانکردن کردووە، نزیکەی هەموو ڕۆژێک ئەو چەتانە کردەوەی دزی و تاڵانکردنی موڵکی کورد ئەنجام دەدەن".
سەبارەت بە پرسی گەڕانەوەی کورد بۆ عەفرین، شێخۆ وتی: گەڕانەوەی کورد بۆ عەفرین زۆر ئاسان بووە، بەتایبەتی لەنێوان حەلەب و عەفرین، ئیتر هیچ بەربەستێکی گەورە لەبەردەم گەڕانەوەیان نەماوە، تەنها بازگەی چەتەکان ماوە.
ئیبراهیم شێخۆ ڕایگەیاند، دوای گەڕانەوەی وردە وردەی خەڵکی عەفرین، دەتوانرێت بڵێین ئێستا ڕێژەی کورد لە عەفرین لە سەدا 20ەوە بۆ سەدا 65-70 زیادیکردوە هەروەها ڕێژەی عەرەب لە عەفرین بۆ سەدا 20 دابەزیوە.
ناوچەی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی 2018 لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانیەوە داگیرکرا، لە ئەنجامدا دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانییەوە تا ئێستا هەزاران کوردی کوشتووە و گۆڕانکارییەکی گەورەی دیمۆگرافی لە عەفرین دروستکردووە، بەجۆرێک ڕێژەی کورد لە عەفرین بۆ کەمتر لە 20% دابەزیبوو. لە هەمان کاتدا دەوڵەتی تورکیا بنەماڵەی عەرەبی ناوچەکانی دیکەی سوریا و بنەماڵەی تورکمانی لە شوێنی کورد داناوە.
