شارپرێس:
میدیا جیهانییو ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، تەلئەبیب نیگەرانە لەئەگەری گەیشتن بەڕێککەوتنێکی "مامناوەند" یان "خراپ" لەنێوان ئێرانو ئەمریکا لەسەر بەرنامەی ئهتۆمى ئێران کە ڕەنگە لەداهاتودا توانای مامەڵەکردنی تەلئەبیب دژ بەئێران سنوردار بکات.
ڕۆژنامەی هائارتز بڵاویکردوهتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێیوایە ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکاو ئێران بەس نییە بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکانی ئێران، بەڵام ڕەنگە لەترسی وەڵامدانەوەی ئەمریکا ناچاربێت ئەو ڕێککەوتنە قبوڵبکات.
هەروەک ڕۆژنامەی "زە یۆرشەلیم پۆست" بڵاویکردوهتەوە، ئەم نیگەرانیانە بەتایبەتیی لەناو سەرکردە هەواڵگرییە سەربازییەکان چڕبونەتەوە، کە ڕەنگە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات ئەگەر ئەنجامبدرێت، بە"مامناوەند" وەسفدەکەنو ڕەنگە کاری داهاتوی ئیسرائیل لەدژی تاران تێکبدات.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا کورتەیەک لەوردەکارییەکانی خولی یەکەمی دانوستانەکانی بەبەرپرسانی ئیسرائیل داوە، ئەمەش نیگەرانییەکانیان زیاترکردوە، بەتایبەتی بەلەبەرچاوگرتنی ئەگەری لابردنی بەشێک لەیۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بەڕێژەی 60٪ بەبێ دڵنیابون لەوەی کە پێشکەوتنی ئەتۆمی ئێران ڕادەگیرێت.
ئیسرائیل وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر حاڵەتێکی نائاسایی، ئامادەکارییە سەربازییەکانی بەردەوامەو سیستەمی فریاگوزاریی خۆی نوێدەکاتەوە لەپێشبینی شکستی دانوستانەکاندا.
