سودانی سەردانێکی کتوپڕی بۆ قەتەر ئەنجامدا

عیراق

17/04/2025‌ 535 جار خوێندراوه‌ته‌وه


سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی نزیک لە حکومەتی عێراق ئاشکرای کرد کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانێکی خێرای بۆ قەتەر ئەنجامداوە، لەو سەردانەدا لەگەڵ میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی ، و ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا کۆبووەتەوە، بە ئامادەبوونی میری قەتەر.

سەرچاوەکە بەئاژانسی هەواڵی عێراق (INA) وتووە "ئەو کۆبوونەوە سێ قۆڵییە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوە خێرایانەی لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە کراوە، بەتایبەتی ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات، بەو پێیەی سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق لە نزیکەوە چاودێری ئەو پێشهاتانە دەکات کە لەم وڵاتە دراوسێیەدا ڕوودەدەن، هەروەها بوونی سەربازیی ئیسرائیل لەسەر خاکەکەی. ".

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، سودانی هەڵوێستی پتەو و پرەنسیپی عێراقی دووپاتکردەوە، داوای پرۆسەیەکی سیاسی هەمەلایەنە و پاراستنی هەمەجۆریی کۆمەڵایەتی و ئایینی و نەتەوەیی لە سوریا و هەروەها پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان و ماڵی خودا و شوێنی پەرستن بۆ هەموو ئەو گروپە دانیشتووانانەی کە گەلی برای سوریا پێکدەهێنن، و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی دوای ئەو ڕووداوانەی کە لەگەڵ مەزهەبی عەلەوییەکان ڕوویاندا لەوێ.

هاوکات سودانی لەم دیدارەدا وتویەتی "عێراق جەخت لەسەر گرنگی هەنگاوی کردەیی و جددی حکوومەتی نوێی سووریا دەکاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعشی تیرۆریستی".

سودانی وتوشیەتی کە پێشکەوتنی بەرجەستە لەم پرسانەدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بنیاتنانی پەرەسەندنی پەیوەندییەکان و دامەزراندنی میکانیزمی هاوکاری کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی دوو وڵاتی برای بکات و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەرز بکاتەوە.