ئه‌مریكاو ئێران كۆده‌بنه‌وه‌.. نوێنه‌رانى ئێران‌و واشنتۆن گه‌یشتنه‌ ڕۆما

جیهان

19/04/2025‌ 5213 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیاروایه‌ ئەمڕۆ گەڕی دوەمی دانوستانەکانی وه‌فدى باڵای ئەمریکاو کۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمی‌و ڕێککەوتنێکی نوێی نێوانیان بەڕێوەبچێت.


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لەزاری چەند سەرچاوەیەکی دیبلۆماتی ئەوروپیه‌وه‌ ئاشكرایكردوه‌، ڕافایل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، بەشداریی دانوستانەکانی ئەمڕۆى ڕۆما ده‌كات، بەڵام گوماندەکرێت زانیارییەکی نوێ‌و تەواوی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی لەبەردەستدابێت.

هەروەها بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان به‌وه‌داوە، "ڕون نییە، ئاخۆ ئێران زانیاریی وردو نەزانراوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەدەستەوە دەدات، کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی داوای دەکات؟ چونکە بەبێ بونی زانیاریی ورد، دانوستان‌و نزیکبونەوە مەحاڵە".

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، پێشبینیدەکرێت لەدانوستانەکانی ئەمڕۆدا هەوڵبدرێت لەسەر دانانی چوارچێوەیەکی گشتی‌و نوێ بۆ ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بگەنە ئەنجام، بەڵام بەو مەرجەی ئێران زانیاریی‌و ڕونکردنەوەی تەواو بدات.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، دوای سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی گەیشتوتە ڕۆماو بەهەمانشێوە ستیڤ ویتکۆف نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتوەو دانوستانەکان بەنێوەندگیری عوممان بەڕێوەدەچێت.

ئەمەش دوای هەفتەیەک دێت لەبەڕێوەچونی گەڕی یەکەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی هەردولا لەمەسقەت، کە هەردولا بەئەنجامەکانی گەڕی یەکەم دانوستان گەشبین بون.