باربارا لیف: ئەوکاتەی دیاریکراوە بۆ چارەسه‌رکردنی کێشەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران زۆرکەمە

کوردستان

19/04/2025‌ 6300 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌رپرسێكى ئه‌مریكى هه‌ڵوێستى خۆى له‌باره‌ى نه‌وتى هه‌رێمه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هۆكارى هه‌نارده‌نه‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان سیاسییه‌"، ده‌شڵێت:"گروپه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق هاوشێوەی شێرپەنجەن"، باس له‌ئیداره‌ى ئه‌مریكاش ده‌كات‌و ده‌ڵێت:"ئه‌گه‌رچى کورد دەتوانێت ڕۆڵی سەقامگیر لەعێراق‌و سوریا بگێڕێت، بەڵام تائێستا سیاسەتی ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕون نییەو نازانین چۆن دەبێت".


باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرایكردوه‌، "پرسی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم کێشەیەک بوو ئیدارەی بایدن کاری لەسەردەکرد، بەڵام بەداخەوە ئەوکات ئێمە نەمانتوانی بگەینە ڕێککەوتنێک بۆ ئەوەی دوبارە نەوته‌كه‌ هەناردە بکرێتەوە، هیوادارم ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ یارمەتیدەربێت بۆ ڕێککەوتنێکی باش تا دوبارە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە".

به‌وته‌ى بار بارا، "بەشێک لەکێشەکانی هەناردەنه‌کردنه‌وه‌ى نەوتی هەرێم سیاسین‌و بەشێکیشیان هونەرین، هەروەها بەبونی نییەتێکی باشی سیاسی ڕێڕەوێکی باش بۆ پێشەوە هەیە کە ئەمەش لەبەرژەوەندیی هەمولایەکە؛ عێراق، هەرێمی کوردستان‌و ته‌نانه‌ت تورکیاش، ئێستا پەیوەندییەکانی هەولێرو بەغدا لەئاستێکی باشدایە، هیواخوازم بەبونی هاندەرێکی بچوک لەلایەن واشنتۆنەوە لایەنەکان بتوانن کێشەکانیان چارەسه‌ربکەن‌و هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە".

سه‌باره‌ت به‌فیدراڵییەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باربارا لیف وتى:"لەچەند شوێنیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهەڵە لەچەمکی فیدراڵییەت تێگەیشتون، بەڵکو لێشی دەترسن، چونکە حکومەتەکان بەدابەشبونی وڵات لێکی دەدەنەوە، بەڵام دەکرێت فیدراڵییەت زۆر بەرهەمداربێت‌و ئۆتۆنۆمییەکی زیاتر لەڕوی کولتوری‌و ئابورییەوە بەکۆمەڵگەکان بدات".

هه‌روه‌ك هه‌ڵوێستى خۆى لەبارەی گروپە چەکدارەکانی عێراقەوە ئاشكراكردو نه‌یشارده‌وه‌، "گروپە چەکدارەکان وەک شێرپەنجە وان لەعێراق، ئەوان سەقامگیریی‌و ئاسایشی عێراق توشی شکست‌و داڕمان دەکەن، هەروەها وەک ڕاوچییەک وان بەگوێۆه‌ى بڕیارەکانی حکومەت مامەڵە ناکەن، بەڵکو لەژێر فەرمانی هەندێک لایەنە دیکە مامەڵە دەکەن، هیوادارم حکومەتی عێراق بتوانێت گروپە چەکدارەکان کۆنترۆڵبکات، بەڵام نایشارمه‌وه‌ کە کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن حکومەتەوە کارێکی سەختەو ئەستەمە بەو ئاسانییە بکرێت".

لەبارەی مەترسییەکانی گروپە چەکدارەکانیشەوە، باربارا لیف له‌دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ میدیاى نزیك له‌پارتى وتویه‌تى:"ئەگەر بەخێرایی کۆنترۆڵنەکرێن مەترسی لەسەر وڵات‌و کۆمەڵگە دەبێت، بەڵکو هەڕەشەن بۆ سەر وڵاتانی دیکەش، لەچەند ساڵی ڕابردوش بینیمان هێرشیانکردەسەر کوه‌یت، ئیمارات‌و سعودییەش".

باسى له‌دانوستانەکانی نێوان ئەمریکاو ئێرانیش كردوه‌و ڕایگه‌یاندوه‌، "دانوستانەکانی نێوانیان سەرەتایەکی باشەو یه‌كه‌میان بەدیدی هەردوو وڵات ئەرێنی بوە، بەڵام کاتێک دەچنە نێو وردەکاری زیاتر دانوستانەکان سەختر دەبن، هەمیشە لەو بڕوایەدابومە کە دەبێت ئەمریکا پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئێراندا هەبێت بۆ مەبەستی چارەکردنی کێشەکان، ئەوکاتەشی دیاریکراوە بۆ چارەسه‌رکردنی کێشەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران زۆرکەمە، لەو بڕوایەدا نیم کە کێشەکانی نێوانیان بەدوو مانگ چارەسه‌ربکرێن، ئەگەر لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تارانیش ڕێکنەکەوتن، بڕوا ناکەم دۆناڵد ترەمپ بژاردەی سەربازیی بەکاربهێنێت، ئەو نایەوێت میراتەکەی جەنگێکی نوێ بێت".

له‌كۆتایی له‌دیداره‌كه‌یدا ئاماژه‌ى به‌ڕۆڵی کورد كردو جەختیکردەوە، "کورد دەتوانێت ڕۆڵێکی سەقامگیر لەعێراق‌و سوریاو به‌گشتیى له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بگێڕێت، بەڵام تائێستا سیاسەتی ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕون نییەو ناشزانم چۆن دەبێت".