ڕاوێژكارى خامنه‌یى: بۆ ڕێكه‌وتنى هاوسه‌نگ چوینه‌ته‌ ڕۆما نه‌ك بۆ ته‌سلیم بون

جیهان

19/04/2025‌ 3074 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە؛ ئەمڕۆ گەڕى دوەمی دانوستانەکانی نێوان تاران‌و واشنتۆن لەڕۆما بەنێوەندگیریی عومان بەڕێوەدەچێت، ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێرانیش ده‌ڵێت:"بۆ ڕێککەوتنی هاوسەنگ چوینەتە ڕۆما، نەک تەسلیم بون".


عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری عه‌لى خامنه‌یى ڕێبەری باڵاى ئێران لەلاپەڕەی خۆیدا لەئێكس نوسیویه‌تى، دانوستانکارانی ئێران بەدەسەڵاتی تەواوەوە بەرەو ڕۆما بەڕێکەوتن بۆ پەیڕەوکردنی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە لەسەر بنەمای نوێ، جددی، گەرەنتیدار، هاوسەنگ‌و هەڵگرتنی سزاکان، نەک مۆدێلی لیبیا/ئیمارات‌و بۆ دورکەوتنەوە لەهەڕەشە، خێرایی، کۆنتڕۆڵکردنی دەستدرێژکاران (وەک ئیسرائیل)و ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنان، ئێران بۆ ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ چوه‌ته‌ ڕۆما نەک بۆ تەسلیم بون".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران به‌ر له‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى كۆبونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و وتى:"چەند خولەکێک پێش دەستپێكردنی دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی نێوان تاران‌و واشنتۆن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەمان، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تاجانی وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتاڵیا لەسەر پەیوەندیی نێوان هەردو وڵات کۆبوینه‌وه‌".

وتوشیه‌تى، بەئامادەبونی وەزیری دەرەوەی عوممان كە وەك نێوەندگیر گفتوگۆكانی ئێران‌و ئەمریكا بۆ لایەنەكانی بەرامبەر دەگوازێتەوە دەستیان بەكۆبونەوەكانیان كردوە.

دوێنێ هەینی، وەزیری دەرەوەی ئێران وتبوى، ڕۆما میوانداریی دانوستانەکان نییە، بەڵکو شوێنی دانوستانەکانە، بەڵام عوممان وەك میوانداری دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران‌و ئەمریکا دەمێنێتەوە.

هاوكات، بەرپرسێكی باڵای ئێران كە ڕەتیكردوەتەوە ناوه‌كه‌ى ئاشكرابكرێت، بەئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی وتوه‌، "لەگەڕی یەكەم لەدانوستانەكانی مەسقەتی نێوان وڵاتەكەی‌و ئەمریكا، تاران ئامادەیی بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرمنیۆم دەربڕیوە".