ئەڵمانیا بڕیارێك دژى توركیا ده‌رده‌كات

جیهان

19/04/2025‌ 4529 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەڵمانیا فرۆشتنی فڕۆکەی "یۆرۆ فایتەر تایفۆن"ی بەتورکیا ڕاگرت‌و ڕۆژنامەی هەندێلسبلاتی ئەڵمانیش بڵاویکردوه‌تەوە، حکومەتی ئەڵمانیا بەسەرۆکایەتیی پارتی سۆسیال دیموکرات‌و پارتی سەوز، بەهۆی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ‌و کاندیدی پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) بۆ سەرۆکایەتیی تورکیا، فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی "یۆرۆفایتەر تایفۆن"ی بۆ تورکیا ڕاگرت.


ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بڕیارە دوای ڕاوێژی نهێنی لەنێوان بەرپرسانی حکومەتی ئەڵمانیا هاتوە کە بەرلین دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو بە"هێرش بۆسەر دیموکراسی تورکیا" هەژمارکردوە.

هەرچەندە ئۆلاف شۆڵز ڕاوێژکاریی ئەڵمانیا کە خۆی ئامادەدەکات بۆ ڕادەستکردنی پۆستەکەی لەمانگی ئایاردا بەفریدریش مێرز لەئۆکتۆبەری 2024 لەسەردانەکەیدا بۆ ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی فرۆشتنی فڕۆکەکە بەتورکیا دەستیپێکردوە، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا پاشەکشە بکات بەهۆی پێشهاتە سیاسییەکانی ئەمدوایەی ئەو وڵاتە.

فڕۆکەی یۆرۆ فایتەر تایفۆن بەهاوبەشیی  لەنێوان ئەڵمانیاو ئیتاڵیاو ئیسپانیاو ئینگلتەرا بەرهەمدەهێنرێن، بەڵام تائێستا ئەڵمانیا لەناو ئەو هاوبەشانەدا ڕازیی نییە فڕۆکەکە بەتورکیا بفرۆشێت.

تورکیا دوای نائومێدبونی لەکڕینی فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی، ئێستا بەدوای کڕینی 40 فڕۆکەی یۆرۆ فایتەردا دەگەڕێت کە هاتنی ئەم فڕۆکانە بۆ هێزی ئاسمانیی تورکیا پێشکەوتنێکی بەرچاو دەبێت، چونکە یەکەم فڕۆکە دەبن کە بەتەکنەلۆژیای ڕاداری سکانی ئەلیکترۆنی چالاک (AESA) لەکەشتیوانی ئەم وڵاتەدا تەیارکراون.

یۆرۆ فیاتەر توانایەکی بەرچاوی لەشەڕی ئاسمانیی‌و هێرشی زەمینیدا هەیە، ئەم فڕۆکەیە بەسیستەمی ئەلیکترۆنیی‌و چەکی پێشکەوتوو تەیارکراوە.