شارپرێس:
ئیسرائیل لەبەر ڕۆشنایی ئەگەری گەیشتن بەڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی لەنێوان ئەمریکاو ئێران کە خزمەت بەبەرژەوەندییەکانی نەکات، بەلەبەرچاوگرتنی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان هەردولا، بژاردە ستراتیژییەکانی خۆی تاووتوێدەکات.
ئەو بژاردانەی لەبەردەستی تەلئەبیبدایە، لەدەستپێکردنی هێرشی سەربازیی پێشوەختە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە دەستپێدەکات تادەگاتە بەشداریکردن لەگفتوگۆیەکی فراوانتر لەگەڵ واشنتۆن بۆ بەدەستهێنانی گەرەنتیی ئەمنیی، لەوانەش دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو و مەشقی تایبەتمەند.
ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە کە ئەم ڕێککەوتنە ئابوریی ئێران بەهێزتر بکاتو تاران بتوانێت توانا سەربازییەکانی پەرەپێبداتو هەژمونە ناوچەییەکەی فراوانتر بکات.
شرۆڤەکاران پێیانوایە هەر ڕێککەوتنێک کە سنوردارکردنی توند بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا نەسەپێنێت، دەتوانێت لەداهاتودا ڕێگە بۆ خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمیی بکاتەوە کە ئیسرائیل بەهەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دەزانێت.
خەمڵاندنەکان لەتەلئەبیب ئاماژە بەوەدەکەن، ڕێککەوتنێکی ناڕەزامەند هەژمونی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاواز دەکاتو دەرفەتێکی زیاتر بەڕوسیاو چین دەدات بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی خۆیان لەناوچەکەدا.
لەکاتێکدا سەرچاوە فەرمییەکانی ئیسرائیل هیچ نهێنییەکیان لەئامادەیی خۆیان بۆ هێرشی سەربازیی نەشاردەوە ئەگەر ڕێککەوتنەکە بەهەڕەشەیەکی بونیادیی بزانن، هەندێکی دیکە پێیانوایە لێکتێگەیشتن لەگەڵ واشنتۆن لەم قۆناغەدا کاریگەرترە.
لەبەرامبەردا ئێران بەگوێرەی لێدوانەکانی عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، بەپێچەوانەی وتووێژە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ واشنتۆن کە لەڕۆما بەڕێوەچوو، بەئەرێنیو بونیادنەر ڕاگەیاند، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی کە بەرەوپێشچونێکی بەئاگاییانە لەم دۆسییە ئاڵۆزەدا بەدیهاتوە.
