شارپرێس:
حسێن سەلیمی سەرۆکی کۆمەڵەی وەبەرهێنانی هاوبەشی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندوە، ئەگەر وتووێژەکانی نێوان تارانو واشنتۆن بەرەو پێشەوەبچێت، کەرتی نەوتی ئێران دیارترین شوێنی وەبەرهێنانەکانی ئەمریکا دەبێت.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ڕونیکردوهتەوە، کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکی وەک شێڵ توانای جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورەیان لەم کەرتە هەیە.
ئاماژەی بەوەداوه، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە 7 بۆ 3 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا کەمبوەتەوە بەهۆی سزاکانو لاوازیی وەبەرهێنانەوە.
سەلیمی جەختی لەوەکردوهتەوە، باشتربونی پەیوەندییەکان دەتوانێت زەمینە بۆ گەڕانەوەی سەرمایەی ئەمریکا خۆشبکات کە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی داهاتو دابینکردنی دراوی بیانی، ئەمە جگە لەگواستنەوەی تەکنۆلۆژیاو کەرەستەی سەردەم، کە دەتوانێت هانی وڵاتانی دیکە بدات بۆ چونە ناو بازاڕی ئێران.
ناوبراو ئەزمونی ئێرانی بەئەزمونی چینو تورکیا لەڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بەراوردکردوەو ئاماژەی بەوەکرد، ئێران شانازی بەسامانی سروشتیو هێزی کاری کەم تێچوی دەکات کە ئەمەش تێچوی بەرهەمهێنان بەڕێژەی 50% لە چاو ڕۆژئاوا کەمدەکاتەوە.
هەروەک ئاماژەی بەگرنگی هەمەچەشنکردنی هەناردەکردنو پەرەپێدانی کارامەیی کردوەو جەختی لەوەکردەوە، وەبەرهێنانە ڕۆژئاواییەکان دەتوانن یارمەتیی ئێران بدەن بۆ فراوانکردنی هەناردەکردنی کاڵای نا نەوتی.
