عه‌مار حه‌كیم په‌یامێك ئاراسته‌ى سه‌در ده‌كات

عیراق

20/04/2025‌ 9631 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عەمار حەکیم داوا لەموقتەدا سەدر دەکات بایکۆتی هەڵبژاردن نەکات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هەڵبژاردنی ئەمجارە یەکلاکەرەوە دەبێت".


عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی ڕایگەیاند، "گرنگە هەموو هێزەکان‌و بەتایبەتی موقتەدا سەدر، بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو بکەن، چونکە ئەمە لەپێناو سەقامگیریی وڵاتدایە".

بەوتەی عه‌مار حه‌كیم، "هەڵبژاردنی ئەمجارە هاوشێوەی هەڵبژاردنی ساڵی 2005 بۆ عێراق یەکلاکەرەوە دەبێت، سەرباری ئەو ئاڵۆزیی‌و گۆڕانکارییانەی لەناوچەکە ڕوو دەدەن، بەڵام عێراق جۆرێک لەسەقامگیریی هەیە، پێویستە بەهەموانەوە پارێزگاری لەو سەقامگیرییە بکەین".

ڕۆژی 16ی نیسانی 2025، لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لەنامەیەکدا داوای لەموقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە کرد بەبڕیاری بەشدارینەکردنی لەهەڵبژاردنی داهاتودا بچێتەوەو بایکۆت نەکات.

لەوەڵامی نامەکەی سەرۆک کۆماردا، موقتەدا سەدر، وتی:"بۆ ئەوە لەهەڵبژاردن دورنەکەوتمەوە تا هەڵبژاردن دوابخەم یاخود هەڵیپەسێرم، من لەگەڵ دزانی سەدەو دوژمنانی نیشتمان ناچمە نێو پرۆسەیەکی سیاسی، بەڵکو وەک سەربازێکی نیشتمان دەمێنمەوە".

ڕۆژی 9ى ئه‌م مانگه‌ ئەنجومەنی وەزیران بەزۆرینەی دەنگ 11ى 11ى ئه‌مساڵى وەکو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق دیاریکرد، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەستی بەئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکە کردوە.