ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى له‌باره‌ى هاتنى ئه‌حمه‌د شه‌رع بۆ به‌غدا وه‌ڵامى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق ده‌داته‌وه‌

عیراق

20/04/2025‌ 15899 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌باره‌ى هاتنى ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆك كۆمارى سوریا بۆ به‌غدا پرسیارێك ئاراسته‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى ده‌كات‌و ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش وه‌ڵامده‌داته‌وه‌، په‌رله‌مانتارێكى عێراقیش وه‌ڵامه‌كه‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى ئاشكراده‌كات.


پەرلەمانتار مستەفا جەبار سەند، دەڵێت، وەزارەتی دەرەوەی عێراق نوسراوێكی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كردوەو تیایدا پرسیاری ئەوەیكردوە، ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سوریا، داواكراوە لەلایەن دادگای عێراقەوە یان نا، ئەنجومەنی باڵای داوەری عێراق لەوەڵامدا وتویەتی، "بەڵێ‌ ناوبراو داواكراوە لەلایەن دادگای عێراقەوە".

ئەو پەرلەمانتارە لەگرتەیەكی ڤیدیۆدا جەختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، "بەمزوانە ئەو نوسراوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بەشێوەیەكی فەرمی دەبینن‌و بڵاوده‌بێته‌وه‌".

لەدوای دیدارەكەی محمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سوریا لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لەدەوحەی پایتەختی قەتەر، بەشێك لەشیعەكانی هاوپەیمانی ئێران، هەڵمەتێكى راگەیاندنی توندیان دژی سودانی دەستپێكردوەو بەئاشكرا دژایه‌تى هاتنی سەرۆكی سوریان بۆ بەغدا بەمەبەستی بەشداریكردن لەكۆنگرەی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی كردوه‌ كە بڕیارە لەناوەڕاستی مانگی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت.

لەتازەترین كاردانەوەی هێزە سیاسیە شیعەكانی عێراقیشدا، قەیس خەزعەلی ئەمینداری میلیشیای عەسائیبی ئەهلی هەق-یش وتویه‌تى، "سەرۆكی سوریا داواكراوە لەلایەن دادگای عێراقەوە، بۆیە هاتنی بۆ بەغدا ڕەنگە لێكەوتەی خراپی هەبێت‌و لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیربكرێت".