هێرشەكانی توركیا لەبادینان بەردەوامە

کوردستان

20/04/2025‌ 213 جار خوێندراوه‌ته‌وه



لە بەیاننامەیەكدا ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) دەڵێت هێرشەكانی سوپای توركیا بەردەوامن.

هەپەگە دەڵێت "ڕۆژی ١٨ی نیسان تونێلەكانی بەرخۆدانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدیە لە هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ جارێك بە تەقەمەنی قەدەغەكراو بۆردومان كرا. گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار لە هەڕێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ، جارێك لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانەوە بۆردومان كرا".

هەروەها دەڵێت "ڕۆژانی ١٨و ١٩ی نیسان، گۆڕەپانی لولان لە هەڕێمی خاكورك ٥ جار، گۆڕەپانەكانی زێوكە، گەرگاشە، سپیندار، مژێ و دێرەشە لە هەرێمی گارێ ١١٥ جار، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شێلازێ و بێشیلی لە هەڕێمی مەتینا ١٤جار، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدیە و شاخی بەهار لە هەڕێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ ٢٢٤ جار و بە گشتی ٣٥٨ جار گۆڕەپانەكان بە چەكی قورس، تۆپ و دوورهاوێژ بوردومان كراون".

لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە "لە ١٨ی نیسان  دوورهاوێژێك تونێل و پێگەكانی ئێمەی لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەرگەلێ كە دەكەوێتە هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ بۆردومان دەكرد، لەلایەن یەكینەی شەهید ئاخین موشەوە بە ڕێگەی درۆنەوە لێیدرا و تەقێنرایەوە. ئەم ئۆپەراسیۆنە لە وەڵامی هێرشە چڕەكانی سوپای داگیركەری توركدا ئەنجامدرا".