شارپرێس:
ناوەندێکی توێژینەوە هۆشداریدەداتە وڵاتانى ئهوروپاو ڕایدهگهیهنێت، ئێران لەڕێگهی ماندوکردنی نەیارەکانییەوە دەستکەوتی ستراتیژیی بەدەستدەهێنێت.
ناوەندی قودس بۆ کاروباری دەرەوەو ئەمنیی لەشیکارییەکدا پرسیاری ئەوەی وروژاندوە کە ئایا ڕۆژئاوایەکان جارێکی دیکە لەکاتی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێرانو ئەمریکادا دەکەونە نێو "تەڵەی فارس"ەوەو ئێران بێ هیچ سازشێکی ئەووتۆ دەستکەوتی ستراتیژیی بەدەستدەهێنێت.
لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، تاران پێیوایە دەکرێت ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 بەدەستکارییەکی بچوکەوە کارابکرێتەوەو دواتر وەک دەستکەوتێکی ئەمریکی پێشکەشی بکات.
ڕونیشیکردوهتەوە، ئێران ڕێبازی دەستی دەستیکردن پەیڕەو دەکات بۆ ماندوکردنی لایەنە نەیارەکانیو دواجار بەبێئەوەی هیچ سازشێکی ڕاستەقینە بکات دەستکەوتی ستراتیژی بەدەستدەهێنێت.
لەشیکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئێران لەئێستادا لەگەڵ بارودۆخی سەختی ناوخۆدا بەرەوڕوو بوەتەوە، لەوانە قەیرانی ئابوریی سەخت، وشکەساڵیی سەخت، داڕمانی کەرتی کشتوکاڵو ڕێژەی هەڵاوسانی بەرچاو، ئەمە جگە لەدابەزینی نرخی دراوی ئەو وڵاتە.
باس لەوەشکراوە، نزیکەی 85%ی هەناردەی نەوتی ئێران کە دەکاتە یەک ملیۆنو 800 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا، بەنرخێکی داشکاندراو بەچین دەفرۆشرێتو بەشێکی بەرچاو لەداهاتەکەی بۆ سوپای پاسداران دەڕوات.
سەرەڕای ئەم ئاڵنگارییانە، ئێران لەماوەی ساڵانی ڕابردودا ملیارەها دۆلاری لەهاوپەیمانە ناوچەییەکانی وەک ڕژێمی سوریاو حوسییەکانو حزبوڵڵا خەرجکردوە، ئەم پێداگرییە ڕەنگدانەوەی ئاراستەی ئایدیۆلۆژیی ڕژێمی ئێرانە کە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ڕۆژئاواو ئیسرائیل بەبەشێک لەشەرعیەتی خۆی دەزانێت.
هەروەک ناوەندەکە ئاماژەی بەدوبەرەکیی لەناو سەرکردایەتیی ئێراندا کردوە کە فەرماندە باڵا سەربازییەکانو سوپای پاسداران پشتیوانیی لەهەڵوێستێکی توندڕەو دەکەن، لەکاتێکدا سەرۆک مەسعود پزیشکییان هەوڵدەدات پراگماتیزم لەچوارچێوەیەکی ئایدیۆلۆژیی ئایینیدا بەرەوپێش ببات کە پێویست دەکات بەهێز دەربکەوێت.
شیکارییەکە تیشکیخستوهتەسەر کەڵکوەرگرتن لەپرەنسیپی "تەقییە" لەلایەن ئێرانەوە، کە ڕێگەی پێدەدات مەبەستی ڕاستەقینەی خۆی بۆ دەستکەوتی ستراتیژیی بشارێتەوەو گەڕانەوەی گریمانکراو بۆ دانوستانەکان تەنها تاکتیکێکی کاتییە.
پەیمانگاکە هێمای بۆ ئەوەشکردوە کە وادەی گرنگ لەمانگی تشرینی یەکەمی 2025 دەبێت، لەگەڵ تەواوبونی ئەو کۆتوبەندانە دەبێت کە بەبڕیاری ژمارە 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان سەپێنراون کە دەرگا بەڕوی ئێراندا دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەشێوەی نیمچە ئاشکرا.
ناوەندەکە کۆتاییدا چەند ڕاسپاردەیەکی پێشکەشکردوەو داوایکردوە کە هەنگاوی هاوبەشی نێوان ئیسرائیلو ئەمریکا بەتایبەتیی لەگەڵ ڕاوێژکارانی ترهمپو گەورە کۆمارییەکان بگەنە ڕێککەوتنێکی توند کە پشکنینی تەواوو بێ مەرجی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لەخۆبگرێت، هاوکات پەیامێکی ڕون بۆ تاران بنێردرێت کە هەر دواخستنێک بەوەڵامدانەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ بەرەوڕوی دەبێتەوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ڕۆژئاواییەکان نەکەونە ناو "تەڵەی فارس"ەوە.
